سەنتەرێکى هاوبەشى بازرگانیى نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لە هەولێر دەکرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەنتەرێکى هاوبەشى بازرگانیى نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لە هەولێر دەکرێتەوە

سەرۆکى ژوورەکانى بازرگانى و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەم نزیکانە سەنتەرێکى هاوبەشى بازرگانى لە نێوان بازرگانانى وڵاتى ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێتەوە، کە رۆڵێکى باشى دەبێ لە پێشخستنى پەیوەندییە بازرگانییەکانى نێوان هەردوولا.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆکى یەکێتیى ژوورەکانى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "لەگەڵ بازرگان و کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئیسپانیا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەى وەبەرهێنەران و بازرگانانى ئەو وڵاتە بێنە هەرێمى کوردستان و سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ بۆ کردنەوەى پڕۆژە لە بوارە جیاوازەکان، چونکە ئیسپانیا یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و پێشوەچوونێکى باشى بەخۆیەوە بینیوە بەتایبەت لە بوارى بازرگانى و پیشەسازى".

راشیگەیاند: "چەندین کۆمپانیا و وەبەرهێن ئامادەییان نیشانداوە بێن لە هەرێمى کوردستان کارى وەبەرهێنان بکەن، لەم رووەوە ئێمەش ئاسانکارى تەواویان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەى ئەزموون و شارەزایی خاوەنکار و کۆمپانیا گەورەکانى ئەو وڵاتە بگوازینەوە کوردستان".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بۆ زیاتر پێشخستنى پەیوەندیی بازرگانى و پیشەسازى نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا، بڕیارە لە رۆژانى داهاتوو سەنتەرێکى هاوبەشى بازرگانیى نێوان ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بکرێتەوە".