بۆچی خەڵك ترسیان لە پێكوتەی كۆرۆنا هەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆچی خەڵك ترسیان لە پێكوتەی كۆرۆنا هەیە

هەواڵە هەڵبەستراوەكان یاری بە ڕای گشتیی جیهان دەكەن

لە كاتێكدا خەڵكی جیهان ترسێكی بێ بنەمایان لە وەرگرتنی پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لێ نیشتووە، ناوەندە ئەكادیمییەكانی جیهان و كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان پێشوازی لە بەكارهێنانی پێكوتەكە دەكەن، بەڵام هەواڵە هەڵبەستراوەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توانیویانە تا ڕادەیەكی بەرز یاری بە ڕای گشتیی جیهانی بكەن.

ئێستا كە چەند مانگێك بەسەر بڵاوكردنەوەی پێكوتەكانی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنادا تێپەڕیوە، كۆدەنگییەكی زانستی لە جیهاندا پەیدا بووە لەسەر ئەوەی پێكوتەكانی كۆرۆنا سەلامەتن، ماك و كاریگەرییە لاوەكییەكانیان زۆر كەمترە لەوەی ببنە جێی مەترسییەكی جیدی، ژمارەیەكی زۆر كەمی بەكارهێنەرانی جیهان كاریگەری خراپی پێكوتەكانیان لەسەر بەجێ ماوە، بەڵام ئەم ژمارەیە كەمە بەهۆی لایەنگریی خەڵك بۆ هەواڵی ناڕاست و تۆقێنەر، وای كردووە كاریگەریی گەورە لەسەر ڕای گشتیی جیهانی بەجێ بێڵێت و ژمارەیەكی بەرچاوی خەڵك ترسیان لێ بنیشێت و نەیانەوێ پێكوتەكە بەكار بێنن.

لەمبارەیەوە كەناڵی (ئەلجەزیرە)ی عەرەبی لە ڕاپۆرتێكیدا ڕای گەیاندووە بە زۆری ئەوانەی لە وڵاتانی جیهاندا دژی پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنان، ئەو كەسانەن بە شێوەیەك لە شێوەكان دژی حكوومەتی وڵاتەكانیانن و خۆیان بە بەرهەڵستكار و ئۆپۆزسیۆن دەزانن، لە كاتێكدا پێكوتەی كۆرۆنا پەیوەندی بە حكوومەت و دەسەڵاتی وڵاتانەوە نییە، بەڵكو لایەنی بەرپرس و بڕیاربەدەست لەبارەی پێكوتەكانەوە، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییە.

(ئەلجەزیرە) لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەش كردووە كە بەر لە چەند مانگێك زۆربەی میدیاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاپۆرتێكیان لەبارەی گیان لەدەستدانی شەش كەس بڵاو كردەوە كە گوایە بەشدارییان لە تاقیكردنەوەی پێكوتەیەكی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنادا كردبوو، ئەم هەواڵە هاوكات بوو لەگەڵ بەفەرمی وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا لەلایەن یەكەم هاووڵاتیی بەریتانیاوە، ئەمەش وای كرد هەرایەكی گەورە لە جیهان و بە تایبەتییش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا لێ بكەوێتەوە، بەڵام كێشەی سەرەكیی هەواڵەكە ئەوە بوو كە ناونیشانەكەی بەشێوەیەكی هەڵە نووسرابووەوە، ئامانجی سەرلێشێواندنی خوێنەران و وەرگران بوو، چونكە لە ڕاستیدا ژمارەی شەش كەسەكە لە راپۆرتێكی ٥٣ لاپەڕەیی دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمریكا وەرگیرابوو، تیایدا لە وردەكارییەكاندا هاتبوو كە چوار لەم شەش كەسانە لە بنەمادا پێكوتەكەیان وەرنەگرتبوو، بەڵكو چارەسەرێكی دیكەیان بۆ كۆرۆنا وەرگرتبوو، هەروەها تەنها دوو كەس لەم شەش كەسەدا بە ڕاستی پێكوتەی كۆرۆنایان پێدرابوو، ئەو دوو كەسەش لە ڕیزی ئەو كەسە تەمەن گەورانە و كەسە نەخۆشانەدا بوون كە ئەگەریان هەیە لەگەڵ وەرگرتنی هەر جۆرە دەرمانێكدا بە هەر هۆكارێكی پزیشكی بێت، گیان لەدەست بدەن، هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوەش نییە كە ئەم دوو كەسە بە هۆی پێكوتەی كۆرۆناوە گیانیان لەدەست دابێت.

لەبارەی ئەو ترسە بێ بنەمایەی لەلایەن خەڵكی بەشێكی بەرچاوی جیهان لە پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا دروست بووە، زانكۆی كالیفۆرنیای ئەمریكی پێنج لێكۆڵینەوەی زانستی كردووە و دەریخستووە هەواڵی درۆیینە و هەڵبەستراو زۆرتر كاریگەری لەسەر وەرگر هەیە تا هەواڵی ڕاستینە و بەڵگەدار، سەرباری ئەوەی لە جیهاندا بە هۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەردەوام شەپۆڵی گەورەی هەواڵی هەڵبەستراو هەن، كە پشت بە چەندین بیرۆكەی پیلانگێڕی و خەیاڵی دەبەستن، گوایە هەوڵێك لە ئارادایە بۆ كۆتاییهێنان بە بەشێك لە دانیشتوانی سەر زەوی و هێشتنەوەی بژاردەیەك، لە كاتێكدا وڵاتە هەرە پێشكەوتوو و خۆشگوزەرانەكانی جیهان بەر لە وڵاتانی هەژار و تازەپێگەیشتوو دەستیان بە دابەشكردنی پێكوتەكانی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا كردووە.