كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەم مانگە دابەشکردنى مینحەى زیندانییانى سیاسى دەستپێدەکاتەوە

ئەندامێکى لیژنەى شەهیدانى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند دەست بە دابەشکردنی مینجەی ئەو زیندانییە سیاسییانە دەکرێتەوە  کە هیچ مووچەیەکیان نییە و سوودمەند نین، ئەمەش دواى ئەوەى مووچەى زیاتر لە پێنج هەزار کەس بە هۆى جێیەجێکردنى یاساى چاکسازیی راگیرا.

ژیان تاهیر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى کاروبارى شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانى سیاسى پەرلەمانى کودرستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى ئەوەى لە چەند مانگى رابردوودا بەهۆى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی مینحەى زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیى سیاسى لە هەرێمى کوردستان راگیرا، ئەمەش بە هۆى ئەوەى ماوەى یاسایی خۆیان تەواوکردووە لە وەرگرتنى مینحەکە، چونکە بەپێى یاسا هەر زیندانیێکى سیاسى بۆى هەیە تەنیا 10 ساڵ سوودمەندبێ لە وەرگرتنى مینحەکە".

راشیگەیاند: "دواى راگیرانى مینحەى ئەو کەسانە لیژنەى تایبەت لە وەزارەتى شەهیدان پێکهێندرا بۆ پێداچوونەوەى دۆسیەى ئەو کەسانە، ئەو کەسانەى کە تەنیا لە مینحەکە سوودمەند دەبن ئەوا پێدانى مینحەکە دەیانگرێتەوە و بەردەوام دەبن، بەڵام ئەو کەسانەى جگە لەو مینحەیە مووچەش وەردەگرن، ئەوا سەرپشک دەکرێن لە نێوان مینحە و مووچەکە یەکێک هەڵبژێرن".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "ئەم مانگە دابەشکردنى مینحەکە دەستپێدەکاتەوە و مینحە بۆ 900 کەس خەرج دەکرێت، لیژنەکەش بەردەوامە لە کارەکانى و ئەوانەى دۆسییەکانیان یەکلانەبووەتەوە لە داهاتوودا یەکلادەبێتەوە، ئەوانەى سوودمەندنەبووبن لە حکوومەت پێدانى مینحەکە دەیانگرێتەوە".