لەیلا زانا ژنە و ھاوڕێ مەلا ستاریش پیاو!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لەیلا زانا ژنە و ھاوڕێ مەلا ستاریش پیاو!

كە حزب پێناسەی سیاسی و فكریی نەبوو یان ئەسڵەن یەكێك لە بنەماكانی حزبی لەدەست دا كە بریتییە لە تێڕوانینی وەكیەكی ئەندامانی لە بابەتە كۆمەڵایەتی و سیاسییە بنەڕەتیەكانی كۆمەڵگەدا، ئیتر دەبێ چاوەروانی ئەوەش لەو حزبە بكرێت كە یەكێكیان بڵێت من ئەسەدیم و ھەندێكی تریان لەپشتەوە تەقە لە ھەڤاڵەكانی خۆیان بكات. یەكێكیان بڵێت ئێستاش ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكرێت دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان دەدەمەوە، بەڵام یەكێكی تریان وەڵام بداتەوە و بڵێت ھەرچی كێشەیەكمان ھەیە، بەھۆی ڕیفراندۆمەوە تووشمان بووە!

كە حزب پێناسەی سیاسی و فكریی نەبوو، یان ئەسڵەن یەكێك لە بنەماكانی حزبی لەدەست دا كە بریتییە لە تێڕوانینی وەكیەكی ئەندامانی لە بابەتە كۆمەڵایەتی و سیاسییە بنەڕەتیەكانی كۆمەڵگەدا، ئیتر دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش لەو حزبە بكرێت كە ھاوڕێ مەلا ستارێكی تیابێت لەجیاتی ئەوەی بێ گوێدانە ڕەگەزی مرۆڤەكان، نێر بن یان مێ، تەنیا باسی شارەزایی و كەفائەتی كەسەكان بكات لە ئیشوكارەكانی خۆیاندا، دێت و ھەر لەبەر ژنبوون سووكایەتی بە ژن دەكات و گوایە رەخنە لە حكوومەت دەگرێ، دێت و بە حكوومەت دەڵێت ”حكوومەت مێیینەیە“!.

لەوەش سەیرتر ئەوەیە، دواتر دێت پینەوپەڕۆی قسەكانی دەكات، بەڵام پینەوپەڕۆكانیشی لاواز و مەھزەلەن و عوزری لە قەباحەت خراپتر. من باسی پینەوپەڕۆكانی ناكەم، باسی ئەو سووكایەتیە دەكەم كە بەگشتی بە ژنانی كرد. ھاوڕێ مەلا ستار دەڵێت: ”حكوومەتی مێیینە“ گوایە دەیەوێ سووكایەتی بە حكوومەت بكات! نازانم ئەم ھاوڕێ مەلا ستارە ھەتا چەند دكتۆرە نەوال سەعداوی و بەرھەمەكانی لە كتێب و نووسینەكانی دەناسێت؟ لەو بڕوایەدام ئەگەر ئاشنا بوایە بە نەوال سەعداوی و كتێبی (الانثى هي الاصل)ی نەوال سەعداویی بخوێندبایەتەوە، ئەو فەرماییشتەی! بەرامبەر بە ژنان نەدەفەرموو.

چونكە لەڕووی زانستیەوە و ھەتا ھەفتەی شەشەمیش، ھەموو كۆرپەلەیەك لە هەناوی دایكیدا بە من و ھاوڕێ مەلاستاریشەوە كە خۆمان بە پیاو دەزانین، مێ بووین. پێدەچت ئەم ھاوڕێ مەلا ستارە نەك لە بابەتە فكری و سیاسییە قووڵەكاندا، بەڵكوو لە مێژوو و لە زانیاریە گشتییەكانیشدا زۆر كڵۆڵ و دەستوپێ سپی و داماو بێت. جا بۆ ئەوەی جارێكی تر كەسی تر بەتایبەتی لەناو پەرلەمانی كوردستان و حكوومەت و داوودەزگا گشتییەكاندا، جورئەتی ئەوە نەكات سووكایەتی بە ژن بكات، خستنەڕووی ھەندێك زانیاری بە پێویست دەزانم:

1- لەیلا زانا خانمێكی كوردی باكووری كوردستانە لە 6 – 11 – 1991دا و لە پەرلەمانی توركیا، لە كاتی سوێدخواردندا كە ناوھێنانی كورد و كوردستان تاوان بوو و بۆی ھەبوو سەرتی لەسەر دابنێیت گوتی:”سوێند دەخۆم كە من بەرپرسم لە برایەتیی گەلی تورك و كورد“. سوێندخواردنەكەشی بە زمانی كوردی كۆتایی پێھێنا و لەچكێكیشی لەسەر كردبوو ڕەنگەكانی ڕەنگی ئاڵای كوردستان بوون، لەپای ئەم ھەڵوێستانەی لە 8 – 12 – 1994 بە 15 ساڵ زیندانیكردن حوكمیان دا، بەڵام لە 8 – 6 – 2004 ئازاد كرا. جا ئەوە لەیلا زانای ئەندام پەرلەمانی ژن و ئەمەش ھاوڕێ مەلا ستاری ئەندام پەرلەمانی پیاو!

2- ھەندێ نموونەی تر ھەن نەك ھەر وەك پۆستی وەزیر، بەڵكوو وەك پۆستی سەرۆكوەزیران بەدەست ژنەوە بوون، واتە نەك ھەر وەزیری ژن ھەبوون، بەڵكوو سەرۆك وەزیرانی ژنیش ھەبوون، جا ئەگەر سەرۆكوەزیرانی ئێمە ژنێك بوایە، ئاخۆ ئەو كاتە ھاوڕێ مەلا ستار چیی تری دەگوت و سووكایەتیەكەی بە ژنان دەگەیاندە كوێ؟ فەرموون سەیری ئەم نموونانە بكەن:

ا- بێنەزیر بۆتۆ، لە 2 – 12 – 1988 ھەتا 6 – 8 – 1990 سەرۆكوەزیرانی پاكستان بووە.
ب- خالیدە زياء، لە 20 – 3 – 1991 ھەتا 30 – 3 – 1996 سەرۆكوەزیرانی بەنگلادیش بووە.
ج- شێخە حسێنە واجد، لە 23 – 6 – 1996 ھەتا 15 – 6 – 2001 سەرۆكوەزیرانی بەنگلادیش بووە. بۆیە دوو نموونەم لەسەریەك و ھەردووكیشی بەنگلادیش دانا، بۆ ئەوەی ھاوڕێ مەلا ستار بزانێت تەنانەت لە بەنگلادیش! كە رەنگە هاوڕێ بە پاشكەوتوویان بزانێت، ئاساییە كە سەرۆكوەزیران ژن بێت.
د- تانسۆ چیلەر، لە 25 – 6 – 1993 ھەتا 6 - 3 – 1996 سەرۆكوەزیرانی توركیا بووە.

ھ- میگاواتی سۆكارنۆبۆتری، لە 23 – 7 – 2001 ھەتا 20 – 10 – 2004 سەرۆكوەزیرانی ئەندۆنیسیا بووە.
و- عاتیفە یەحیا ئاغا، لە 7 – 4 – 2011 ھەتا 7 – 4 – 2016 سەرۆكوەزیرانی كۆسۆفۆ بووە.
ز : - ڕۆزا ئۆتۆنباییفا، لە 7 – 4 – 2010 ھەتا 1 – 12 – 2011 سەرۆكوەزیرانی قەرەغیستان بووە.
لیستەكە زۆر درێژ دەبێتەوە و گۆڵدا مائیری سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و تاتچەری سەرۆكوەزیرانی بریتانیا و ئەنگێڵا مێركڵی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا كە دەسەڵاتەكانی یەكسانە بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكوومەت، ئەمانە و ھی تریش ماون، جا نازانم ھاوڕێ مەلا ستاری پیاو! ئەوەندەی بەسە یان نا؟