داهێنانێکی یابانی ددان دوای کەوتن بۆ مرۆڤ دروست دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

داهێنانێکی یابانی ددان دوای کەوتن بۆ مرۆڤ دروست دەکاتەوە

زانایان لە زانکۆی کیۆتۆ وفوکۆی لە یابان، دەرمانێکی نوێیان داهێناوە، کە جارێکی دیکە ددانی مرۆڤ دوای کەوتنی، لەنوێ دروست دەکاتەوە، بەمەش هیوا بۆ ملیۆنان کەس دەگێڕێتەوە، کە ددانیان کەوتوون و پێویستیان بە تاخمی ددانی دەستکردە.

توێژەران ئاشکرایان کردووە، جینێکی (USAG-1)یان لەناو دەرمانێکی نوێدا جێگیر کردووە، کە رێگا بە سەرلەنوێ دروستبوونەوە و گەشەکردنەوەی ددان دەدات، لە هەر تەمەنێکدا بێ.

بەگوێرەی رۆژنامەی (دەیلی مةیل)ی بەریتانی، ئەم دەرمانە وا لەو جینە دەکات، کە رێگرە لە دروستبوونەوەی ددان دوای کەوتنی لە تەمەنی سەرەوەدا، کە رێ دەدا بە گەشەکردنەوەی ددانێکی نوێ لە شوێن ددانی کەوتوودا، ئەمەشیان بە توێژینەوەی زانستی سەلماندووە، کاتێک کە لەسەر مشک و جۆرێک لە گیانەوەری خێزانی سمۆرەیان تاقی کردەوە، بۆیان دەرکەوت، دوای وەرگرتنی ئەو دەرمانە، ددانی نوێ لە شوێن ددانی کەوتوودا دروست بووەتەوە.

زانایان لێکۆڵینەوەیان لەو جینەدا کردووە، کە رێگرە لە دروستبوونەوەی ددان لەدوای کەوتن لە شیردەرەکان لە تەمەنێکێکی دیاریکراودا.

دوای ئەم لێکۆڵینەوە، تیمی لێکۆڵەر ئەو جینەیان پێش خست، بەجۆرێک بتوانێ رێ بە دروستبوونەوەی ددانی مرۆڤیش بدات لەدوای کەوتنی. دکتۆر کاتسۆ تاکاهاشی، لە کۆلێژی پزیشکیی باڵا لە زانکۆی کیۆتۆ گوتی: ”ئێمە دەمانزانی جێگیرکردنی جینی (USAG-1) سوودی بۆ دروستبوونەوەی ددان هەیە، بەڵام نەماندەزانی ئەمە بەتەنیا بەس دەبێ، یان دەبێ چەند مادەی دیکەی کیمیایی بۆ زیاد بکرێ، بۆ ئەوەی ددان دروست بکاتەوە“.

توێژەران یەک ژەم لەم دەرمانەیان وەک تاقیکردنەوە دا بە هەندێ گیانەوەر بۆ دروستبوونەوەی ددان و دوای سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکە لەسەر مشک، لەسەر جۆرێک گیانەوەری خێزانی سمۆرەکانیشیان تاقی کردەوە، چونکە ددانەکانی زۆر سەخت و ئاڵۆزن و لە ددانی مرۆڤیشەوە نزیکن، تاقیکردنەوەکە لەسەر ئەمانیشدا سەرکەوتوو بوو.

دکتۆر تاکاهاشی دەڵێ: ”هەنگاوی داهاتوومان تاقیکردنەوەی ئەو دژە تەنانەیە لەسەر گیانەوەری دیکەی وەک بەراز و سەگ، بەر لەوەی لەسەر مرۆڤی تاقی بکەینەوە، ئەمەش یارمەتیی مرۆڤ دەدا بۆ دەستکەوتنی ددانی سروشتی، لەجیاتی ددان و تاخمی دەستکرد“.