میترا، یەزدانی کوردستانی کەونارا و هیندستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

میترا، یەزدانی کوردستانی کەونارا و هیندستان

٤

لە ساڵی 1907 لە ناوچەی بغازکووی پایتەختی وڵاتی هیتییەکان، کە لە باکووری رۆژئاوای ئاسیای بچووک بوو، ژمارەیەک گڵێنە دۆزرانەوە، کە بۆ یەکەم جار ناوی میترایان لەسەر هەڵکەنراوە. ناوەڕۆکی نووسراوی سەر گڵێنەکان باس لە پەیمان و بەڵێنی نێوان هیتی و میتانییەکان دەکات، کە دراوسێی یەک بوون و تێیدا داوایان لە میترا و یەزدانی ئاسمان کردووە، هیچ لایەکیان پەیمانشکێنیی نەکەن و لەسەر بەڵێن و قسەی خۆیان بن.

مێژووی پەیمانی سەر گڵێنەکان بۆ چواردە سەدە بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، بەڵام دوایین بەڵگە لەسەر ناوی میترا، کە لە ئەورووپا دۆزراوەتەوە، بۆ پێنج سەدە دوای زایینی مەسیح دەگەڕێتەوە و ئەمە بەڵگەیە بۆ باوەڕداریی مرۆڤ بە میترا بەدرێژایی مێژوو.

ناسینی ئایینی میهرپەرستی، دەروازەیەکە بۆ ناسینی ئایینە کۆنەکانی کوردستان و ئەورووپا، چونکە زۆر زانستی وەکوو کەونینەناسی، مێژوویی ئایینەکان و زمانناسی دەیانەوێ پەردە لەسەر نهێنییەکانی ئەم ئایینە هەڵبدەنەوە و پێیان وایە؛ ئەگەر ئایینی میهرپەرستی باش نەناسن، مێژووی بیچمگرتنی ئایینی مەسیح بە تاریکی دەمێنێتەوە.

توێژینەوە لەسەر ئایینی میهرپەرستی زۆر جار تووشی کێشە دەبێ، چونکە بەڵگەکان لەبارەی ئەم ئایینە لە وڵاتانی رۆژهەڵات و کوردستانی کەونارا، بەڵگەی نووسراون، بەڵام لە ئەورووپا بەڵگەکان شوێنەواری مێژوویین. پەیماننامەی نێوان هیتییەکان و میتانییەکان ئەو راستییە ئاشکرا دەکەن، کە میترا لە میزوپۆتامیا وەکوو خواوەندێک رێزی لێ گیراوە، بەتایبەت لە کوردستانی کەونارا و هیندستان.

لە کتێبی پیرۆزی ودای هیندییەکان، ناوی میهر بە میترا بە مانای بەڵێن هاتووە. لە کتێبی ئاڤێستای زەردەشتییەکانیشدا ناوی میترا هاتووە و سوورەتێک لەبارەیەوە هەیە بەناو میهریەشت. لە ئاڤێستای پیرۆزدا ناوی میترا لەگەڵ ناوی ئاهوورەمەزدا، یەزدانی گەلانی ناو کوردستانی کەونارا هاتووە و لە کتێبی ودای پیرۆز بۆ هیندییەکانیش ناوی میترا لەگەڵ وارونا، یەزدانی مەزنی هیندییەکان هاتووە.

لە سوورەتی میهریەشتدا هاتووە؛ ئاهوورەمەزدا بە زەردەشت دەڵێت: "کاتێک میهرم ئافراند و فەرمانم بە خەڵک کرد لەپێناویدا قوربانی بکەن و نوێژی بۆ بخوێنن؛ پێگەکەیم وەکوو پێگەی خۆم بەرز کردەوە". لە یەشتی دەیەمی ئاڤێستادا دیسان باسی میهر کراوە: "تۆ پاڵپشتیی لەو کەسانە دەکەی کە لەبەرامبەر میهر نیازپاکن. مرۆڤێک بیەوێ زیانی پێ بگەیەنێت، لەناوی دەبەی. میهر خاوەن زەویی بەربڵاوە. هیواخوازم میهری سەرکەوتوو، پاشای خەڵکی سەرزەوی، میهری بەهێز، میهرێک، کە نوێژی بۆ دەخوێنن، یارمەتیدەرمان بێ".

هەر لەو سوورەتەدا بەم جۆرە باسی میهر کراوە: "میهری چاکەکار، بەهێز، ئاسمانی، بەڕێز و بەخشندەیە. لە بەرزاییدا دەژی، جەنگاوەرێکی بەهێز و ئازایە، سەرکەوتوویەکە رێنوێنیی مرۆڤەکان لە تاریکیدا دەکات و فریو ناخوات. میهر زیرەکترین بوونەوەرە و بەردەوام شانازیی لەگەڵدایە".