ئەمریکا سزا بەسەر کەرتی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و ژمارەیەک بەرپەرسی ئەو وڵاتەدا، دەسەپێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، سزاکان بەهۆی کڕینی سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی لەلایەن تورکیاوە، بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە.
سزاکان بەسەر کەرتی پیشەسازیی بەرگری و ئیسماعیل دەمیر، سەرۆکی کەرتەکە و سێ کەسی دیکە، کە پەیوەندییان بە دەمیرەوە هەیە، سەپێندراوە.
سزاکە بریتییە لە رێگرتن لە ناردنی هیچ کەلوپەلێکی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا بۆ ئەمریکا، سڕکردنی سامان و نەدانی ڤیزای ئەمریکا بە ئیسماعیل دەمیر و سێ کەسەکەی دیکە.
لە ساڵی 2017، ئەنقەرە رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی S400، کە پێشکەوتووترین سیستەمی دژە مووشەکی و دژە فڕۆکەیە و لە رووسیا دروست دەکرێت.
ئەمریکا چەند جارێک هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، لە ئەگەری کڕینی ئەو مووشەکە رووسییە، چەندین سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت.
لە سەرەتای مانگی 7ـی 2019، رووسیا دەستی بە رادەستکردنی سیستەمە مووشەکییەکە بە تورکیا کرد.