یەکەم کاروانی پێکوتەی ئەسترازینکای بەریتانی دەگاتە ئێران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یەکەم کاروانی پێکوتەی ئەسترازینکای بەریتانی دەگاتە ئێران

وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتنی یەکەم کاروانی پێکوتەی ئەسترازینکای بەریتانی بە وڵاتەکەی، راگەیاند.

کیانوش جیهانپور، سەرۆکی فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە 5-4-2021 بڕی 700 هەزار ژەم پێکوتەی ئەسترازینکا (پێکوتەی دژەکۆرۆنا)، گەیشتووەتە تاران.

ئەو پێکوتەیەی گەیشتووەتە تاران لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەسترازینکای بەریتانی - سویدی بە هاوکاریی زانکۆی ئۆکسفۆرد بەرهەم هێندراوە و لەلایەن کۆمپانیای (SK-Bio)ی کۆریای باشوورەوە دروست کراوە.

کیانوش جیهانپور ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێکوتەکە لە کۆریای باشوورەوە بەڕێگای هۆڵەنداوە، گەیشتووەتە تاران.

کڕینی پێکوتەی ئەسترازینکای بەریتانی لەلایەن ئێرانەوە لەکاتێکدایە، کە پێشتر ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کڕینی پێکوتەی دژەکۆرۆنای لە ئەمریکا و بەریتانیا، حەرام کردبوو.

پێشتر لە رۆژی 30-3-2021، عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران رایگەیاندبوو، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیەوە، ناتوانن پێکوتەی دژەکۆرۆنا لە کۆمپانیاکان بکڕن.

تا ئێستا ملیۆنێک و 932 هەزار و 74 کەس لە ئێران تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 63 هەزار و 160 کەس گیانیان لەدەست داوە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.