گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: کۆمپانیاکان پێکوتەی دژەکۆرۆنا بە ئێمە نافرۆشن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: کۆمپانیاکان پێکوتەی دژەکۆرۆنا بە ئێمە نافرۆشن

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران رایدەگەیەنێت، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی پێکوتەی دژەکۆرۆنا، رەتی دەکەنەوە پێکوتەکە بە ئێران بفرۆشن.

ئەمڕۆ سێشەممە 30-3-2021، عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیەوە، ناتوانن پێکوتەی دژەکۆرۆنا لە کۆمپانیاکان بکڕن.

ئەو لێدوانەی گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لەکاتێکدایە، کە پێشتر ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کڕینی پێکوتەی دژەکۆرۆنای لە ئەمریکا و بەریتانیا، حەرام کردبوو.

تا ئێستا ملیۆنێک و 864 هەزار و 984 کەس لە ئێران تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 62 هەزار و 478 کەس گیانیان لەدەست داوە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.