كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لاهوور جەنگی خیانەت و قاچاخچێتی و مافیاگەریی خۆی و تاقمەكەی لە ڕێگەی دەیان پەیجی ساختەوە پەردەپۆش دەكا

”مانگانە ملیۆنان دۆلاری خەڵكی سلێمانی دەدزێت و بە چەند پەیجێكی چەواشەكاری دەدات“

لاهوور جەنگی، سەردەستەی تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، لە ڕێگەی دەیان پەیج و ماڵپەڕی چەواشەكارەوە كە سەرجەمیان دوورن لە بەهاكانی كاری ڕۆژنامەوانی، خیانەت و قاچاخچێتی و مافیاگەریی خۆی و تاقمەكەی پەردەپۆش دەكات.
لەوەتەی لاهوور جەنگی ”لە باڕەكانی ئەورووپاوە گەڕێندراوەتەوە هەرێمی كوردستان“ و هێز و دەسەڵاتی لە نێو حزبەكەیدا پێ دراوە، لەگەڵ براكانی و تاقمەكەی، چەندان خیانەتی وەك (ڕادەستكردنەوەی كەركووك و زیاتر لە نیوەی خاكی باشووری كوردستان بە میلیشیا و هێزەكانی عێراق، ڕادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران و لەسێدارەدانی) و تاوانی وەك (كوشتنی ئامانج بابانی و خانەوادەكەی، كوشتنی خۆپیشاندەران، تەقەكردن لە ماڵی ئەفسەرانی پۆلیس، تێكەڵكردنی ماددەی زیانبەخش لەگەڵ بەنزین و گازوایل و تووشكردنی خەڵكی بە شێرپەنجە)، قاچاخچێتی و مافیاگەریی وەك (هاوردەكردنی ماددەی هۆشبەر لە دەروازە سنوورییەكان، سووتاندنی دارستانەكانی سلێمانی و داگیركردنی زەوییەكانی)، ئەنجام داوە.
بەرامبەر ئەم خیانەت و مافیاگەری و تاوانانەی لاهوور جەنگیدا، خەڵكێكی زۆر دەنگ هەڵدەبڕن و بێدەنگ نابن، بەم هۆیەشەوە لاهوور ناچار بووە لە ڕێگەی تۆڕێكی گەورەی میدیای چەواشەكار و پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، هەوڵی پەردەپۆشكردنی راستییەكان بدات و كەمێك ڕووی خۆی سپی بكاتەوە.
لەمبارەیەوە رزگار عیسا، مامۆستای زانكۆ بە (باسنیوز)ی راگەیاند، یەكێك لەو كۆڵەكە سەرەكییانەی كە لاهوور جەنگی بۆ داپۆشینی كارە خراپەكانی پشتی پێ دەبەستێت، كردنەوەی دەیان پەیج و سایتی چەواشەكارە، ئەمانە كاریان ئەوەیە لە لایەكەوە خراپەكارییەكانی لاهوور لەبیر خەڵكی ببەنەوە، لە لایەكی دیكەوە وێنەیەكی ناڕاست و خەیاڵی لەبارەی لاهوور جەنگی دروست بكەن وەك ئەوەی كەسێكی گرنگ و سەركردە بێت، لە كاتێكدا ڕاستییەكە شتێكی دیكەیە.
ڕوونیشی كردەوە كە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێك لەو پەیجانەی لاهوور جەنگی بەهۆی پێشێلكردنی یاسا و بڵاوكردنەوەی لەڕادەبەدەری هەواڵی درۆ، لە لایەن كۆمپانیای (فەیسبووك) داخران كە ژمارەیان ٢٤٤ پەیج و گرووپ و هەژماری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون.
مامۆستاكەی زانكۆ جەختی كردەوە كە لاهوور جەنگی زیانێكی گەورەی بە ناوبانگی میدیا لە سلێمانی گەیاندووە و بەشێكی زۆری میدیاكانی دەڤەرەكەی كڕیوەتەوە، هەر بۆیە سەیری یەكێك لەو پەیج یان میدیایانە بكەیت بەسە و پێویستیت بەوە نییە سەیری ئەوانەی دیكە بكەیت، چونكە هەموویان وەك یەكتر بە یەك ئاواز دەخوێنن.
بەپێی ڕاپۆرتێك كە ڕۆژنامەنووسێك بە ناوی زانكۆ بورهان ئامادەی كردووە، پەیجەكانی لاهوور جەنگی بەسەر سێ كۆمەڵەدا دابەش دەبن، ئەوانیش:
كۆمەڵەی یەكەم: پەیجە سێبەرەكانن كە كار لەسەر تیرۆری كەسایەتییەكان دەكەن. ئەدمینەكانیان كارمەندانی دەزگای دژە تیرۆری یەكێتین. سیاسەتیان پشت بە جنێو و سووكایەتی و ناوزڕاندن دەبەستێت، هاوشێوەی پەیجەكانی شاسوار عەبدولواحید. ئەركی سەرەكییان ناشرینكردن و سووكایەتیكردنە بە نەیارەكانی لاهوور جەنگی و سپی كردنەوەی ڕووی ڕەشی خاوەنەكەیان.

كۆمەڵەی دووەم:
پەیجە نیمچە فەرمییەكانی لاهوور، كەسانی راگەیاندنكاری قەڵەمفرۆش سەرپەرشتییان دەكەن. ئەركیان كۆكردنەوەی لایكە، جارجارەش وێنەی لاهوور جەنگی دەخەنە پاڵ وێنەی كەسایەتییە كاریگەرەكان، بۆ ئەوەی وەها نیشانی بدەن كە گوایە لاهووریش كەسایەتییەكی كاریگەرە، لە كاتێكدا هەموو خەڵكی دەزانن، لاهوور جەنگی تەنیا لە خیانەت و مافیاگەری و قاچاخچێتیدا كاریگەری هەیە.
پەیجەكانی (چاو، ئاژانس، كۆباس، مۆر، پۆلۆتیك پرێس و ئاژانسی وڵات) دەكەونە نێو ئەم كۆمەڵەیەوە، مووچەكانیان لە لایەن دژە تیرۆری یەكێتییەوە دابین دەكرێت و هەریەكەیان زیاتر لە ٢٥ كارمەندیان هەیە و مانگانە مووچەی كارمەندانیان دەگاتە ١٥٠٠ دۆلار.

كۆمەڵەی سێیەم:
پەیج و سایتە هەواڵییەكانی لاهوورن، كاریان شەڕی راگەیاندنە لە دژی نەیارانی لاهوور جەنگی، هیچ هەواڵێك، تەنانەت هەواڵی كەشوهەواش بەبێ لێدان لە نەیارەكانی لاهوور جەنگی بڵاو ناكەنەوە، بۆ سەرجەم هەواڵەكانیشیان، پشت بە درۆ و سەرچاوەی نێو گیرفانی لاهوور و پۆستی پەیجە درۆزنەكانی سەر بە كۆمەڵەی یەكەم و دووەم دەبەستن.
هەمان ڕۆژنامەنووس ئاشكرای كردووە، پەیجەكانی (ژیان، لڤین، میللەت، ئێستا) لەلایەن ئاكۆ جەنگیی برای لاهوورەوە سەرپەرشتی دەكرێن.
پەیجەكانی (ژیان و لڤین)یش لە لایەن محەمەد هەورامییەوە سەرپەرشتی دەكرێن. تەنیا ئەم دوو ماڵپەڕە، ژمارەی كارمەندانیان زیاتر لە پەنجا كارمەندە، ٢٠ تا ٢٥ نووسەریان بەكرێ گرتووە كە مانگانە نزیكەی ١٥٠٠ دۆلاریان پێ دەدەن لە بەرامبەر نووسین بە دڵی لاهوور جەنگی.
سایتی (میللەت)ی لاهووریش لانی كەم ٤٥ كارمەندی گرێبەستی هەیە لەگەڵ دەیان نووسەری قەڵەمفرۆش، مووچەی مانگانەی كارمەندەكانی دەوروبەری ١٢٠٠ دۆلارە.
لاهوور جەنگی تەنیا لە سپۆنسەركردنی پەیجەكانی، سەدان هەزار دۆلار خەرج دەكات، هەروەك پێشتر كۆمپانیای (فەیسبووك) چەند پەیجێكی لەو پەیجانەی لاهوور جەنگی داخست و بە فەرمی ڕایگەیاند كە تەنیا لەو پەیجانەی داخراون، مانگانە ٢٧ هەزار دۆلار خەرج كراوە، لە كاتێكدا ئەو پەیجانە هیچیان فەرمی نەبوون، ئاخۆ دەبێت لە پەیجە گەورە چەواشەكارەكانیدا چەند خەرج بكات؟
بەپێی زانیارییەكان، سەرجەمی مووچە و خەرجیی مانگانەی پەیج و سایتەكانی لاهوور جەنگی و سپۆنسەركردنیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ملیۆنەها دۆلارە، لاهوور جەنگی ئەو پارەیە لە ڕێگەی بودجەی دەزگای زانیاری و پارەی ئیدارەی گشتیی یەكێتی و قاچاخچێتی و خیانەت و مافیاگەری و سەندنی سەرانە لە خەڵكی و دەستگرتن بەسەر داهاتەكانی سلێمانی، دابین دەكات.

 

 

ب.س