دیوانی پاشایی ئوردن راگەیاندراوێکی سەبارەت بە ئەمیر حەمزە بڵاوکردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دیوانی پاشایی ئوردن راگەیاندراوێکی سەبارەت بە ئەمیر حەمزە بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ دووشەمە دیوانی پاشایی ئوردن رای گەیاند، عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن، بابەتی ئەمیر حەمزەی بە ئەمیر حەسەنی مامی سپاردووە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: ”لەژێر رۆشنایی بڕیارەکانی عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن، سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەمیر حەمزە لە چوارچێوەی خانەوادەی هاشمی، دۆسیەکە بە ئەمیر حەسەنی مامی سپێردراوە“.

لە راگەیاندراوەکەدا روون کراوەتەوە: ”ئەمیر حەسەن لەگەڵ ئەمیر حەمزە لە پەیوەندیدایە و جەختیشی کردەوە، ئەمیر حەمزە پابەند دەبێ بە تەواوی بڕیار و رێبازی خانەوادەی هاشمی و ئەو ئاراستەیەی، کە ئەمیر حەسەن بۆی راسپێردراوە“.

پێشتر خەڵکی ئوردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) تۆمارێکی دەنگیی جێنشینی پێشووی ئوردن ئەمیر حەمزەیان بڵاو کردەوە، کە تیایدا دەیگوت، ”پابەند نابم بە بڕیارەکان“، دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئوردن.

رۆژی شەمەی رابردوو، لیوا یوسف حنێتی، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، چووە ماڵی ئەمیر حەمزە و داوای لێکرد، واز لەو جموجۆڵ و چالاکییانە بێنێ، کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئوردن.

لای خۆشیەوە، ئەیمەن سەفدی، جێگری سەرۆک وەزیران، رۆژی یەکشەمە رای گەیاند، لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ئاسایش سەلماندوویانە، چالاکی و جوولەکانی ئەمیر حەمزە و کەسانی دەوروبەری، ئاسایش و سەقامگیریی ئوردنیان بە ئامانج گرتووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا رای گەیاند: ”دەزگاکانی ئاسایش بەدواداچوونی چڕ و پڕیان بۆ ئەو لێکۆڵینەوانە کرد، کە دامەزراوەی هێزە چەکدارەکان و دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی گشتی ماوەیەکی درێژە بۆ جموجۆڵەکانی ئەمیر حەمزە کوڕی حوسێن و شەریف حەسەن بن زەید و باسم عەزوڵا و چەندین کەسی دیکە گرتوویانەتە بەر“.

گوتیشی: ”ئەو جموجۆڵ و چالاکییانە ئاسایش و سەقامگیریی ئوردنیان کردووەتە ئامانج و چەندین دەستوەردان و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنی دەرەکی لێ تۆمار کردوون، سەبارەت بە کاتی گونجاو بۆ دروستکردنی پشێوی و ئاژاوە نانەوە و تێکدانی ئاسایشی ئوردن“.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، جگە لە باسم عەوزوڵا، سەرۆکی پێشووی دیوانی پاشایی، 14 تا 16 کەسی دیکەیش دەستگیر کراون.