ئەمساڵ کوردستان و عێراق بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دۆلار کەلوپەلی تورکیایان هاوردە کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمساڵ کوردستان و عێراق بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دۆلار کەلوپەلی تورکیایان هاوردە کردووە

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، هەرێمی کوردستان و عێراق بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دۆلار کەلوپەلیان لە تورکیا هاوردە کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 5-4-2021، وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاندووە، بەهای هەناردەی وڵاتەکەی لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ (مانگەکانی 1، 2 و 3ـی 2021)، گەیشتووەتە 50 ملیار دۆلار، کە چوار ملیار و 327 ملیۆن و 858 هەزار بەهای هاوردە بووە بۆ وڵاتانی دراوسێی تورکیا.

هەروەک وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان و عێراق پلەی یەکەمی ریزبەندیی هاوردەکارانیان لە وڵاتانی دراوسێی تورکیا وەرگرتووە و تەنیا لەم سێ مانگەی رابردوودا، بە بەهای ملیارێک و 875 ملیۆن و 111 هەزار دۆلار کەلوپەلی تورکییان هاوردە کردووە.

هەروەها لەم سێ مانگەدا بە بەهای 481 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی تورکیا هەناردەی ئێران کراوە و بە بەهای 324 ملیۆن دۆلاریش کەلوپەلی ئەو وڵاتە هەناردەی سووریا کراوە.

وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ئاماژەی بەو کەلوپەلانەش کردووە، کە لەم سێ مانگەدا زۆرترین بڕی هەناردەی وڵاتەکەیان پێکهێناوە و بریتین لە کەلوپەل و بەرهەمە کیمیاوییەکان، دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان، رایەخ، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستانەکان.