شازادەی جێنشیینی سعودیە پلانێک بۆ سەوزکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێت.
بەپێی هەواڵی میدیا سعودیەکان، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 28-3-2021، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە ژمارەیەک شا و سەرکردەی وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
محەمەد بن سەلمان پەیوەندیی بەم شا و سەرکردانەوە کردووە:
- مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
- تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر
- شێخ نەواف ئەحمەد جابر، میری کوێت
- حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرێن
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەدا، محەمەد بن سەلمان پلانێکی خۆی لەژێر ناوی ”رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز“ بۆ چاندنی 50 ملیار درەخت لە ناوچەکە، خستووەتە روو.
پلانەکە بە ئامانجی بووژاندنەوە و رووبەڕووبوونەوەی ئلنگارییەکانی ژینگە لەلایەن شازادەی جێنشینی سعودیەوە داڕێژراوە و بە هەماهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، مستەفا کازمی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پاڵپشتیی عێراقی بۆ پلانەکە نیشان داوە و دەستخۆشیی لەو هەنگاوەی بن سەلمان کردووە.