نووسەر و وەرگێڕ ساسان عەونی كتێبی "چۆن دیموكراسی لە تەكنۆلۆژیا ڕزگار دەكرێت"ی بڵاو كردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نووسەر و وەرگێڕ ساسان عەونی كتێبی "چۆن دیموكراسی لە تەكنۆلۆژیا ڕزگار دەكرێت"ی بڵاو كردەوە

نووسەر و وەرگێڕی كورد، ساسان عەونی كتێبێكی نوێی بە ناونیشانی "چۆن دیموكراسی لە تەكنۆلۆژیا ڕزگار دەكرێت؟" كە نوێترین بابەتی فرانسیس فۆكۆیاما زانا و فەیلەسووف و ئابووریناسی سیاسی ئەمریكایە، بڵاو كردەوە و ئێستاش لە كتێبفرۆشییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەستە. ئەمە نۆیەمین كتێبی نووسەر و وەرگێڕ "ساسان عەونی"یە کە بڵاو دەکرێتەوە.

وەك ساسان عەونی دەڵێت ئەم بۆچوونەی فۆكۆیاما لە پەیوەست بە هەڕەشەكانی تەكنۆلۆژیا لەسەر دیموكراسی، بۆ كتێبخانە و خوێنەر و ناوەندە رۆشنبیری و ئەكادیمییەكانی كوردستان پێویستە، بۆیە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی تا ئاگاداری نوێترین بۆچوون و لێكۆڵینەوەی ئەو زانا و فەیلەسووفە بین لەبارەی هەڕەشەكانی تەكنۆلۆژیا لەسەر دیموكراسی. 

زانا و فەیلەسووف فرانسیس فۆكۆیاما لە کتێبی "چۆن دیموكراسی لە تەكنۆلۆژیا ڕزگار دەكرێت؟"دا بە وردی ئاماژە بە كاریگەرییەكانی كۆمپانیا گەورەكانی تەكنۆلۆژیا لەسەر دیموكراسی و بە تایبەتی ئازادیی ڕادەربڕین دەكات و لە بەشێكی بۆچوونەكانیدا لەبارەی هەڕەشەی كۆمپانیا گەورەكانی تەكنۆلۆژیا بۆ سەر دیموكراسی دەنووسێت: "كۆمپانیا گەورەكانی تەكنۆلۆژیا (بیگ تێك)ەكان، هەڕەشەی دەگمەنن بۆ سەر ئەو دیموكراسییانەی بە شێوەیەكی باش كار دەكەن". هەروەها فۆكۆیاما لەبارەی بەهێزبوونی كۆمپانیا گەورەكانی تەكنۆلۆژیا بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناوە دەڵێت: "ئەمازۆن و ئەپڵ و فەیسبووك و گووگڵ، هەروەها تویتەر، لە پێش پەتای كۆڤید19وە بەهێز بوون، بەڵام لە كاتی ئەو پەتایەدا، بەهۆی ئۆنلاینبوونی ژیانی ڕۆژانە، زۆر بەهێزتر دەركەوتن".

نووسەر و وەرگێڕ ساسان عەونی، لە پێشەكیی ئەو كتێبەدا لەبارەی گرنگیی بەرهەمەكە و بۆچوونەكانی فۆكۆیاما بۆ خوێنەران و كتێبخانە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەكانی كوردستان دەنووسێت: "كارەكانی فۆكۆیاما فرەڕەهەندن و چۆن كار لەسەر پرسە ئابووری و سیاسییەكان دەكات، بە هەمان شێوە كار لەسەر پرسی ناسنامە و كولتوور و دەوڵەت و گواستنەوەی دیموكراسی دەكات، بۆیە لەبەر پێویستیی خوێنەر و كتێبخانەی كوردستان بەو جۆرە بابەتانە، هەروەها ئاشناییان لەگەڵ ناوی فۆكۆیاما و كاریگەریی دیدگا و تێز و نووسینەكانی لەسەر داڕشتنی سیاسەت و سیاسەتكارانی ئەمریكا و جیهان، بە پێویستم زانی ئەو بابەتە وەربگێڕمە سەر زمانی كوردی، بۆ ئەوەی ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەكادیمی و سیاسیی كوردستان ئاگاداری ئەم هەوڵ و تێز و لێكۆڵینەوانە بن".

بەرهەمە چاپكراوەكانی نووسەر و وەرگێڕ ساسان عەونی:

1-پەیوەندییە گشتییەكان (نامیلكە) لە ساڵی 1995 لەژێر ناوی (بیرەوەر)دا بڵاو كراوەتەوە.

2-هەڵوێست و هەنگاوەكان، لە ساڵی 1997 لە هەولێر چاپ كراوە.

3-یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، چەند لایەنێكی تێكۆشان و مێژوو، لە ساڵی 1998 لە هەولێر چاپ كراوە.

4-ئەتەكێتی رێكخراوەیی، (نامیلكە) لە ساڵی 2018 چاپ كراوە.

5-ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات، ململانێ و هەژموون، لە ساڵی 2019 چاپ كراوە.

6-ڕوانین، وتار و چاوپێكەوتن، لە ساڵی 2019 چاپ كراوە.

7-چەند ڕەهەندێكی ڕێكخراوەیی، لە ساڵی 2019 چاپ كراوە.

8-ئامانجەكانی مۆسكۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، (وەرگێڕان) لە ساڵی 2019 چاپ كراوە.

9-چۆن دیموكراسی لە تەكنۆلۆژیا ڕزگار دەكرێت؟ لە ساڵی 2021 وەرگێڕدراوە و چاپ كراوە.