رۆمانى (فریشتەى دۆزەخ)ى باهۆز مستەفا بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رۆمانى (فریشتەى دۆزەخ)ى باهۆز مستەفا بڵاو کرایەوە

فریشتەى دۆزەخ، ڕۆمانێکى تازەى باهۆز مستەفاى نووسەر و وەرگێڕە، ئەو ڕۆمانە ساڵى 2021 لە لایەن خانەى کولتوورى چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

رۆمانى (فریشتەى دۆزەخ) دواى رۆمانى داستانى سەفەر دووەمین ڕۆمانى باهۆز مستەفایە، ڕۆمانى داستانى سەفەر گەشتنامەی کارەکتەرێکە کە لە دەسپێکى تەمەنیدا، لە 20 ساڵییەوە لەبەر نەهامەتى و تراژیدیا و ناخۆشیى بارى ئابوورى سیاسى و..هتد، نیشتمان جێدێڵێ، بە ئامانجى گەیشتن بە ئەورووپا.

فریشتەى دۆزەخ بابەتێکى دیکەیە، باس لە گرووپێک مافیا دەکات کە دەستڕۆیشتوون و هەموو کارێک لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان دەکەن، من دواى خوێندنەوەى ڕۆمانى فریشتەى دۆزەخ ئەو بۆچوون و سەرنجانەم لا درووستبوون، هیوادارم بتوانم بە شێوەیەکى گشتى فەزا و دنیاى ئەو ڕۆمانە بخەمە ڕوو.

1 - +18

هەر کە تەماشاى بەرگى پێشەوەى ڕۆمانى "فریشتەى دۆزەخ" دەکەیت، +18 سەرنجت ڕادەکێشێ و پرسیارى ئەوەت لادرووست دەبێ، بۆچى +18؟ هەر زووش وەڵامەکەت دەستدەکەوێ و دەزانیت بۆیە ئەو ئاماژەیە دانراوە چونکە لە ناوەڕۆکى ئەو ڕۆمانەدا یا بابەتى پۆڕنۆگرافى یا ترس و تووندوتیژى یا هەردووکیانى بە یەکەوە تێدا ورووژێندراوە.

بەکارهێنانى ئەو ئاماژە و ئاگادارکردنەوەیە لە پێشینە، زیاتر لە کەناڵە فەرمییەکانى تى ڤى و سایتەکان کارى پێدەکرێ بە بەراورد لەگەڵ کتێب، بە نمونە: هەرچى فیلم کە له (NETFLIX)دا هەیە، ئەو پۆلێنەى بۆ کراوە، لە +7 وە دەستپێدەکا تا دەگاتە +18.

بۆ کتێبیش، لە ڕۆمان و هەندێ کتێبیترى زمانەکانیتریش ئەو ئاماژە و ئاگادارکردنەوە هەیە، بە نمونە سەیرى ئەو دوو کتێبە بکە کە یەکێکیان هى "مایک زۆملاند"ە، بە ناونیشانى: (خۆت دابێنەوە خانمى لەشفرۆش)، ئەو نووسەرە لە بەرگى پێشەوەى زۆربەى کتێبەکانى +18 ى داناوە.

دووەمیان، کتێبێکى شەزا ئەلخەتیبە بە ناونیشانى (تەنیا بۆ گەورەکان).

من بۆ خۆم لەنێو ئەدەبیاتى کوردى ئەوەم بەرچاو نەکەوتووە، ئەوە یەکەمین ڕۆمانە کە دەیبینم ئەو ئاماژە و ئاگادارکردنەوەى بەکارهێناوە، هۆکارى بەکارهێنانەکەشى ئەوەیە کە لە ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکەدا هەم تووندوتیژى تێدایە بە نمونە: سەربڕین بە کەتەر و پەنجە قرتاندن و سەرین خستنە سەر کارەکتەرێک و گوللەلێدانى و هەرووها بەستنەوەى کارەکتەرێکی دیکە و سووتاندنى و ..تاد، هەم دەستدرێژى سێکسى و هاوجنسبازیى و ئێکسترێمبازىشى لە سێکسدا تێدایه، بۆیە ئەو هۆکارانە وایان کردووە کە ڕۆماننووس ئەو +18ە، دانێ.

2 - پوختەى هێڵى سەرەکى

"هەڵۆ" پێشمەرگەیەکى شاخە، بەڵام واقیعى دواى ڕاپەڕینى بە دڵ نییە و نیشتمان جێدێڵێ، لە ئەڵمانیا و بە دیاریکراویش لە شارى "کۆلن" نیشتەجێ دەبێ.

هەڵۆ دەیەوێ خانەوادەکەى بباتە ئەڵمانیا، بەڵام بە هۆى فڕوفێڵى قاچاغچى و قەدەرەوە، منداڵەکانى لە دەریاى "ئیجە"دا غەرق دەبن، ئیدى لێرەوە دەسپێکى ژیانێکى پڕ لە ناخۆشیى و نەهامەتى بۆ کارەکتەرى سەرەکى ڕۆمانەکە دەسپێدەکا و بە هۆیەوە تووشى خەمۆکیى و هەمیشە مەستیى دەبێ.

دواى ماوەیەک دەیەوێ ڕابردوو بسڕێتەوە و لە دەسپێکەوە دەستپێیکاتەوە، بۆیە بڕیار دەدا بگەڕێتەوە وڵات و لە هەولێر نیشتەجێ دەبێ و تاکسییەک دەکڕێ و ژیانێکى ئارام دەگوزەرێنێ تا دەگاتە ئەو ڕۆژەى کە ژنێکى جوانى دڵتەنگ سوارى تاکسییەکەى دەبێ، هەڵۆ لە یەکەم چاوترووکاندا هەم لەگەڵى هاوسۆز دەبێ و هەم سەرەتا حەزى پێدەکا و دواتر لە دڵەوە خۆشیدەوێ و عاشقیشى دەبێ، لە دڵى هەڵۆ چراى خەون دادەگیرسێ، تا ڕۆژێ لە ڕۆژان ژیانێکى ئارام لەگەڵ ئەو ژنە جوان و دڵتەنگە بەڕێوەببا و خێزانێکى نوێ پێکبهێنن.

"سازان" ئەو ژنە جوان و دڵتەنگەى کە لەگەڵ هەڵۆ دەبێتە کارەکتەرى سەرەکى ڕۆمانەکە، ژنە پێشمەرگەیەکە و لە لایەن حەڵقەیەک لە مافیا و بەرپرسى دەستڕۆیشووى باڵادەست دەستدرێژى سێکسى کراوەتە سەر خۆیى و کچەکەشى، سەربارى ئەوەش کاتێ شەوێک سازان لاى هەڵۆ دەمێنێتەوە، بەیانییەکەى بەر لەوەى هەڵۆ لە خەو هەستێ سازان بۆ کڕینى نانى بەیانى دەچێتە دەرەوە، کەچى لە لایەن پیاوانى ئەو حەڵقە مافیایە دەکوژرێ.

ئیدى لێرەوە ئاگرى ڕۆحى تۆڵەسەندنەوە لە دەمارەکانى هەڵۆ دادەگیرسێ و ئاکشنى کووشتنى یەکە یەکەى ئەو حەڵقەیە لە مافیا و باڵادەستانە دەسپێدەکا و لە دواین ئۆپەراسیۆن بۆ کووشتنى دواین کەسى ئەو گرووپە دەسبەسەر دەکرێ و دواتر دەیبەنه دادگا و لە دادگاش پلانێک بۆ هەڵاتنى دادەڕێژن تا بیکوژن بەڵام لەوێش بە موعجیزە و پەرجوو ڕزگارى دەبێ.

3 - تەکنیک و مۆنتاژ

گێڕانەوەى ئاسایى و تەکنیکى باو لە نوووسینى ڕۆماندا بریتییە لە (خاڵى دەسپێک و ناوەڕاست و کۆتایى)، بە واتایەکى دیکە، هێڵێکى ئاسۆیى ڕاستە و ڕاستى هەیە و لە خاڵى سفرەوە بۆ خاڵى ناوەند و لەوێشەوە بۆ خاڵى کۆتایى بەبێ هیچ وەرچەخان و هەڵبەز و دابەز و بڕین و پاش و پێش خستنى ڕووداوەکان.

لە فریشتەى دۆزەخدا، هەموو بەشەکان پاش و پێش کراون، لە دەسپێکدا کە کچى سازان لە بارودۆخێکى دەروونیى زۆر نالەباردایە و سوارى تاکسییەکەى هەڵۆ دەبێ، دواى چەند قسەیەک کچە لە پێش "شوقەکانى ئیسکان" دادەنێ، دواى ئەو کورتە ڕووداوە، ئەو فەسڵە کۆتایى دێ، تا کۆتایى ڕۆمانەکە وەک گرێیەک لاى خوێنەر دەمێنێتەوە و لە کۆتاییەکان دیسان ناوى دێتەوە و دەردەکەوێ کە ئەو کچە، کچى سازان و پێشمەرگەیەکى شەهیدە و لە لایەن برادەرى باوکییەوە "لیوا"، دەستدرێژى سێکسى کراوەتە سەرى و دەرئەنجام خۆى دەکوژێ.

فەسڵى دواى ئەوە هەڵۆى پێشمەرگەى جەربەزەى شاخ و شوفێرى تاکسى ئێستا، لە دادگایە بەبێ ئەوەى هێشتا هیچ تاوانێکیشى گێڕدرابێتەوە لە ڕۆمانەکەدا، دواى ئەوە دێتە سەر گێڕانەوەى چۆنییەتى لە دەستدانى خێزانەکەى و ئەو فەسڵە ناونراوە "ئیستەنبۆڵ"، دواى ئەوە بەشێکى دیکە دێ بە تایتلى "کردنەوەى دەرگاى دۆزەخ" کە لێرەوە بیرى تۆڵەسەندنەوە دەگاتە ترۆپک و دواى ئەویش بە تایتلى (دۆزەخ) و لە ژێریشیدا ناونیشانى فەرعى دراوەتێ و بە شەش حەڵقە باس لە چۆنیەتى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى لەناوبردنى یەکە یەکەى تاوانباران دەکا، کە دەستدرێژى سێکسیان کردۆتە سەر "سازان".

لە فەسڵى دواى ئەوەدا ئینجا سازان دەبێتە راوى و چیرۆکى چۆنیەتى غەدر و زوڵم لێکردنى خۆى لە لایەن ئەو حەڵقە و گرووپە مافیا دەستڕۆیشتووە دەگێڕێتەوە، کە پێنج شەوى تراژیدى و پڕ لە عەزاب بەڕێ دەکا و هەر شەوە و لە لایەن یەکێک لەو مافیایانە دەستدرێژى سێکسی و روحیى دەکرێتەسەر.

فەسڵى بەر لەکۆتایى دیسان چیرۆکى ناو زیندان دێتەوە و دوا فەسڵیش کە جارێکى دیکە وەک فەسڵى دووەمى ڕۆمانەکە باسى دادگایە و ئیدى ڕۆمانەکە کۆتایى دێ.

وەک دیارە کە وەرچەرخان و گۆڕینى شوێن و بابەت و گێڕانەوەکان لە فەسڵێکەوە بۆ فەسڵێکیتر زۆر لێک دوورن بەڵام زۆر ئەندازیارانە مۆنتاژکراون و وەک تەون چنراون و بێ هیچ گرێ و گۆڵێک، وەک ئەوەى کۆمەڵە جۆگەلەیەک یەکبگرن و خۆیان ڕێڕەوى خۆیان دیارى بکەن، هەر ئاوا چیرۆکەکان ئاوێتە بوونە و ڕێڕوەى خۆیان وەرگرتووە، هەر لەبەر ئەوەشە کە تەکنیک و مۆنتاژ لە ڕۆمانى "فریشتەى دۆزەخ" لە ئاستێکى بەرزدایە و دیقەت و وردبینى لاى وەرگر بە ڕوونى و ڕۆشەنى دەکەوێتە بەرچاو.

4 - نووسینەوەى واقیع و بە خەیاڵکردنى واقیع

ڕووداوەکانى نێو ئەو ڕۆمانە فەزایەک نیشانى وەرگر دەدا کە واقیعێکى تاڵ لە بوقعەیەکى ئەو سەرزەمینەدا وجودى هەیە، ئەویش بریتییە لەوەى کە شۆڕشگێڕەکان لە شاخدا تێکۆشاون تا بگەنە ئازادیى و دواى ئازادییش دادپەروەریى و یەکسانى و ژیانێکى باشتر بۆ میللەت دابین بکەن، بەڵام دواى گەیشتن بە ئازادیى، هەر لەناو خۆیاندا دەبن بە سێ بەرە:

- بەرەى شۆڕشگێڕى ڕاستەقینە، پەراوێز دەخرێن، جا یا دەبنە ئۆپۆزسیۆن و ڕووبەڕووى هاوخەباتەکانیان دەبنەوە کە ئێستا دەستەڵاتدارن، ئەو شۆڕشگێڕى ڕاستەقینانە هەمدیس تووشى هەمان دەردەسەرییەکانى سەردەمى ڕژێمى پێشوو دەبنەوە، یا دەبنە شوفێرى تاکسى و کاسبکارێکى بەدبەخت کە ناتوانن تەنانەت بژێویى خۆیان و خێزانیان دابین بکەن، یا لەبەر هەژاریى و نەبوونى و ناعەدالەتى لە نیشتمان ڕادەکەن و..تاد.

- بەرەى دووەم ئەو شۆڕشگێڕانەن کە دواى ئازادیى نیشتمان گەندەڵ دەبن و ڕابردووی شۆڕشگێڕییان دەکەنە پردێک بۆ بەرژەوندیى تایبەتى خۆیان و خێزانیان، لەو ڕۆمانەدا نمونەیەک لەو جۆرە کەسانە باسکراوە کە لە ڕێڕەوى شۆڕشگێڕى ڕاستەقینەى خۆیان لایانداوە، ئیدى چى بەهاى مرۆڤایەتى هەیە لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان دەخەنە لاوە و لەوەش زیاتر ئیستغلالى هاوسەنگەر و خانەوادەى هاوسەنگەرەکانى ئێستا و ڕابردوویان دەکەن.

_بەرەى سێیەم ئەوانەن کە لە هەموو سەردەمێکدا و لەگەڵ هەر ڕژێم و دەسەڵاتێکدا خۆیان دەگونجێنن و ئامانجى سەرەکیان گەیشتنە بە پلە و پایە و بەرژەوەندییەکانیان، جا بە هەر ڕێگە و وەسیلەیەکبێ.

لە "فریشتەى دۆزەخ"دا، بە وردى و تەرکیزەوە لە ڕێگەى چەند ڕووداوێکەوە، تیشک و ڕووناکیى خراوەتە سەر بەرەى یەکەم و دووەم و بە شێوەیەکى لاوەکیش باس لە بەرەى سێیەم کراوە کە دارودەستەى بەرەى دووەمن، کۆمەڵێک کارەکتەرى دەستڕۆیشتوو، بازنەیەکى مافیاییان درووستکردوە و خەریکى زوڵم و بەرژوەندى و گاڵتەکردنن بە خەڵک و دنیاى دەوروبەیان، بە گوێرەى ناوەڕۆکى ئەو ڕۆمانە، تا ئێرە ئەوە نووسینەوەى واقیعە، بەڵام بەخەیاڵکردنى واقیع لێرەوە دەستپێدەکا کاتێ "هەڵۆ" دەست بە تۆڵەسەندنەوە دەکا، کەسێک بڕیار دەدا بە تەنیا سنوورێک بۆ ئەو هەموو زوڵمە دانێ کە بەرەى دووەمى شۆڕشگێڕان و بەرەى سێیەمى دەستوپێوەندەکانیان ئەنجامى دەدەن، لەو ڕۆمانەدا هەموو ئەو چیرۆک و گێڕانەوە و بابەتانەى پەیوەستن بە تۆڵەسەندنەوەى پراکتیکى، دەکەوێتە خانەى بەخیاڵکردنى واقیع، بە تایبەتیش کاتێک سەرچاوەى تۆڵەسەندنەوەکە لەسەر ئاستى یەک کەسە و شێوازى تۆڵەسەندوەکەش ئاکشنە.

5 - ئاکشن

ئاکشن یا جوولە، هەموو ئەو بەرهەمانە دەگرێتەوە کە کارەکتەرەکانیان خەریکى جەنگان و تووندوتیژى و چاودێریکردن و ئامانجى لەناوبردنى یەکتریان هەیە، لە ڕۆمانى "فریشتەى دۆزەخ" ئەو شێوازە هەڵبژێردراوە بۆ تۆڵەسەندنەوە و لەناوبردنى زوڵم و کۆتایى پێهێنانى ئەو کەسانەى کە دز و گەندەڵ و دەستدرێژى سێکسى دەکەن.

لەو ڕۆمانەدا هەڵۆى پێشمەرگەى شاخ و شارەزا لە تاکتیکى شەڕ و کووشتن و سایەقى تاکسى ئێستا، ڕۆڵى سوپەرمان دەبینێ و سەرەتا چاودێری یەکە یەکەى ئەندامانى ئەو حەڵقە و گرووپە مافیاییە دەکا، دواتر پلان دادەڕێژێ و لە دوا قۆناغیشدا پلانەکە جێبەجێ دەکا.

بۆ ئۆپەراسیۆنى یەکەم خۆى دەکاتە باخەوان و بە پایسکلێک بە ڕێدەکەوێ و چەند پلانێک ئەنجامدەدا بۆ لە خشتەبردنى پاسەوانەکانى یەکێ لە بەپرسەکانى ئەو گرووپە و تێیدا سەرکەوتوو دەبێ، تا دەگاتە لاى مافیاکە و دەرئەنجام لە کورسییەک دەیبەستێتەوە و پەنجەکانى یەکە یەکە دەقرتێنێ تا دان بە تاوانەکەى بنێ کە دژ بە سازان ئەنجامى داوە، دواتر دەیسووتێنێ و خۆشى بە سەلامەتى دەردەچێ، لە ئۆپەراسیۆنێکى دیکە خۆى دەکاتە کارەباچى و بە هەمان شێوە مافیاکە دەکوژێ و بەبێ گرفت، بۆى دەردەچێ.

هەر بەو تەکنیکى نووسین و تاکتیکى لەناوبردنى مافیاکان، پێنجیان دەکوژێ لە شەشەمین ئۆپەراسیۆن دەستگیر دەکرێ، ئەوەى بە لای منەوە جێى سەرنجە و دەبووایە باشتر کارى لەسەر کرابووا ئەوەیە، نەدەبووا "هەڵۆ" هەروا ئاسان و بێ کێشە و کۆسپى گەورە، ئۆپەراسیۆنەکانى ئەنجامدابووا، چونکە ئەگەر سەرنج بدەین لە ئاکشنى فەنتازیش کارەکتەرەکانى وەک سوپەرمان و سپایدەرمەن و..تاد، تووشى دەیان بەربەست و کۆسپ و ململانێ دەبنەوە تا بەسەر بەرانبەرەکانیاندا سەردەکەون.

ماوە بڵێم: ئەو جۆرە شێوازەش لە ئاکشن لە ڕۆمانى کوردى بە دەگمەن بەرچاو دەکەوێ، هیوادارم لە ئایندەدا هەم باهۆز و هەم نووسەرانى دیکە لەو بوارەدا کارى جددى بکەن.

6 - زمان

زمانى "فریشتەى دۆزەخ" چونکە بابەتەکەى کیرمیناڵ و مافیا و ئاکشن و پڕ لە جوولە و تۆڵەسەندنەوەیە، زمانێکى ئاسایی دوور لە زمانى شیعرى و بەلاغییە، کە بە بڕواى من بۆ ئەو جۆرە ڕۆمانانە ئەو جۆرە زمانه هەڵبژاردنێکى تەواو و لەجێیە.
لایەنێکى دیکەى پۆزەتیڤ لە زمانى گێڕانەوە و نووسینى ئەو رۆمانەدا دیالۆگەکانییەتى، هەر یەک لە کارەکتەرەکان بە گوێرەى ئاستى ڕۆشنبیرى خۆیان قسە دەکەن، بە نمونە خۆشەوى کە یەکێکە لە مافیاکان و دکتۆراى هەیە، بە زمانێکى بەرز قسە دەکات و لە پشت ڕستەکانى ماناى بەجێ و مەنتیقى دەردەکەوێ، یا ژنێکى فلیپینى بە کوردییەک قسە دەکا ڕێک هەمان ئەو ئەکسێنت و سینتاکسییە کە ڕۆژانە لە قسەکردنى فلیپینى و پەناهەندەکانى دیکە دەیبیستین، یا کارەکتەرى باسم کە مەسیحیە و یەکێکە لەناو ئەو گرووپە مافیایە، بە هەمان شێوازى ئەو عەنکاوەییانە قسە دەکا کە لەناو کورد لە دایکبووینە و گەورەبووینە و تا ئێستاش فێرى کوردى نەبوووینە.. ئەگەر باسکردنى زمانى ئەو ڕۆمانە لە ڕستەیەکدا کورت بکەمەوە دەڵێم: ڕۆماننووس هەڵبژاردنێکى دەقیقى زمانى کردووە بۆ ڕۆمانێک وەک پێشتر باسمکرد کە تێمەکەى کیرمیناڵ و مافیا و ئاکشن و پڕ لە جوولە و تۆڵەسەندنەوەیە.

ئەنجام:

1- دانانى+18 لە بەرگى پێشەوەى کتێب و ئاگادارکردنەوەى وەرگر لە بوونى چەند تێمەیەک کە پەیوەستە بە تووندوتیژى و پۆڕنۆگرافیا و هەندێ حاڵەتى سادیزم لەو ڕۆمانەدا کارێکى نوێیە لە ڕۆمانى کوردیدا، بێگومان وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێیدا ئەو جۆرە ئاگادارکردنەوە لە ڕۆمانى دنیادا هەن.

2- لەو ڕۆمانە تیشک خراوەتە سەر نەخۆشییەک کە ئازارى ڕۆح و جەستەى میللەت دەدا کە ئەویش درووستبوونى گرووپى مافیاییە و کۆمەڵێک کەسى دەستڕۆیشتوو هەرچى بیانەوێ بۆ بەرژەوەندى و چێژ و لەززەتى خۆیان ئەنجامى دەدەن و قانوونیش ناتوانێ ڕێگریان لێبکا و ببێتە کۆسپ لەبەردەم کارە خراپەکانیان.

3- بە پرۆفیشناڵى زنجیرەى ڕووداو و ڕووداوەکانى ئەو زنجیرەیە مۆنتاژکراوە، یەک چیرۆک لە چەند حەڵقەیەک، هیچ یەک لە حەڵقەکان ڕیزبەند نەکراون، بەڵام لە کۆتایى وەک جەستەیەکى پتەو بە یەکەوە نووساونەتەوە و جوانیى و لەززەتێکى تایبەتییان بە گێڕانەوەکە داوە.

4- ئەو ڕۆمانە واقیعێکى تاڵى بوقعەیەکى پڕ کێشە و کێشمە کێشمان بە شێوەیەکى واقیعى نیشان دەداو دواتر بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە کارەکتەریکى واقیعى دەهێنێ، بەڵام بە شێوەیەکى خەیاڵى کێشەکان موعالەجە دەکات، کە ئەوە دەکەوێته خانەى نووسینەوەى واقیع و چارەسەرکردنى کێشە واقیعییەکان بە هێز و ڕووداوى خەیاڵى.

5- جوان کارکردن لەسەر پۆلێنکردنى شۆڕشگێڕانى ڕابردوو، بەسەر دوو بەش و لەولاتر دانە پاڵى بەشێکى دیکەى هەلپەرستان و بەکارهێنانیان لە لایەن ئەو شۆڕشگێڕانەى کە لە ڕێڕەوى ڕاستەقینە و ئامانجى ڕاستەقینەى شۆڕش لایانداوە.

6- هەڵبژاردنى شێوازى جوولە و ئاکشن بۆ لەناوبردن و تۆڵەسەندنەوە لە زوڵم و زاڵم و بەرژەوەندیپەرستان کارێکى نوێیە لە ڕۆمانى کوردى.

7- بنەماى ئاکشن لەسەر زێدەڕۆیى بنیادنراوە، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنەکانى "فریشتەى دۆزەخ"، زیاد لە پێویست زێدەڕۆیى تێدا کراوە.

8- بە شێوەیەکى گشتى زمان جوان کارى لەسەر کراوە، پێچەوانەى زۆر لە ڕۆمانە کوردییەکان کە هەموو کارەکتەرەکانیان وەک شاعیر و فەیلەسوف قسە دەکەن، لەو ڕۆمانەدا هەر کەس بە گوێرەى ئاست و مەعریفەتى خۆى قسە دەکات.

9- دەکرێ لە بەشى ڕۆمان لە کتێبخانەکانى کوردستان ڕەفێکى بەتاڵ زیاد بکەین و لەسەرى بنووسین، بەشى ڕۆمانى ئاکشنى کوردى و یەکەم ڕۆمان، ڕۆمانى "فریشتەکانى دۆزەخ"ى لێدانێین.