30 ساڵ بەسەر دەرکردنی بڕیاری 688ـی تایبەت بە پاراستنی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

30 ساڵ بەسەر دەرکردنی بڕیاری 688ـی تایبەت بە پاراستنی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت

فەرەنسا رۆڵێکی کاریگەری لە دەرکردنی بڕیارەکە هەبوو

ئەمڕۆ دووشەممە 5-4-2021، 30 ساڵ بەسەر دەرکردنی بڕیاری 688 لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تێدەپەڕێت.

رۆژی 5-4-1991، دوای نزیکەی مانگێک لە راپەڕینی گەلی کوردستان لە دژی رژێمی بەعس، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 688ـی پەسەند کرد.

دەرکردنی ئەو بڕیارە لەسەر داوای وڵاتانی فەرەنسا، ئێران و تورکیا بوو، دوای ئەوەی رژێمی بەعس هەوڵی داگیرکردنەوەی کوردستان و کوشتوبڕی هاووڵاتییانی کوردستانی دا و کەوتە سەرکەوتکردنی راپەڕینی هاووڵاتییانی شیعەمەزهەب لە باشووری عێراق.

ئەو سێ وڵاتە داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد عێراق ناچار بکات سنوورێک بۆ سەرکوتکردنی هاووڵاتییان دابنێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.

بڕیارەکە دوای کۆڕەوە ملیۆنییەکەی گەلی کوردستان لە 31-3-1991، دەرکرا، کە رژێمی بەعس هێرشی کردەوە سەر خاکی کوردستان و تێکڕای گەلی کوردستانیش بۆ رەتکردنەوەی ژێردەستەبوونەوەی بەعس، ئاوارەبوونی هەڵبژارد.

دوای بڕیاری ژمارە 688، وڵاتانی فەرەنسا، ئەمریکا و بەریتانیا هێڵی 36یان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دیاری کرد و سەرەڕای ئاماژەنەکردن بە دروستکردنی ناوچەی دژەفڕینیش لە بڕیارەکە، ناوچەی دژەفڕینیان لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان راگەیاند و رژێمی بەعس نەیتوانی چیتر لەو هێڵە بپەڕێتەوە و هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر گەلی کوردستان.

جگە لە راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە خاڤیێر پێرێز، ئەمینداری گشتیی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان 1-1-1982  تا 31-12-1991) کرد راپۆرتێک لەبارەی زیانەکانی رژێمی بەعس، کە لە گەلی کوردستانی داوە، ئامادە بکات.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە عێراق رێ بە گەیشتنی رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بدات، بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماو.

ئەو کاتەی بڕیارەکە درا درا، فەرەنسا سەرۆکایەتیی خولی ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرد.

چوار وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (فەرەنسا، ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت-رووسیای ئێستا- و بەریتانیا) و وڵاتانی ئەندامی ناهەمیشەیی ئەوکاتی ئەنجوومەنەکە (نەمسا، بەلجیکا، ساحلولعاج، ئیکوادۆر رۆمانیا و زائیر-کۆنگۆی دیموکراتیی ئێستا-) بە بەڵێ دەنگیان بە بڕیارەکە دا و وڵاتانی یەمەن، زیمبابۆی و کوبا دژی بڕیارەکە دەنگیان دا و وڵاتانی هیندستان و چینیش دەنگیان نەدا.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە 15 ئەندام پێک دێت، کە پێنجیان ئەندامی هەمیشەیین و مافی رەتکردنەوەی بڕیارەکان (ڤیتۆ)یان هەیە و بریتین لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەمریکا، رووسیا، چین و بەریتانیا.

جگە لەو پێنج ئەندامە هەمیشەییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 10 ئەندامی ناهەمیشەیی هەیە، کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەبژێردرێن و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبنە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنەکە.