بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشهسازیی حكوومهتى هەرێمی كوردستان ڕوونکردنەوە لهبارەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 دەدات.
ئهمڕۆ دووشەممە 5/4/2021، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشهسازیی حكوومهتى هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نیوەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 هاتووە، بەڵام ناتوانرێت هەمووی بەیەکەوە خەرج بکرێت، چونکە پارە و مامەڵەی ئەو ساڵە زۆرە و دەبێت پارەی گەنمی 2014 و 2015 تەواو بێت، پاشان دەست به خەرجکردنی پارەی ساڵی 2016 دەکرێت".
ئهوهشى خسته ڕوو، هەوڵ دەدرێ هەفتەی داهاتوو پارەی ساڵی 2016 بدرێت، گوتیشی: "جگە لەوەی پارەی گەنمی دوو ساڵ دەدرێت، پارەی گەنمی ساڵی ڕابردووش له قۆناغێکی دیكهدا دەدرێت، ئەوەش هەمووی پێکەوە ناکرێ، بەڵام جووتیاران دڵنیا دەکەینەوە هەموو پارەکانیان پێدەدرێ و پارەش ئامادەیە".
پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 زیاتر لە 121ملیار دینارە، بەڵام نیوەی پارەکە کە بڕی 65 ملیار و 775 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.
سایلۆی ههولێر ئاگادارییهكی لهبارهى پارهی گەنمی ساڵی 2016 بڵاو كردووهتهوه و تێیدا ڕوونی کردەوە، ڕێكارێكی كارگێڕیی ماوه و دواتر خهرج دهكرێ.
دوای چەند ساڵ ڕاگرتنی خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ى جووتیارانی هەرێمی كوردستان لهلایهن حكوومهتی عێراقهوه، دواجار حكوومهتی عێراق بڕیاری دا نیوەی پارەكە، كه 268 ملیار دیناره، خەرج بكات.
پێشتر فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو، كه لە هەوڵی ئەوەدان نیوەی پارەكەی دیكهش خەرج بكرێت، باسى لهوهش كردبوو: "50%ی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە خەرج بكرێت، لە هەوڵی ئەوەداین ئەویش خەرج بكرێت و كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت".