مەسعود حەیدەر: رێککەوتن و پەسەندکردنی بودجە دەرگاکانی موزایەدەی بە ڕووی هەندێ حزب و سەرکردەدا داخست
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەسعود حەیدەر: رێککەوتن و پەسەندکردنی بودجە دەرگاکانی موزایەدەی بە ڕووی هەندێ حزب و سەرکردەدا داخست

”لە داڕشتنی ستراتیجیەتی دانوستان و ئاراستەکردنی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی حکوومەت رۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی ھەبوو“

لە وەڵامی چەند پرسیارێکی (باسنیوز)دا، مەسعود حەیدەر، راوێژكاری سەرۆك بارزانی، ڕای دەگەیەنێت، لە داڕشتنی ستراتیجیەتی دانوستان و ئاراستەکردنی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی ھەبووە. ئاماژە بەوەش دەدات، رێککەوتن و پەسەندکردنی بودجەی 2021ی عێراق، هەموو دەرگاکانی موزایەدەی بە ڕووی هەندێ حزب و سەرکردەدا داخست.

 

سەبارەت بە پەسەندكردنی یاسا و جێکردنەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە یاسای بودجەی 2021ی عێراق، مەسعود حەیدەر، پێی وایە، کە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 ھەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ رەخساندنی زەمینەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە دەستوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوازون و تەوافوق.

لەبارەی گرنگیی رێککەوتنەکەش، مەسعود حەیدەر، گوتی: “ئەم رێککەوتنە چەسپاندنی مافی سیاسی و دەستووریی ھەرێمی کوردستانە لە یاسایەکی فیدراڵیدا، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، ڕێککەوتنەکە ھەموو ئەو دەرگایانەی لەسەر ھەندێ حزب و سەرکردە و ئەندامەکانیان داخست، بۆ موزایەدات و دژایەتیکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چ لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، یان لەسەر ئاستی عێراق، کە بە بەردەوامیی دەکران، ئەوەش سەلماندی، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشوودرێژانە و لەسەر بنەمای دەستووریی گفتوگۆی کردووە و بە هەموو شێوەیەک پارێزگاریی لە کیانی سیاسی و فیدڕاڵیی هەرێمی کوردستان کردووە”.

لەبارەی ئەوەیش، کە پەسەندکردنی بودجە تا چەند سەلماندی، کە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان یاسایی بووە؟، مەسعود حەیدەر پێی وایە، پرۆسەی گەڕان و بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتاوە ھەم دەستووری و ھەمیش یاسایی بووە، بەدەر لە یاسای بودجە، کە ئێستا پەسەند کراوە و دانی بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا ناوە، بەڵکو کۆی پرۆسەکە لەسەر بنەمای یاسای سامانە سروشتییەکان، کە پەرلەمانی کوردستان تەشریعی کردووە، گوتی: “پەرلەمانی کوردستان بەشێکە لە دامودەزگای فیدراڵیی دەوڵەت و دەستووری عێراق دەسەڵاتەکانی دیاری کردووە، بەڵام رێککەوتنەکە و تێپەڕاندنی یاساکە، پەیامێکی سیاسیی ئەرێنییە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمپانیا نەوتییەکان، کە چاویان لەوەیە بێنە ھەرێمی کوردستان و کار بکەن”.

لەبارەی ئەوەیش، کە یٔەگەر بەغدا پابەند نەبێ بە ڕێککەوتن و بودجە نەنێرێ، تا چەند هەرێمی کوردستان دەستکراوەتر دەبێ لە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان؟

مەسعود حەیدەر، ئاماژەی بەوە دا، کە تێڕوانینی حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت لەم رێککەوتنەدا سیاسی و دەستوورییە و ئامانج لێی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە، گوتی: “راستە ئەو رێککەوتنە ھەموو خواستەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی تێدا نییە، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر بەغدا پابەند بێت یان نەبێت، ئەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو مافێکی یاسایی ھەیە لە پرۆسەی نەوت، لە ئیمزای کۆنتراکتەوە، ھەتاوەکو دەگات بە فرۆشتنی”.

لەبارەی ئەوەیشی ئاخۆ لەمەودوا پێیان وایە بە پەسەندکردنی بودجەی 2021ی عێراق کۆمپانیای زیاتر و گەورەتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن؟

مەسعود حەیدەر، گوتی: “بێ گومان خاوبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و زیاتربوونی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق بەتایبەتی و ناوچەکە بەگشتی، کۆمپانیاکان ھان دەدات بۆ وەبەرھێنان و کارکردن لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق، ئەم رێککەوتنەش پاڵنەرێک دەبێت بەو ئاراستەیە”.

سەبارەت بە ڕۆڵی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش، کە زۆر لە میدیاکان و چاودێرانی سیاسی بە گرنگییەوە باسی دەکەن، مەسعود حەیدەر ئاشکرای کرد، کە ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، راستەوخۆ سەرپەرشتیی دانوستانەکان و تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، ئەوەش بە تێڕوانینێکی سیاسی و دەستوورییانە، بۆ چەسپاندنی مافی گەلی کوردستان لە یاساکەدا.

گوتیشی: “سەرۆکی حکوومەت پێگە و پەیوەندییەکانی خۆی خستە خزمەت کۆی پرۆسەی دانوستانی شاندی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، بە ئەنجامدانی زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کەسایەتییە سیاسییەکان، دواتریش ئەو تێڕوانینەی ھەیبوو بۆ ئەنجامەکان، بە دەستەجەمعی وەدەست ھات، لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین، کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی  کوردستان رۆڵی سەرەکیی ھەبووە لە داڕشتنی ستراتیجیەتی دانوستان و ئاراستەکردنی گفتوگۆکان، تا گەیشتوون بە ئەنجام، ئەوەی بە پێداگری لەسەر بنەماکانی دەستوور و ئەو پشوودرێژییەی، کە بۆ پاراستنی کیانی فیدڕاڵی و سیاسیی هەرێمی کوردستان هەیبووە”.

لە وەڵامی ئەوەشدا، ستراتیژ و تەکنیکی ئەو دانوستانانە چ جیاوازییەکی هەبووە لەگەڵ ئەوانی دیکە، مەسعود حەیدەر، ئاماژەی بەوە دا، لەدوای ساڵی 2005 ەوە ،ئەوە یەکەم جارە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راستەوخۆ بچێتە پەرلەمانی عێراق و لەگەڵ لیژنە تایبەتەکان کۆببێتەوە و بیروڕا و زانیاری بگۆڕنەوە، ئەوەش بە ھەماھەنگیی راستەوخۆی تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان.

سەبارەت بە تێپەڕبوونی بودجە بەگشتی، کە چ کاریگەرییەکی دەبێ لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان، مەسعود حەیدەر  ڕای گەیاند، کە تێپەڕاندنی بودجە بەگشتی، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان بەغدا باشتر دەکات و ئەو گرژییەی ھەبووە کەمتر دەکاتەوە، جگە لەوەش، کێشەکانی عێراق زۆر و ئاڵۆزن، بە پەسەندکردنی بودجە سەرەتایەک بۆ چارەسەر دەست پێدەکات، کە بە فعلی ب لە رووی یاسادانان و بنیادنانی دامودەزگاکانیەوە بێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی.

گوتیشی: ”پێگەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەھێزە، تەنیا ناوچەیە لە عێراق سەقامگیریی ئەمنی ھەیە و بوژانەوەی ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی لە ھەموو ناوچەکانی تری عێراق باشترە. گەلی کوردستان پێگەی گرنگە بۆ سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و باڵانسی ھێز لە بەغدا یەکلایی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بشتوانێ رۆڵی زیاتر بێت، دەبێ ھەموو پارتە کوردستانییەکان لە بەغدا ھەمیشە یەکھەڵوێست بن”.