كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 04/04/2021

كەواتە نە دكتۆرەكەی بەغدایە و نە ئەوانەی پێی سەرسامن!

لەبەر ئەوەی بەغدا وێرانەیە و تەنانەت لەناو كۆشكەكانی ناوچەی سەوز ھەست بە ئەمن و ئەمان ناكرێت، چونكە ناوە ناوە ھەندێك مووشەك ئاراستەی ئەو كۆشكانەش دەكرێت، لەبەر ئەوە تاو نا تاوێك سەركۆماری عێراق، بۆ پشوویەكی كورت و سەیركردنەوەی سروشتی جوانی كوردستان دێتەوە بۆ ناو باخ و ڤێللاكەی خۆی لە مێرگەپان.

لە دوای پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمانی عێراق و بەو شێوەیەی كە پێشتر ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەری ڕێك كەوتبوون، سەركۆمارەكەی عێراق ھاتووەتەوە بۆ مێرگەپان و ھەندێك كەس سەردانیان كردووە، ھەتا ئێرە ئاساییە.

بەڵام لە دوای ئەو سەردانە، ماڵپەڕی یەكێك لە ھاوسەرۆكانی یەكێتی كە خۆیشی یەكێك بووە لە سەردانیكەرانی مێرگەپان، ھەواڵێكی لەسەر ئەو سەردانە بۆ لای سەركۆماری عێراق دروست كردووە و لە بەشێكی ئەو ھەواڵەدا دەڵێت: ”سوپاسی هەوڵ و هەنگاوەكانی دكتۆر بەرهەم ساڵحمان كرد كە ڕۆڵێكی نیشتیمانی و یەكلاكەرەوەی بینی لە لێك نزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا!“.

بەڵام ھەر لە بەدبەختیی ئەوان و دوای ئەم ھەواڵە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە لە لایەك ئەندامی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بووە بۆ گفتوگۆكردن و ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق و ھەر لە سەرەتاوە ھەتا كۆتایی لەگەڵ شاندی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە و ئاگاداری ورد و درشتی ئەم چیرۆكەیە و لەلایەكی تریش لە حزبەكەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش نیە، چاوپێكەوتنێكی میدیایی لەگەڵ كراوە.

لە بەشێك لە چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت: ”چیرۆکی‌ بەرهەمهاتنی‌ یاسای‌ بودجە و رێککەوتنی‌ نێوان هەرێم و ناوەند، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای‌ مانگی‌ (تەمووز/7)ی 2019، واتا لە دوای‌ دەستبەکاربوونی‌ ئێمە لە مانگی‌ حەوت، شاندێکی‌ باڵا بە سەرۆکایەتیی‌ سەرۆکوەزیران و جێگر و وەزیری‌ دارایی‌ بۆ بەغدا، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی‌ بەستەڵەکی‌ نێوان هەولێر و بەغدا لەو سەردانەوە دەستی پێكرد. ئەو کۆبوونەوانە بەردەوام بوون تا توانییان بۆ بودجەی‌ 2020 پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکەن، بەڵام بەهۆی‌ دەست لەکارکێشانەوەی‌ عادل عەبدولمەهدی‌ پڕۆژەکە پەکی‌ کەوت، دواتر لە کۆتایی‌ 2020 رێککەوتنێکی‌ سەرەتایی ئەنجام درا و بوو بە پڕۆژەی‌ هاوبەشی‌ نێوانمان و لە ئەنجامدا ئەو یاسایەی‌ لێ بەرهەم هات“ واتە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021.

دە كەواتە ئەم قسانەی وەزیری دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی ئەو ھەواڵەی ماڵپەڕەكەی ئەو ھاوسەرۆكەی لە ڕەگوڕیشەوە ھەڵتەكاند و ئەمەش بوو بە بەڵگەیەكی تر كە ڕێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و كردنی بە یاسا، نە هەوڵی دكتۆرە سەركۆمارەكەی عێراقە و نە ھیچ كام لەوانەشە كە بەو دكتۆرە سەرسامن!