كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گۆگڵ بەم زووانە شێوەزاری سۆرانی بۆ بەشی وەرگێڕان زیاد دەكات

بڕیارە بەم زووانە گەورە كۆمپانیای گۆگڵ شێوەزاری سۆرانی بۆ بەشی وەرگێڕانەكەی زیاد بكات، كە ژمارەیەكی زۆری زمانە زیندووەكانی جیهانی لەخۆ گرتووە، لەمبارەیەوە ئەندازیارێكی كورد بە ناوی بۆكان جاف قسە بۆ (باسنیوز) دەكات.

بۆكان جاف ئەندازیارێكی كوردە و ماوەیەكی درێژە لەگەڵ كۆمپانیای گۆگڵ كار دەكات و زیاتر لە سەد هەزار دەقی وەرگێڕاوەتە سەر شێوەزاری سۆرانیی زمانی كوردی، لەلایەن كۆمپانیای گۆگڵەوە ساڵی ٢٠١٩ خەڵات كراوە، هەمان ساڵ بە فەرمی بانگهێشتی كۆنفڕانسی ساڵانەی گۆگڵ كرابوو لە وڵاتی سەنگافوور، لە دیداری (باسنیوز)دا باس لە سەرەتاكانی زیادكردنی زمانی كوردی لەلایەن كۆمپانیای گۆگڵەوە دەكات و دەڵێ بۆ یەكەم جار مێژووی ئاشنایەتی زمانی كورد بە كۆمپانیای گۆگڵ بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە، كە دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر كۆمپانیای گۆگڵ زمانی كوردی بە دوو بەشی كوردیی ناوەندی (سۆرانی) و كوردیی كرمانجی بەكارهێنا.

دەشڵێ ساڵی ٢٠١٦ كۆمپانیای گۆگڵ زمانی كوردیی شێوەزاری كورمانجی زیاد كرد بۆ وەرگێڕی گۆگڵ، پرۆسەكە زووتر چووە پێشەوە بەهۆی بەكارهێنانی كیبۆردی لاتینی، بەڵام كوردیی ناوەندی (سۆرانی) دواكەوت بەهۆی كێشەی كیبۆردی كوردی و كەمی داتا.

بۆكان ئاماژەی بەوە دا كە چەندین جار چاوپێكەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای گۆگڵ كردووە بۆ زیادكردنی زمانی كوردی شێوەزاری سۆران لە بەشی گۆگڵ كراودسۆرس، كە ئەپڵیكەیشنێكی كۆمپانیای گۆگڵە و لەوێ زمانەكانی جیهان پەرەیان پێدەدرێت، دوای هەوڵێكی زۆر كۆمپانیای گۆگڵ ساڵی ٢٠١٩ زمانی كوردیی ناوەندی لەو بەشەدا زیاد كرد.

ئەو ئەندازیارە كوردە دەشڵێ توانیویانە بە زوویی پرۆسەی زیادكردنی زمانی كوردیی ناوەندی خێرا بكەن بۆ ئەوەی زیاد بكرێ لە بەشی وەرگێڕانی گۆگڵ، زیاتر لە ١٧ جار لەمبارەیەوە چاوپێكەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای گۆگڵ كردووە سەبارەت بە زمانی كوردی شێوەزاری سۆرانی، هەر لەبەرئەوە كۆمپانیای گۆگڵ داوای لێ كردووە كۆمەڵگەیەك دروست بكات لە عێراق بۆ ئەوەی بە وردی كاری تێدا بكەن، بە چاودێری كۆمپانیای گۆگڵ، ئێستاش وەكو كەسێكی كاریگەر كاریان لەگەڵ دەكات.

دەشڵێ كۆمپانیای گۆگڵ بە فەرمی پێیان راگەیاندووە كە بەم زووانە چەند زمانێك زیاد دەكەن لە وەرگێڕی گۆگڵ، زمانی كوردیی شێوەزاری ناوەندی یەكێك دەبێت لەو زمانانە، ئێستاش دەتواندرێ لە وەرگێڕی گۆگڵ شێوەزاری كوردیی ناوەندی وەربگێڕدرێ بۆ زیاتر لە سەد زمان، بەڵام لە زمانەكانی تر بۆ كوردیی ناوەندی كارا نییە، ئەمەش لە داهاتوویەكی نزیكدا زیاد دەكرێت.