تێگەییشتن؟ یان دەتانەوێت بە شێوازی تر تێتان بگەیەنن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تێگەییشتن؟ یان دەتانەوێت بە شێوازی تر تێتان بگەیەنن؟

(ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیکردنی گەلی کورد دووپات دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستانی بەهێز، لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا). ئەمە پۆستی ناو پەیجەكانی خولە قجیل، یان عەلە بێتەخوار، یان حەمە شەوكوت، یان قالە قیڕە، یان چەتوونی پیزەكوڵ نییە. ئەمە پۆستی پەیجی فەرمیی كونسوڵخانەی ئەمەریكایە لە ھەولێر، كە بە بۆنەی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بڵاوی كردووەتەوە. كونسوڵخانە، ملكەچی سیاسەتی فەرمی و ڕێنمایی باڵیۆزخانەی ئەمەریكایە لە عێراق، باڵیۆزخانەش ملكەچی سیاسەتی فەرمی و ڕێنمایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكایە، خودی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش، كە ئێمە پێی دەڵێین وەزیر، لەڕاستیدا یەكێكە لە سكرتێرەكانی سەرۆكی ئەمەریكا، كەواتە ئوسووڵی ئیشەكە بەشێوەیەكە، كە دەبێت كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە ھەولێر ئەم پەیامە بڵاو بكاتەوە، ئەگینا لەڕاستیدا ئەگەر بە پەیكەرە فەرمییەكاندا سەركەوین، پۆستی ئەو پەیجە پۆستی سەرۆكی ئەمەریكایە.

وەك شیكردنەوەیەكی كورتی ئەو دوو دێڕە لە پۆستی كونسوڵخانەدا، چەند خاڵێك دەبینم:
1- ئەمەریكا ھەر تەنیا لەگەڵ مانەوە و ھەبوونی ھەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵكو لەگەڵ مانەوە و ھەبوونی ھەرێمێكی كوردستانی بەھێز دایە. كەواتە ھەر شڕە ئەندامێكی سەركردایەتیی ھەر حزبێكی كوردستان، یان ھەر شڕە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان، یان ھەر شڕە چالاكوانێك، یان ھەر قاچاخچییەك بیەوێت بە پاساوی وەك لامەركەزی، ھەرێمی كوردستان پەرت یان لاواز بكات، ئەوە پێچەوانەی ھەرێمێكی كوردستانی بەھێزە و ئەو كاتە بەر یەكێك لە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەوێت لە ناوچەكەدا.

2- ئەمەریكا لەگەڵ یەك ھەرێمی كوردستان دایە، كەواتە ھەر شڕە ئەندامێكی سەركردایەتیی ھەر حزبێكی كوردستان، یان ھەر شڕە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان، یان ھەر شڕە چالاكوانێك، یان ھەر قاچاخچییەك، بە ھەر پاساو و بیانوویەكەوە ھەوڵی ئەوە بدات، كە یەك ھەرێمی كوردستان بكات بە دوو، یان زیاتر لە ھەرێمێك، ئەوە پێچەوانەی ئەو یەك ھەرێمەیە، كە لەو پۆستەی ئەمەریكادا ھاتووە و ئەو كاتە بەر یەكێك لە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەوێت لە ناوچەكەدا.

3- ئەمەریكا لەگەڵ ئەوەدا نییە، كە ھەر بەتەنیا یەك ھەرێمی كوردستانی بەھێز ھەبێت و ئەم ھەرێمە لە چوارچێوەی ھەموو جۆرە عێراقێكدا بێت، بەڵكو لەگەڵ ئەو عێراقەدایە، كە دەبێت عێراقێكی فیدراڵی بێت و ئەمەش زۆر بە ڕوونی و بە ئاشكرا، لە مادەی 1ی دەستووری عێراقدا باس و پێناسەی كراوە و 15 ساڵیشە داوای بەردەوامی كورد و ھەرێمی كوردستان لە عێراق ئەوە بووە، كە پابەند بن بە دەستوورەوە و ھەر پابەندنەبوونی عێراقیش بوو بەدەستوورەوە، كە كوردستان لە 25 – 9 - 2017 مافی خۆی لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بەو شێوەیەی، كە لە دیباجەی دەستووری عێراقیشدا بۆی سەلمێنراوە، بەكار ھێنا. كەواتە ھەر خەزعەلییەك، یان ھەر شۆڤێنیستێكی عەرەب، بیەوێت عێراق بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی جۆرە حوكم و جۆرە سیستەمەكانی پێش ڕووخاندنی حوكمی سەدام حوسێن، یان بیەوێت سیستەمی دیكتاتۆریی مەزھەبی لە عێراق بسەپێنێت، ئەوانە ھەمووی پێچەوانەی ئەم سیاسەتە فەرمییەی ئەمەریكان و ئەو كاتە ھەموو ئەوانەش بەر یەكێك لە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەون لە ناوچەكەدا. جا ئیتر ئێستا نازانم، ئەو شەق و شڕانەی ناوخۆمان، یان شۆڤێنیست و مەزھەبییەكانی عێراق، لەو دوو دێڕەی ناو ئەو پۆستەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا تێگەییشتوون؟ یان پێویستیان بەوەیە، كە بە شێوازی تر تێیان بگەیەنن؟