كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

زنجیرە درامای (چیرۆكەكانی گەڕەكی ئێمە) لە مانگی رەمەزاندا پەخش دەكرێت

 

ناوەندی گاڤ بۆ بەرھەمھێنانی کاری تەلەڤزیۆنی و سینەمایی کوردی، بە سپۆنسەریی دەزگای سەتەلایتی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی نوێوە سەرقاڵی بەرھەمھێنانی زنجیرەدرامایەکی تەلەڤزیۆنیی كۆمیدیین بە ناوی «چیرۆکەکانی گەڕەکی ئێمە» و وا بڕیارە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا، لە كەناڵ ئاسمانیی (كوردستان تی ڤی) دەست بە پەخشكردنی بكرێت.

لەم بارەیەوە لوقمان غەریب، سیناریست و دەرهێنەری زنجیرەدراماكە لە لێدوانێكدا بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: ”ژمارەی ئەڵقەکانی ئەم زنجیرەدراما نوێیە ١٥ پازدە ئەڵقەیە و ھەر ئەڵقەیەک بەسەرھات و چیرۆکێکی سەربەخۆیە، ناوەڕۆکی زۆبەربەی ئەڵقەکان لە چیرۆکە تەنزئامێزەکانی نووسەر و رۆژنامەوانی كورد بەرھەم عەلی و نووسەری جیھانی عەزیز نەسینە“.

ئاشكراشی كرد: ”ئەم بەرھەمە بە بەشداریی ژمارەیەکی دیار لە ھونەرمەندانی ناسراوی کوردستان، دیمەنەكانی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری تۆمار کراون، لەوانە ھونەرمەندان (عەبدولی حەمەجوان، ئەیام ئەکرەم، ئەحمەد ڕەووف، ڕێزان فەرەج، عەبدوڵای خەیات، شاناز محەمەد، شێرزاد پۆلیس، کەمال چالاک، بەھادین ھەڵەبجەیی، دێرین محەمەد، تەھا داراغایی، عەتا حەمە ساڵح، سالار ماھیر، ئەکرەم حەمەگوڵە، ھیوا ڕەووف، ئاواز ڕەحیم، برووسک بەھادین) و کۆمەڵێ ئەکتەری لاوی بەھرەمەند لەوانە: (ڕێدیار ئاوات، ئەمانی مەحموود، نیاز شەریف، ترێ شەریف، یاسین عومەر).

پێوەند بە كارە تەكنیكییەكانی زنجیرەدرامای (چیرۆكەكانی گەڕەگی ئێمە) لوقمان غەریب دەرهێنەر و سیناریستی كارەكە رووونی كردەوە كە بەم شێوەیەیە: ”پێداچوونەوەی تێکست: کامیل فەخرەدین، کامێرا: بەھمەن مەجید، مۆنتاژ و میكساژ: دیار خەسرەو، یاریدەدەری دەرھێنەر: نڤار لوقمان، دەنگ: باوان حەمید، سکرێپت و چاودێری: شایۆ یاسین، ماکئاپ ئارتیست: سۆما ماھیر، ڕووناکی: سان غەریب، کەلەرین و پۆستەر: دیاکۆ دلێر، فۆتۆ ئارت و ڕیکلامی گشتی: نڤار لوقمان، بەڕێوەبەری لۆکەیشن: برووسک بەھادین“.

چیرۆکەکانی ئەم زنجیرەدرامایە، بە شێوازێكی كۆمیدی، باسی چەندین بەسەرھاتی واقیعی و ڕۆژانەی خەڵک و كێشە و گرفتە جیاوازە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان دەکات، بڕیارە شەوانە لە مانگی ڕەمەزاندا لە کەناڵی ئاسمانیی (کوردستان تی ڤی) لە دوو کاتی جیاوازدا پەخش بکرێت.