هەردوو دونیا بە ئافرەتەوە جوانن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەردوو دونیا بە ئافرەتەوە جوانن

”ما أكرمهن الا الكريم ومااهانهن الا اللئيم - واتە: رێزیان ناگرێ، جگە لەوانەی کە خۆیان رێزدارن، سووکایەتیان پێ ناکەن، جگە لەوانەی کە خۆیان سووک و کەمن“
ویستم سەرەتای وتارەكەم بەو وتەیەی سەرەوە دەست پێبکەم، چونکە ئافرەتان دیاریی مەزنی خودان بۆ مرۆڤایەتی، هەر كەس سووكایەتی بە ئافرەت بكات، واتای کەمیی کەسەکە دەگەیەنێت.

لەنێو منداڵدانی ئافرەتدا، مرۆڤایەتی و بوون، بەردەوام بووە و بەردەوامیش دەبیت، مرۆڤ لە باوەشی پڕ میهر و سۆزی دایکاندا دەپشکوێت و چرۆ دەکا و پێدەگا، لە مردنیشدا، هەر بە ناوی ئەو زاتە پڕ لە ئەفسوونە خوداییەوە کە دایکە، بانگ دەکرێت و تەلقین دەدرێت. ئەگەر لەو دونیا بەهەشت لەژێر پێیەکانیدا بێت، ئەوا لەم دونیاش ژیان بە ئافرەتەوە بەهەشتە و بەبێ ئافرەت ژیان دۆزەخێکی راستەقینەیە.

جا لە دەرەوەی ماڵیش، توێژینەوەكان دەریانخستوە، ئەو فەرمانگە و دامەزراوانەی لەلایەن ئافرەتانەوە ئیدارە دەدرێن، زۆر سەرکەوتووتر و کەم کێشەترن لەو فەرمانگە و دامەزراوانەی لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن، هەر ئەوەندەش نا، بەڵکوو ئەو وڵاتانەی کە ئافرەتان تیایدا شاژن یا سەرۆک، یا سەرۆک وەزیرانن، لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری و خۆشگەزەرانیی خەڵكەكەشیەوە، گەشەسەندووترن لەو وڵاتانەی پیاو سەرۆکیانە.

دێمە سەر رۆڵی ئافرەت لەنێو ماڵ و خێزاندا، من لە ئێوە دەپرسم: ئەو خێزان و ماڵانەی دایکیان تێدایە و بەڕێوەیان دەبات، منداڵەکانی چەندە ئاسوودەترن لەو ماڵانەی کە دایک بە هەر هۆكارێك بێت غایبە، هەر ئەسڵەن پیاو ناتوانێت بێ ئافرەت سەروكاریی ماڵ و خێزان بكات، نموونەمان هەیە کە منداڵی بێ دایک چۆن سەرگەردان بووە و کەوتووەتە ماڵە مام و ماڵە پاپیران و ماڵە پوور و ماڵە خزم، یان خانەی بێسەرپەرشتان.

لە بەرامبەردا چەندین دایکمان هەبووە و هەیە، كە هاوسەرەكانان لەدەست داوە، بەڵام دایكان خۆیان کردووەتە قوربانی و قەڵغانی پارێزەری منداڵەکانیان، تاکوو بیانپارێزین لە رەشەبای بێبەزەیی ژیان و زمانە، نەیانهێشتووە منداڵەكان هیچ بێنازیەکیان پێوە دیار بێت، سەربەرزانە پێیانگەیاندوون.

لە کۆتاییشدا، هیوادارم چۆن لە ئەرک و ماندووبونی ژیاندا ئافرەت شێرەپشکی بەرکەوتووە، ئاوهاش لە بەخشینی پلە و پۆست و بەرپرسیارێتیدا، بێبەش نەبن، گرنگیشە لەسەر توانا و لێهاتوویی کەسەکە بێت، جا چ ئافرەت بێت یان پیاو و رێژەی كۆتا بۆ ئافرەت دیاری نەکرێت، بەڵکوو گەر پێویستی کرد و دۆخەكە بەو ئاراستیە رۆیشت، با ئافرەتان زیاتر لە سەدا پەنجا بەدەست بهێنن، نموونەی زیندووش حکوومەتی ئێستای ئیسپانیایە کە رێژەی ئافرەت تیایدا ٧٠٪یە، مرۆڤی عاقڵیش ئاماژەیەكی بەسە! وەلسەلام.