ڕۆڵی بەریتانیا لە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕۆڵی بەریتانیا لە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

 

 

ئادار مانگی خۆشی و ناخۆشیبە بۆ گەلی کورد. من دوو هەفتە لەمەوبەر، لەگەڵ ئێوە لە بەریتانیاوە وەک کوردانی هەموو جیهان، ئاهەنگی سەری ساڵی کوردیم گێڕا، نەورۆزتان پیرۆزبێت! لە ١٦ی ئاداریشدا بۆ یادکردنەوەی ٣٣یەمین ساڵیادی تۆقێنەرترین و دڵڕەقترین کردەوە لە هەڵەبجە، خولەکێک وەستام و ئاگاداریشم، کە هەر لە ئاداردا و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٠، هەرێمی کوردستانی عێراق ئۆتۆنۆمی بەدەست هێنا، بەڵام من لەم وتارەدا، بە دیاریکراوی لەسەر ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩١ دەوەستم.

من هەمیشە سەرسام بووم بەو هێزی بەرگرییەی، کە کوردەکان دژی سەدام حوسێن و هێزەکانی بەعسیان پیشان داوە، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە، کەوا ئەم شۆڕشە پێویستی بە گیان بەختکردن هەبووە. ژمارەی ئەو کوردانەی بوونەتە قوربانی، ئەوانەی زیندانیی کران و ئەوانەی ناچار کران ماڵەکانیان جێبهێڵن، پێیان باشتر بوو لەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی وەحشیگەرایی نادیار ببنەوە، پێویستە هەرگیز لەیاد نەکرێن. بەریتانییەکان و زۆر لە خەڵکانی تر لە جیهان، بە ترسەوە سەیری کردەوەی هێزەکانی سەدامیان دەکرد لە هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا، سێر جۆن مەیجەر، بڕیاریدا، نابێت رێگە بدرێت ئەم کارە بەردەوام بێت.

لە ڕۆژی سەری ساڵی نوێی کوردی، لە ساڵی ١٩٩١، شانشینی یەکگرتوو درکی بەوە کرد، کە ڕابەرایەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، بۆ گەیاندنی وەڵامێکی یەکگرتوو بۆ ئەم توندوتیژییە، بە ڕازیکردنی هاوبەشە ئەوروپیەکانمان، بۆ ئەوەی بێنە ناو بازنەکە و جۆن مەیجەر توانی پشتگیریی ناتۆ بەدەست بێنێت و ئیدارەی جۆرج بۆشی دووەم ڕازی بکات لە ئەمریکا، بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانییەتێک دروست بکرێت. 

ئەم هەوڵانە، لەگەڵ هاتنەناوەوەی فەرەنسا، ئێران و تورکیا و لەکۆتاییدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٣٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بڕیاری ٦٨٨ی دەر کرد. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کە بوو بە هۆی ئەنجامی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پەناگەی ئارام/ ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئاسوودەیی و دۆستایەتی و هەڵوێست لە کاتە هەرە پێویستەکاندا بەدیار کەوت. بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا و حەوت ئەندامەکەی تر، بەشانازییەوە دۆستایەتیی کوردیان هەڵبژارد، لەو کاتەی کە کورد زۆر پێویستی بەو هەڵوێستە هەبوو.   

لە ٦ی نیسان ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارام دەست پێدەکات، کاتێک فڕۆکەکانی بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باکووری عێراق. لەژێر سەرکردایەتیی ئەمریکا، بەریتانیا هێزی زەمینیی نارد بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و ئاسانکاریکردن بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، کە زۆربەی هێزەکە پێکهاتبوون لە مارێزی شاهانە لە ٣ لیوای کۆماندۆز. تەنیا لە ماوەی سێ مانگدا، هێزەکانی زەمینی کاریان کرد بۆ ڕەواندنەوەی هەڕەشەکان و دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان، بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکەیان.

من دەزانم کاریگەریی ئەم ئۆپەراسیۆنانە تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەستیان پێدەکرێت. نزیکەی ٢٠ ساڵە، کە ڕژێمی سەدام ڕووخاوە و ئێوە هەرێمێکی هاوچەرخ و سەرکەوتووتان دامەزراندووە. من ئەمەم بە چاوی خۆم بینی، کاتێک کە لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد. سەرسام بووم کاتێ چاوم بە سەرکردە کوردەکان کەوت و بینیم، کە ئێوە چەندە گەشبین و ئومێدتان بە گەلەکەتان هەیە، لەبەرامبەر ئالینگارییە بەردەوامەکان. ئەو ئومێد و خۆڕاگرییە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ باشتر بنیاتنانەوە لەدوای کۆڤید و هەروەک ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئەنجام گەیشت، ئێمە لەگەڵ هەردوو لاتان بەردەوام دەبین. کاتێ کە من لە یەکەم سەردانم و یەکەم دیدارم لەگەڵ سەرۆک وەزیران، بەڕێز مەسروور بارزانی، دووپاتم کردەوە، کە هەرێمی کوردستانی عێراق چەندە جێگای بایەخە بۆ بەریتانیا و پابەندبوونی خۆمان لە هەوڵەکان و پاڵپشتیمان لە بوارەکانی ئەمنی و بەرگری بۆیان دووپات کردەوە.

بەریتانیا، لە ساڵی ١٩٩١ەوە، وەک دۆستێکی گرنگی هەرێمی کوردستانی عێراق ماوەتەوە. کونسڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لە زۆر باڵوێزخانەکانی بەریتانیا لە سەرتاسەری جیهان گەورەترە و تیمەکەمان کار لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. پەیوەستبوون و پاڵپشتیکردنمان بەتایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. ئێستا چەندین ئەفسەری هێزەکانی پێشمەرگە لە ئەکادیمیای سەربازی شاهانەی ساندهێرست، ئەکادیمیای پێشەنگی جیهانی ئەفسەران لە بەریتانیا مەشقیان پێدەکرێت. هەروەها تیمێکی هەمیشەییمان هەیە لە هەولێر، بۆ پێدانی ڕاوێژی تەکنیکی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەمۆدێرنکردن و چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە، کە دەبێتە هۆی بەردەوام پاراستنی ئاسایشی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر چەندین نەیار و ئالینگارییەکان. ئێمە هەرگیز ڕۆڵی پێشمەرگە لەیاد ناکەین، کە لەبری هەموومان لە هێڵی هەرەپێشەوەی بەرگریدا بوون لە دژی داعش و بەردەوام هاوکار بوون بۆ دەرکردنی داعش لەناو هەموو خاکی عێراق. ئەمڕۆ، ئەوان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئێمە دەمێننەوە، بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش و دڵنیاییدان کەوا تیرۆریستان ناتوانن بگەڕێنەوە. لە پێداچوونەوەمان بە سیاسەتی دەرەوەدا، کە لەم دوواییانە ئەنجاممان داوە، ڕوونمان کردووەتەوە، ئێمە هەنگاوی زۆر بەهێز و کاراتر لە بواری ئاسایش و بەرگری دەگرینەبەر، کە پارێزگاری لە هەموومان دەکات، لەگەڵ زیادکردنی شایستەی بواری سەربازی بە ڕێژەی ٢.٢٪ی داهاتی نیشتمانی. 

ئەم پاڵپشتیە بەردەوام دەبێت، وە من زۆر سوپاسگوزارم، کە بە چاوی خۆم بینیم، کە چەندە هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لەیەکەوە نزیکن. وەک وەزیرێک لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا و بەرپرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من دڵنیایی دەدەم، کە ئەم پەیوەندی و دۆستیایەتییە هاوبەش و دوولایەنە نزیکە پشتگوێ نەخەم. بەریتانیا ئێستا قەرزباری کوردێکە- نەدیم زەهاوی، وەزیری پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بە ڕەچەڵەک کوردە و هاوڕێیەکی نزیکمە، بەردەوام دەبێت لە پێشەنگبوونمان لەسەر ئاستی جیهان لە دابینکردنی پێکوتە. 

ئەمڕۆ ساتەوەختێکی گرنگە بۆ یادکردنەوەی، کە چۆن بەریتانیا و هاوپەیمانەکانمان یەکیان گرت بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان، کە شایستەی بوون. بە ئەندازەی گرنگیی یادەکە، بایەخ دەدەم بەو داهاتووە پڕشنگدارەی لەنێوانماندا هەیە.

*وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی به‌ریتانیا و ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا