كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چاودێرێكی سیاسی: چاودێریکرنی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی و پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە شاندی دانوستانکار هۆکاری جەوهەریی سەرکەوتنی شاندەکە بوو

"هەرێمی کوردستان هەموو هێلکەکانی نەخستە سەبەتەی بەغداوه"

 سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمریکی- کوردی ڕای دەگەیەنێت، ئەو دیپلۆماسییەتەی ئەمجارەی دانوستانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، کە بە چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان کردی، دەستکەوتی باشی بۆ گەلی  کوردستان لێ دەکەوێتەوە.

لە سەرەتاکانی دانوستانی هەولێر و بەغدا، فشاری زۆری دەرەکی و ناوخۆیی هەبوو تا هەرێمی کوردستان تەواوی هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی بەغداوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشوودرێژی و پێداگیرییەکەی لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتەوە توانیی بەسەر هەموو ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا سەربکەوێت، هەر ئەوانەشی کە دەیانەویست هەرێمی کوردستان شکست بهێنێت و تا ئاستی ئەوەی دابەشی بکەن و سلێمانی لێ جیابکەنەوە، ئێستا بێشەرمانە لە میدیاکانیانەوە دەیانەوێ خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەو سەرکەوتنە.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1/4/2021، کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمریکی- کوردی، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، دانوستانی ئەم جارەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، درێژترین دانوستان بووە لەسەر پرسی بودجە، “چاودێریکرنی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە شاندی دانوستانکاری هەرێمی كوردستان، جێگای دەستخۆشییە، چونکە شاندەکەی دەستکراوە کردبوو، تا لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە بوجەی هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی تەواویان هەبێت بۆ ڕێککەوتن لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەر لەم چوارچێوەیەشدا، پشوودرێژیی شاندی هەرێمی کوردستان، جێگای دەستخۆشییە، چونکە زیاتر لە 20 گه‌ڕی دانوستانیان ئەنجام داوە، تا لەگەڵ بەغدا گەیشتن بە ڕێککەوتن”.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەسەر چەند ئاستێک بەرهەمدار بووە، یەکەمیان لە ئاستی یاسایی، کە بە تێپەڕبوونی یاسای بوجە لە پەرلەمانی عێراق، واتە بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ دانپێدانان بە یاساییبوونی پڕۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان.

دووەمیان، لە ئاستی ئابووری و دارایی، ئەم یاسایە دوای (7) ساڵ دێت لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، واتە دوای (2014) ئەمە یەکەمجارە کورد بەم شێوە یاساییە بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، هەرێمی کوردستان لە ڕووی دارایی و ئابووریشەوە ببووژێتەوە و لە ساڵانی ڕابردوو بارودۆخی باشتر بێت.

ئاماژەی بەوەش دا، خاڵێکی زۆر گرنگ ئەوەیە، کەوا کورد هەموو هێلکەکانی نەخستووەتە سەبەتەی بەغداوە، چونکە بەگوێرەی دەستووری عێراق، (هەرێمی کوردستان) خاوەن سەروەریی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی خۆیەتی، واتە هەرێمێکی فیدڕاڵە، کە خاوەن کۆمەڵێک دەسەڵات و بڕیاری خۆیەتی، گوتیشی: “پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر (نەخشەی وزەی جیهان) گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەویش لەبەر ئەوەی کوردستان خاوەنی نزیکەی (45) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و (5.66) ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگی گازی سروشتییە، لەلایەکی تریشەوە، هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونەتە گەرەنتی بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌ لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوان داهاتووی هەرێمی کوردستان بە پێشکەوتووتر دەبینن لە هەموو سێکتەرەکانی ئابووری و دارایی و وزە، بەمەرجێ ئەگەر بەو تێهزرین و پشوودرێژی و پێداگیرییە سیاسەت بکرێت، کە لە دانوستانی ئەمجارەدا بە سەرکردایەتی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت کران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چەندە گرنگە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گەیشتووەتە ڕێککەوتن، دوو ئەوەندەش گرنگە کورد ناوماڵی خۆی ڕێک بخاتەوە و دیدگایەکی هاوبەش دروست بکات، تاکو بتوانێت لە ئاست هەستیاریی قۆناغەکە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بێت و سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە.