ڕێككەوتن لەگەڵ مەسرور بارزانی كراوە نەك لەگەڵ خۆبەدەستەوەدەران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕێككەوتن لەگەڵ مەسرور بارزانی كراوە نەك لەگەڵ خۆبەدەستەوەدەران

ئەو جاش پەرلەمانتارانەی كە ھەر لە سەرەتای گفتوگۆی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقەوە لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەیانگوت: ”پێویستە ھەرێمی كوردستان ھەموو مەلەفی نەوت تەسلیمی عێراق بكات“ و لەوەش زیاتر دەڕۆیشتن و دەیانگوت: ”پێویستە وەك ھەر شارێكی تری عێراق، بەغدا خۆی ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دابەش بكات“ واتە داوای بازدان بەسەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بێقیمەتكردنی داوودەزگا دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیان دەكرد، نازانم ئەوانە ئێستا بە چ ڕوویەكەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باسی ئەوە دەكەن كە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بەو شێوەیەی كە پێشتر ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق لەسەری ڕێك كەوتبوون، ئەنجامی ھەوڵەكانی ئەوانە؟!

ئاخر لە چ زەمانێكدا جاشی تەسلیمبوو وەك تەرەف واتە لایەنێكی سەربەخۆ و بەڕێز و سەنگین سەیر كراوە و حسابی بۆ كراوە، ھەتا لایەنی بەرامبەر لەگەڵیدا ڕێك بكەوێت؟ گەلەجاش و خائینەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە لە گەرمەی گفتوگۆكانی نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا، دەیانویست سلێمانییش وەك خۆیان و كەركووك تەسلیم بە بەغدا بكەن و تەنیا بۆ مووچەیەكی بێگرەنتیی زەلیلانە ھەڕەشەی جیاكردنەوەی سلێمانیان دەكرد، نازانم ئەوانە چۆن ئێستا ڕوویان دێت كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باسی ئەوە دەكەن كە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بەو شێوەیەی كە پێشتر ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق لەسەری ڕێك كەوتبوون، ئەنجامی ھەوڵەكانی ئەوانە؟

ئاخر لە چ زەمانێكدا خائین و گەلەجاش بەڕێز و سەنگین سەیر كراوە و حسابی بۆ كراوە، ھەتا لایەنی بەرامبەر لەگەڵیدا ڕێك بكەوێت؟ كارێكی زۆر پێویستە ھەندێك ڕاستی بۆ ھاووڵاتیان نەك بۆ جاش و خائینان، ڕوون بكرێتەوە كە بریتین لە:

1- ئەو شاندەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە ھەر لە سەرەتاوە بۆ گفتوگۆ و ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق پێكھێنراوە، ئەوە بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بووە و ھێڵە گشتی و بنەڕەتیەكانی سیاسەتی گفتوگۆ و دانوستاندنیش لەگەڵ عێراق، ھەر لەلایەن مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان داڕێژراوە و ھەر مەسرور بارزانییش بەردەوام ڕێنوێنیی شاندی دانوستانكاری كردووە بە گشت پێكھاتە و ئەندامەكانی شاندەكەوە و پشتیوانییشی كردوون.

2- ئەگەر سیاسەتی ڕاست و دروستی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پێداگرتنی سەرۆكی حكوومەت نەبوایە لەسەر پابەندبوون بە مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و پێداگرتن لەسەر سیاسەتی بە ھیچ جۆرێك سازش نەكردن لەسەر ئەو مافانەی ھەرێمی كوردستان، ئەوە لەمێژ بوو ھەموو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەلایەن گەلەجاش و خائینانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كرابووە حكوومەتی ئەسەدی!

3- سەرەڕای درێژەپێدان و كات كوشتنی زۆری بەئەنقەست و بۆ ماندووكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەوەی لە ئەنجامی ماندووكردنی ھەرێم، لەڕووی دەروونیەوە ھەرەس بە ھەرێمی كوردستان بھێنن و لە ئەنجامدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش وەك ئەسەدیەكان و جاش پەرلەمانتارەكان و خائینانی 16ی ئۆكتۆبەر تەسلیم ببن، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، وەڵامی ئەم سیاسەتەی عێراقی بەوە دایەوە كە لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستاندا سەرلەنوێ و بە سیاسەتی ڕێكخستنەوەی داھات و خەرجیەكان و سووربوون لەسەر جێبەجێكردنی چاكسازیەكان، توانی لە لایەك ھەرێمی كوردستان بگەیەنێتە ئەوەی كە بڕیار بدات ئەگەر لە ئەنجامی سیاسەتی ھەڵەی عێراق ڕێككەوتنیش لەگەڵ ھەرێمی كوردستان نەكرێت، ئەوكاتیش ھەموو مانگێك و لە كاتی خۆیدا و بەگوێرەی ئەو داھاتەی كە دێتە بەر دەست، مووچە دابەش دەكرێت.

لەلایەكی تریش و ھەر لەسەر بنەمای داھاتی نەوتی و نانەوتیی ھەرێم و بە جێبەجێكردنی سیاسەتی پشت بەخۆبەستن، پرۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 ئامادە كرا و بڕیار درا بێ ڕێككەوتنیش لەگەڵ عێراق ببرێتە پەرلەمانی كوردستان و دەنگیشی لەسەر بدرێت و جێبەجێش بكرێت.

جا ئەم سیاسەتی پشتبەخۆبەستنەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەدیاریكراویش مەسرور بارزانیی سەرۆكی حكوومەت بوو كە بووە ھۆی پشتشكاندنی سیاسەتی ھەڵەی عێراق لە لایەك و ئینجاش پشتشكاندنی سیاسەتی خۆبەدەستەوەدانی جاش پەرلەمانتار و خائینانی 16ی ئۆكتۆبەر و ھەموو بەردەست و شاگردەكانیان لە لایەكی ترەوە. لەناو ئەم مەلەفەدا ھەندێك نھێنیی تر ھەن، بەڵام جارێ با ئەم نھێنیانە بمێنن، خۆ ڕەنگە كاتی دركاندنی ئەم نھێنیانەش بێت! بۆچی نا؟