بودجەی عێراق و سەمای ئامۆزای بەرگدرووەكە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بودجەی عێراق و سەمای ئامۆزای بەرگدرووەكە!

پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢١ عێراق لە پەرلەمان و بەئەنجام گەیشتنی دانوستانه‌كانی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق، دەستكەوتێكی گرنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو لە جێگیركردنی یەكێك لە مافە دەستوورییەكانیان، چونكە دواجار بە پەسەندكردنی بودجە، شەڕی شكاندنی ئیرادەی كوردستان سەر نەكەوت، لەمەشدا حیكمەت و پێداگریی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵی سەرەكیی هەبوو، ئەوەش هەم لە پشتیوانیكردنی شاندی دانوستانكار و بەردەوام لەسەر هێڵ بوون لەگەڵیان، هەم لە نواندنی ئامادەسازی بۆ گفتوگۆی بەردەوام لە چوارچێوەی دەستووردا و هەمیش لە بوونی هێز و ورە و ئیرادە لە خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەم سەرۆك وەزیرانەی كوردستان.

دەزانم بەداخێكی زۆرەوە عێراق وڵاتێكی خاوەن سیادە و خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆی نیە، دەشزانم هەموو ئان و ساتێك بۆی هەیە، كێشەیەك لە جێبەجێبوونی ئەو بودجەیەدا دروست بێت، هەمیشەش خۆم ئامادە كردووە ناو بەناو گەڕێك بە هەرێمی كوردستان بگرن، ئاگاداریشم كە ئەجیندای دەرەكی چ رۆڵێكی هەیە لە كاروبار و ماجەرای بڕیارەكانی عێراقدا، ئەم زانیارییانەش پێویستی بە قووڵبوونەوەی ورد نیە، تەنیا ئاوڕێك بۆ چەند ساڵی رابردووی عێراق بدەینەوە، زانیاریی لەوە خراپتر دەبیستین و دەبینین. خۆ ئەگەر سەیری مێژووی كوردیش لە عێراقدا بكەین، ئەوا كەمترین هەواڵی خۆش دەبیستین، چونكە مێژوویەكی پڕ خوێن و ستەم و مافخواردن و پەراوێزخستن و زەوتكردن و كارەساتە.

بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش، سەركەوتنی حكوومەتی كوردستان و سەرۆك وەزیرانەكەی و شاندی دانوستانكاری، لە پرۆسەی جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق و دواتریش پەسەندكردنی، رووداوێكی خۆش و ئومێدبەخشە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق نیاز و نیەتی دروستكردنەوەی عێراقیان هەبێت و تەمای ئەوەیان بێت، لێرە بەدواوە ئەزموونێكی جوانی حوكمڕانی پیشان بدەن و شتێكی باش بۆ خۆیان تۆمار بكەن، دەتوانن ئەم بودجەیە بكەنە خاڵی وەرچەرخان و دەستپێك بۆ گۆڕانكاری، ئەمە بابەتێكە بۆ ئایندە، بەڵام لەم رۆژانەدا كاتێ هەواڵی پەسندكردنی بودجەكە لە میدیاكانەوە بڵاو بووەوە و دواتر هەندێ لێدوانم لە میدیاكانەوە بیست، شانۆگەرییەكی كۆنی بەغدام وەبیر هاتەوە.

هه‌ڵبەته‌ زۆربەی ھەرە زۆرمان، نەخاسمە نەوەی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابوردوو، گوێبسیتی چیرۆكی شانۆیی عێراقی (الخیط والعصفور - داو و چۆلەكە) بووین، ئەم شانۆییە ماوەیەكی زۆر لە هۆڵەكانی بەغدا نماییش دەكرا و دواتر گواسترایەوە سەر شاشەی تی ڤییش، لەنێو چیرۆكی ئەو شانۆییە، لە زەماوەندێكی بووك گواستنەوەدا، هه‌ردوو خێزانی بووك و زاوا تووشی سه‌رسوڕمان ئه‌بن كە دەبینن پیاوێكی نەناسراو لەنێو تەپڵ و موزیكی ئاهەنگەكەدا، كەوتووەتە سەما و كەمەربادانێكی كەموێنە و یەك چركەش لە سەماكردن ناسرەوێت، ماڵی بووكێ وای بۆ دەچن ئەو پیاوەی سەما دەكات خزمی ماڵی زاوا بێت، ماڵی زاواش وای بۆ دەچن پیاوەكە خزمی ماڵی بووكێ بێت، سەیرەكە لەوەدایە كە لێی دەپرسن: تۆ كێیت و خزمی كام لایت؟ پیاوەكە هەر بەدەم سەماكردنەوە دەڵێت: ”من ئامۆزای ئه‌و به‌رگدرووه‌م كه‌ قاتەكەی زاوای دووریوه‌!“.

جا دوای پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵی عێراقیش لە پەرلەمان و جێگیركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا، كاتێ بینیم هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەمودەست قسەی خۆی و میدیاكانی سەد و هەشتا پلە گۆڕی، چیرۆكی ئامۆزای خەیاتەكەی شانۆییە عێراقیەكەم بیر كەوتەوە! ئاخر تا دوێنێ بوو ئەو هاوسەرۆكە و میدیاكانی و پیاوەكانی لە گرووپی پەرلەمانتارانی (هاوپەیمانیی هیوا!)، بەردەوام داوای سازشكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان دەكرد بەرامبەر بەغدا، دەیانگوت شاندی دانوستانكار لاوازە، داوای رادەستكردنی هەموو كەیسی نەوت و داهات و قەوارەی هەرێمی كوردستانیان بە بەغدا دەكرد، داوای لەتكردنی كوردستان و تەسلیمكردنی سلێمانییان بە بەغدا دەكرد، كەچی ئێستا خۆیان وەك خاوەنی دەستكەوتەكە پیشانی خەڵك دەدەن.

ئێ وه‌ڵا وه‌بیلا، سوێندم به‌ خودای گەورە، وەك هاووڵاتیەكی كورد كە هیچ كاتێك حەز بە پەرتەوازیی و لێكترازانی ماڵی كورد ناكەم، به ‌دڵ حه‌زم ده‌كرد، ئەو هاوسەرۆكەی یەكێتی و میدیاكانی، پشتیوانیی هەرێمی كوردستانیان بكردایە لە پرسی بودجەدا، حەزم دەكرد بەردەوام له‌گەڵ تیمی دانوستانكاری حكوومه‌تی هه‌رێم و جه‌نابی سه‌رۆكی حكوومه‌ت لەسەر ھێڵ بوونایە لەپێناو سەركەوتنی ئیرادەی كورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا، حەزم دەكرد، ئەو شانازییەیان بۆ خۆیان و بۆ كوردستان تۆمار بكردایە، تا وەك ئامۆزای خەیاتەكەی شانۆگەرییەكە كەس سەما و دڵخۆشیەكەیانی پێ غەریب نەبوایە! بەڵام بەداخەوە ئەوەیان نەكرد، بەڵكوو بەپێچەوانەوە حەفتانە لێدوانی توندیان لەسەر حكوومەتی هەرێم و شاندی دانوستانكار هەبوو، بەردەوام داویان دەكرد، كوردستان مل كەچ بكات و ئیرادەی خۆی رادەستی بەغدا بكات.

خۆشبه‌ختانه‌ ته‌كنۆلۆژیا و ئەنتەرنێت، كۆمەكمان دەكات لەوەی بەڵگەكان بمێنن، بۆیە لای هەموو كەس مەعلوومە كێ دەیویست قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز بكرێت، كوردستان تەسلیم بێت، كوردستان سازش بكات، كوردستان خۆی بچووك بكاتەوە، راسته‌خۆ مووچه‌ی له‌ به‌غداوه‌ بۆ بێت!
پرسیارێكی لۆژیكی: ئەرێ تا كەی مۆدێلی لەخشتەبردنی خەڵك لای ئەوان دەمێنێت؟ تا كەی خەڵك بە گێل دەزانن؟... نازانم!