كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بۆچی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا لەژێر یەك چەتردا كۆ نابنەوە؟

 

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان HDP، داوا دەكات پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا بە دوای هاوپەیمانی سێیەمدا بگەڕێن، ناوی لەو هاوپەیمانییەش ناوە (هاوپەیمانی دیموكراتی). ئەم پێشنیارەی دەمیرتاش، لە میدیاكانی توركیا هەرای ناوەتەوە و، ئاڕاستەی سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكرێت.

چەندین دەزگای راپرسی لە توركیا، ئاشكرایان كردووە، هاوپەیمانی (كۆماری) لە نێوان پارتی داد و گەشەپێدان AKP و پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی MHP، ناتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ٥٠+١ بەدەست بهێنن، بۆیە ئۆپۆزسیۆن كەوتووەتە خۆی.

لە ئێستادا بەهێزترین ركابەری هاوپەیمانی (كۆماری)، هاوپەیمانی (میللەت)ە، كە لە نێوان پارتی گەلی كۆماری CHP و پارتی باش و پارتی سەعادەتدا دروست بووە، بەڵام لە پاڵ ئەواندا چەند پارتێكی تریش هەن ئۆپۆزسیۆنن و لەناو هیچ هاوپەیمانییەتێكدا نین، دیارترینیان HDPیە.

جگە لە HDP، پارتی (دەوا) بە سەرۆكایەتی عەلی باباجان و پارتی (ئایندە) بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو ٢ پارتی تری ئۆپۆزسیۆنن و خاوەن جەماوەری بەرچاویشن.

دەمیرتاش پێی باشە هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لە ژێر چەتری هاوپەیمانییەتێكدا كۆ ببنەوە، تا بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەسەڵات بگرنە دەست.

بەڵام مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش، لەبارەی ئەو پێشنیارەی دەمیرتاش، رەتی دەكاتەوە هاوپەیمانی سێیەم دروست بكەن. لە بەرامبەردا كەمال كلیچدائۆغڵو سەرۆكی CHP كاتێك ئەو پرسیارەیان ئاڕاستە كرد گوتی: ”كات ماوە و زەمان دەریدەخات كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەهاوێین یان نا“.

یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە ناتوانن یەكگرتوو بن و هاوپەیمانییەتێكی گشتگیر دروست بكەن، ناكۆكی نێوان HDP و پارتی باشە، چونكە پارتی باش پێی وایە HDP پارتێكە لە قەندیلەوە فەرمان وەردەگرێت و باڵێكی سیاسی پارتی كرێكارانی كورستان PKKیە، ئەمەش كارتێكی گرنگە بە دەست هاوپەیمانی (كۆماری) كە نەیەڵن ئۆپۆزسیۆن لەژێر یەك چەتردا كۆ ببێتەوە.

یەكێك لەو سیناریۆیانەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەبەر دەستیدایە، ئەگەر نەتوانن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ژێر یەك چەتردا كۆ ببنەوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یەك كاندیدیان هەبێت بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان.

ئەگەر بێت و ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یەك كاندیدیان هەبێت، ئەگەرێكی زۆر بە هێزە بتوانن كورسی سەرۆكایەتی كۆمار ببەنەوە، ئەردۆغانیش ئەمە دەزانێت، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەن یارییەكە لە ئۆپۆزسیۆن تێك بدەن، ئەویش بە تۆخكردنەوەی ناكۆكی نێوان HDP و پارتی باش.