كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 01/04/2021

بە خواستی ئێوە بوایە، هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشایەوە!

هەرچەند مەرج نیە هەر شتێك لە عێراق كە لەسەر كاغەز دەنووسرێت و پەرلەمانیش پەسەندی دەكات، وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، چونكە مێژووی دوور و نزیك پێمان دەڵێت، عێراق وڵاتی قەزا و قەدەر و رووداوی لەناكاوە، بەڵام رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق و دواتریش رێككەوتنی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییە بەهێزەكانی نێو پەرلەمانی عێراق بۆ هەمان مەبەست، لە زۆر رووەوە سەركەوتنێكی مەزن و كەموێنە بوو بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانەكەی (مەسرور بارزانی)، لانی كەم لەم بارودۆخە نەخوازراوەی ئەم یەك دوو ساڵەدا، كە هەرێمی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی، لەبەردەم فشار و هەڕەشەی پەراوێزخستن و سڕینەوەدا بوون.

لێ زۆرم پێ سەیرە ئێستا خەڵكانێك كە تا دوێنێ، دەهۆڵێ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و تەسلیمبوونی یەكجارەكیی هەرێمی كوردستانیان بە بەغدا دەكوتا، ئێستا دەیانەوێ خۆیان وەك پاڵەوانی ئەو دەستكەوتە بە خەڵكی كوردستان بناسێنن، خۆ مێژووی رووداوەكان زۆر لەمێژ نین و خەڵكی كوردستانیش هەموو لێدوان و قسەكانیانی لەبیر ماوە، هەر كەسێكیش یادگەی لاوازە و بیری نەماوە، فەرموو با سەیری چەند مانگی رابوردووی هەموو میدیا رەسمیەكان و سۆشیال میدیا بكات و بیانخوێنێتەوە، تا وەبیری بێتەوە كێ لەگەڵ رادەستبوونی هەرێمی كوردستاندا بوو، كێش لە خەمی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستگرتن و پێداگری لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستاندا بوو.

سەرنج بدەن، بزانن ئێستا كێن ئەوانەی دەیانەوێ خۆیان وەك خاوەنی ئەو سەركەوتنە بناسێنن؟ من بەوردی پێتان دەڵێم كە ئەمانەن: ”تاقمی خیانەتكاری ١٦ی ئۆكتۆبەر، ئاڵا ئەسەدی، ئەحمەدی حاجی رەشید و هۆشیار عەبدوڵا و سەركەوت شەمسەدین و كاوە محەمەد و یوسف محەمەد و رێبوار كەریمەكەی لای دكتۆر!“ قوڕم بەسەر، جا ئەگەر بە دەست و دڵ قسەی ئەمانە بوایە، ئێستا دەبوو هەرێمی كوردستان تەفرەتوونا بوایە و میلیشیاكان بهاتنایە بۆ گرتنی بۆری و بیرە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان.

كێ لەبیری ماوە كە تاقمی خیانەتكاری ١٦ی ئۆكتۆبەر، لە گەرمەی قەیران و دانوستانەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و چوون و هاتنی شاندەكاندا، چۆن لەڕێگەی پەرلەمانتارێكی ئیسلامیی سیخووڕەوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان دەكرد؟


كێ لەبیریەتی كە تاقمی خیانەتكاری ١٦ی ئۆكتۆبەر، ناو بەناو دەهاتنە سەر شاشەی تی ڤی و سۆشیال میدیا و دەیانگوت، دەبێ سلێمانی بكەینە هەرێمێك و جیای بكەینەوە و ئیدی مووچەكانمان لە بەغدا وەربگرین؟ بەكورتی وەك چۆن كەركووكیان بەرامبەر داهاتی چەند سەد بەرمیل نەوتێك فرۆشت، ئاوهاش سلێمانی بفرۆشن، كێ بیری ماوە؟

كێ لەبیری ماوە كە هاوسەرۆكێكی یەكێتی زوو زوو خۆی سەغڵەت دەكرد و بۆنەیەكی دەقۆزتەوە و دەیگوت، دەبێ هەولێر بێ مەرج و قەید سازش بۆ بەغدا بكات و هەموو شتێكی خۆی رادەست بكات، گەر وا نەكەن، ئێمە لە حكوومەت دەكشێینەوە؟ كێ بیری ماوە كە لاهوور جەنگی لە چەندین بۆنەدا گوتی، شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لاوازە و هیچی بە هیچ نابێت؟ ئەی كێ بیریەتی كە دوێنێ چوارشەممە دەستخۆشیی لە شاندەكە دەكرد و وای پیشان دەدا گوایە بە تەوجیهی جەنابیان! ئەو سەركەوتنەیان بەدەست هێناوە؟

كێ لەبیری ماوە كە رێبوار كەریمەكەی دەرباری دكتۆر، بە دەست لەپشتدانی تاقمی ١٦ی ئۆكتۆبەر و مامۆستاكەی، واژۆی فەرمانبەرانی كوردستانی كۆ دەكردەوە و بەڵێنی فشەی پێدەدان و بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە كارێك دەكات، مووچەی فەرمانبەرانی (راستەقینە!)ی هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ و بێ حكوومەتی هەرێم، لە بەغداوە بدرێت؟ كێ بیری ماوە كە ئەو رێبوار كەریمە (عاقڵە!) ناوبەناو پرێس كۆنفرانسێكی رێك دەخست و كەفی لە دەمی خۆی دەهێنایە دەرەوە و دەیگوت، بەم زووانە لە پەرلەمانی عێراق تاوتووی (دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە بەغداوە) دەكەین؟

كێ لەبیری ماوە كە (فەیلەسووفانی سیاسەت!) سەركەوت شەمسەدین و هۆشیار عەبدوڵا و كاوە محەمەد و یوسف محەمەد و موسەننا ئەمین، دەیانگوت ئەگەر هەولێر هەموو سازشێك بۆ بەغدا نەكات، بەم زووانە حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی بە زەبری هێز دەست بەسەر بیر و بۆرییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا دەگرن؟

كێ بیری ماوە، كە ئاڵا ئەسەدی، ناو بەناو دەچووە سەر شاشەی تی ڤییە عەرەبیەكان و ئەوەی خراپ بوایە لە دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، بە زمانی عەرەبی و بە لەهجەی ئەسەدی! دەیگوت؟

لە كۆتاییشدا، دەپرسم: كێ بیری ماوە كە بەردەوام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوون و هاتنەوەی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ شاندەكە كۆ دەبووەوە و پشتیوانیی دەكردن و دەیگوت: لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و پاراستنی قەوارەی فیدراڵیێ هەرێم و مادەكانی دەستووردا، هەموو ئامادەییەكمان هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، ئامادەی هیچ سازشێك نین؟

هەركەس ئەم لێدوانانەی بیر ماوە، خۆی با حوكم بدات و بزانێ كێ خاوەنی ئەو دەستكەوتەیە، ئەوەشی لەبیری نەماوە و یادگەی لاوازە، یان كەوتووەتە بەر كاریگەریی ئەو هاشوهووشەی میدیای گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، هیچی تێ ناچێت بە چەند كلیكێك دەتوانێت هەموو ئەو لێدوانانە، لە تۆڕی ئەنتەرنێت و میدیاكانی ئەملاوئەولادا بدۆزێتەوە، خۆ ئەگەر كەسێكیش خوانەخواستە هەموو ئەمانەی بینیوە و هەر بڕیاری داوە باوەڕ بەو درۆ و دەلەسەیە بكات، ئەوەیان ئیتر دەچێتە قاڵبی خۆ غەشیمكردن و خۆ نەفامكردنەوە و چارەسەری لای مرۆڤ نیە، تەنیا لای خودای گەورەیە كە عەقڵی پێ ببەخشێت.