عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ: لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوتیشدا بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ: لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوتیشدا بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە

”پشوودرێژیی مه‌سروور بارزانی هۆکارێکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بوو“

سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون و ئه‌ندامی شاندی دانوستاندنكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ بەغدا رایدەگەیەنێت، ئەگەر نرخی نەوت نزمیش ببێتەوە، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان کەم نابێتەوە.

د. عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون و ئه‌ندامی شاندی دانوستاندنكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ بەغدا، (باسنیوز)ی راگەیاند، یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 لە ئەنجامی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا پەسەند کرا.

عەبدولحەکیم خەسرۆ هەروەها رایگەیاند، بەلای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرنگە هەولێر و بەغدا هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای نەوت و گاز چڕ بکەنەوە، چونکە ئەو یاسایە دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە.

سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون بە ئاماژەکردن بەوەی بودجەی پەسەندکراوی عێراق هەموو داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لەخۆ ناگرێ، رایگەیاند، ”بە لانی کەم مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستەبەر کردووە“.

عەبدولحەکیم خەسرۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی هەرێمی کوردستان و لایەنە عێراقییەکانیش زۆریان لە یاسای بودجەی 2021 دەست ناکەوێت، چونکە بودجەیە لە کاتێکی قەیراناویدا ئامادەکراوە و پەسەند کراوە.

ئەو ئه‌ندامەی شاندی دانوستاندنكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ بەغدا بە پێویستیشی دەزانێ بۆ زانینی ئاستی پەبەندبوونی دەسەڵاتدارانی عێراق بە یاسای بودجەوە، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دروست بکات.

هەروەک عەبدولحەکیم خەسرۆ رایگەیاند، سێ مانگ دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە بەهۆی هەڵوێستی سیاسیی ”هەندێک لایەن“ بوو، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە کێشەکان و هۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە.

لەبارەی رۆڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بودجە، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون رایگەیاند، پشوودرێژیی کاک مەسرور و تیمی دانوستاندنکاری حکوومەت، کە پەرلەمانی کوردستانیش پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستاندنەکان راگەیاند، بووە هۆی تێگەیشتنی لایەنە عێراقییەکان لە راستییەکان دەربارەی داتاکانی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، عەبدولحەکیم خەسرۆ رایگەیاند، بۆ بەشەبودجەی سێ مانگی رابردووی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی بودجەی شارەکانی عێراق بۆ ئەو سێ مانگە، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق رێنوێنی دەربکا.

عەبدولحەکیم خەسرۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر نرخی نەوت نزمیش بێتەوە، کاریگەریی بەسەر بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە ئەرکی حکوومەتی عێراقە.