ئوردن.. دەستبەسەرکردنی چەندین کەسایەتیی بەرز بەهۆکاری ئەمنی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئوردن.. دەستبەسەرکردنی چەندین کەسایەتیی بەرز بەهۆکاری ئەمنی

 

(سکای نیوز) لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ئوردن بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ شەمە (3ی نیسانی 2021)، هەریەکە لە شەریف حەسەن بن زەید و باسم ئیبراهیم عەوز و چەند کەسایەتییەکی دیکە دەستگیر کراون و گرتنەکەشیانی بۆ هۆکاری ئەمنی گێڕاوەتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی هۆکارە ئەمنییەکە روون بکاتەوە.

پەیامنێری (سکای نیوز) لە عەمان راگەیاندووە، پرۆسەی گرتن و دەستبەسەرکردن نزیکەی 20 کەسی گرتووەتەوە، کە پەیوەندییان بە بابەتەکەوە نییە.

پێگەی هەواڵی (ناس) لە رۆژنامەی (واشنتن پۆست) گواستوویەتییەوە، کە دەسەڵاتدارانی ئوردن، میر حەمزە بن حوسێن، زڕبرای پاشا عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن، دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، دەسەڵاتدارانی ئوردن 20 بەرپرسی ئوردنییان دەستگیر کردووە، بەهۆی دەستهەبوونیان لە کودەتایەکی شکستخواردوو.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئاژانسی هەواڵی ئوردن (بترا) رای گەیاندووە، ئەمڕۆ شەمە، ژمارەیەک بەرپرس، لەسەروویانەوە شەریف حەسەن بن زەید دەستگیر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بۆ (بترا) جەختی کردووەتەوە، کە ئەمیر حەمزە بن حوسێن نەخراوەتە ژێر چاودێریی و مانەوە لە ماڵەکەیدا و دەستبەسەریش نەکراوە، ئەو هەواڵەشی رەت کردووەتەوە، کە لە راگەیاندنەکاندا سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی میر حەمزە بڵاو کراونەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئوردن (بترا) روونیشی کردووەتەوە، لەناو دەستگیرکراواندا باسم عەوزوڵا، سەرۆکی پێشووی دیوانی پاشایی ناوی هەیە، کە تۆمەتبارە بە گەندەڵی. راشی گەیاندووە، دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانە، دوای چاودێرییەکی ورد و چڕی ئەمنی بووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستی پێکردووە.

باسم عەوزوڵا وەزیری پلاندانانی پێشووی ئوردنە.

لای خۆشیانەوە چالاکوانانی خانەوادەی ئەلمەجالی باس لەوە دەکەن، یاسر مەجالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی میر حەمزە دەستگیر کراوە.