یەکێتیى وەبەرهێنەران: پەسەندکردنی بودجەى عێراق نرخى خانووبەرەی بەرزکردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یەکێتیى وەبەرهێنەران: پەسەندکردنی بودجەى عێراق نرخى خانووبەرەی بەرزکردەوە

گوتەبێژى یەکێتیى وەبەرهێنەرانى کوردستان رایگەیاند بە هۆى پەسەندکردنى بودجەى گشتیى عێراق نرخى کەرتى خانووبەرە و یەکەکانى نیشتەجێبوون بە شێوەیەکى بەرچاو بەرزبوونەتەوە.

یاسین مەحموود، بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى تێپەڕوبوونى ماوەیەکى زۆر تواندرا بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵى 2021 پەسەند بکرێت، پەسەندکردنى بودجەکە کاریگەرى باشى دەبێ لەسەر دۆخى بازاڕ و زیادبوونى گەشتوگوزار و جوڵەى بازرگانى بەتایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، چونکە باشترین و نزیکترین بازاڕ و ناوچەى گەشتیارى و بازرگانى بۆ پارێزگاکانى عێراق هەرێمى کوردستانە".

راشیگەیاند: "ماوەیەک بوو بە هۆى دواکەوتنى پەسەندکردنى بودجەى عێراقەوە ساردییەکى زۆر بە بازاڕى کەرتى خانووبەرەوە دیار بوو، چونکە زۆرینەى هاووڵاتیانى عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکى سەرەکى پشت بە مووچە دەبەستن بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانیان، بۆیە هەر جۆرە دواکەوتنێک لە بابەتى بودجە و مووچە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر بازاڕ دەبێ".

ئەوەشى خستەڕوو" راستەوخۆ دواى پەسەندکردنى بودجە نرخى خانووبەرە و یەکەکانى نیشتەجێبوون بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبوونەوە، بەشێوەیەک لەماوەى دوو رۆژى رابردوودا نرخى یەکەى نیشتەجێبوون 20% بەرزبووەتەوە، چونکە بە هۆى ئاسانکارییەکانەوە ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتیانى پارێزگاکانى عێراق روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە بۆ کڕینى یەکەى نیشتەجێبوون لە شارەکانى هەرێمی کوردستان، بەمەش خواست لەسە کڕینى کەرتى خانووبەرە زیاد دەبێ و لە ئەنجامدا نرخەکەى بەرز دەبێتەوە".

روونیشى کردەوە" ئێستا 83 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگا و شار و شارۆچکەکان ئامادەن بۆ فرۆشتن، بەڵام بەهۆى دواکەوتن و لێبرینى مووچە و نەبوونى دڵنیاییەوە کڕیار زۆر کەم بوو، بۆیە پێشبینى دەکرێ نرخەکە زیاتر لە ئێستا بەرزبێتەوە، ئەگەر هیچ قەیرانێک روو لە هەرێمی کوردستان و عێراق نەکات".