گوتەیەكی باخچەلی وەبەرهێنەرە بیانییەكانی لە توركیا پەشیمان كردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گوتەیەكی باخچەلی وەبەرهێنەرە بیانییەكانی لە توركیا پەشیمان كردەوە

 

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی MHP، داوا دەكات دادگای دەستووری توركیا دابخرێت و پەلەی لێ بكرێت، ئەمە گوتەیەش گومانی زۆری لای وەبەرهێنەرە بیانییەكان دروست كردووە و، پەشیمان بوونەتەوە لە هاتنیان بۆ توركیا.

دوای ئەوەی، دادگای دەستووری توركیا، رەتی كردەوە پارتی دیموكراتی گەلان HDP دابخرێت و، گوتی ئەو بەڵگانەی نێردراون كەموكوڕی تێدایە، باخچەلی هێرشی توندی كردە سەر ئەو دادگایە و گوتی: ”ئیدی دەبێت ئەو دادگایە دابخرێت و پەلەی لێ بكرێت“.

چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردەوە، ئەم گوتەیەی باخچەلی وای كرد، وەبەرهێنەرە بیانییەكان پەشیمان ببنەوە بێنە توركیا و ئەوانەشی هاتوون بە هەمان شێوە پەشیمانن، چونكە لەڕووی ناوەخۆیی و دەرەوە، توركیا بەرەو نائارامی دەچێت، بەتایبەت ئەگەر دادگای دەستووری توركیا دابخرێت.

ئەلێف چاكر، نووسەری دیاری رۆژنامەی (قەرار)ی توركیا، دەڵێت: ”نازانم بۆچی رەجەب تەییب ئەرۆدغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە ئاست ئەو گوتانەی باخچەلی بێدەنگە“؟

چاكر دەنووسێت: ”ئەردۆغان بەردەوام داوا لە وەبەرهێنەرە بیانییەكان دەكات بێنە توركیا و، وەبەرهێنان بكەن، تەنانەت دەڵێت كارئاسانی زۆر گەورەیان بۆ دەكەین، دەبینین گوتەیەكی باخچەلی وەبەرهێنەرەكانی پەشیمان كردووەتەوە، دەپرسم ئایە ئەگەر دادگای دەستووری توركیا لەسەر داوای باخچەلی دابخرێت، وەبەرهێنەرە بیانییەكان پێ دەنێنە توركیا؟“

گوتەكەی باخچەلی هەرایەكی زۆری لە توركیا ناوەتەوە، بەشێكی زۆری بەرپرسانی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان AKP، دژی ئەو گوتەیە وەستانەوە، بەڵام ئەردۆغان هیچ لێدوانێكی لەوڕووەوە نەداوە.