بزووتنەوەی سیاسیی كورد لە توركیا لە هه‌پەوە تا هه‌ده‌په‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بزووتنەوەی سیاسیی كورد لە توركیا لە هه‌پەوە تا هه‌ده‌په‌

عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP، بە بڕیاری دادگا سزای دوو ساڵ و شه‌ش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، پاشان لەناو پەرلەمانی توركیا ئەندام پەرلەمانی لێ سەندرایەوە و لە بەرەبەیاندا پۆلیس لەناو پەرلەمانی توركیا هەڵیكوتایە سەری و قۆڵبەستی كرد، چونكە لە ژوورەكەی خۆی نۆبەتی بۆ عەدالەت گرتبوو، ئەم رووداوە وای كرد، پارتە كوردییەكان و كورد، ساڵی 1994یان بەبیر بێتەوە.

گەرگەرلیئۆغڵو، قسەی بۆ میدیاكان كرد و گوتی: ”AKP و MHP كە ئێستا لە دەسەڵاتن دوژمنی دیموكراتین، هەروەها دەسەڵاتی ئەوان كودەتاییە و هەموو ئیمكانی خۆیان بەكار هێناوە بۆ ئەوەی زوڵم لە خەڵك بكەن، ئەم دەسەڵاتە بە جۆرێك فشار دەخاتە سەر خەڵك، پەرلەمان دووبارە بووەوە بە شایەدی رووداوێك كە ساڵی 1994 كودەتاچییەكان دژی كورد ئەنجامیان دا و هەمان شەرمەزاری دوای 27 ساڵ لەسەر دەستی AKP و MHP دووبارە بووەوە“.


لە HEPەوە تا HDP

پارتی كاری گەلان HEP، لە 1990 دامەزرا كە لە هەناوی باكوور دروست بوو و پارتێكی كوردی بوو، پاشان پارتی دیموكرات و پارتی ئۆزدە و پارتی دیموكراتی گەلان (HADEP) و پارتی گەلی دیموكراتی (DEHAP)، پارتی جفاكی دیموكرات (DTP)، پارتی دیموكراتی و ئاشتی (BDP) و دواجاریش پارتی دیموكراتی گەلان HDP، كە داوا دەكرێت دابخرێت، ئەم پارتانەی ناویان هاتووە، هەموویان بە بڕیاری دادگا و بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان PKKن، بۆیە بڕیاری داخستنیان دراوە.

لە HEP ەوە بۆ HDP، چەندین جار پارتە كوردییەكان بە داخستنی پارتەكەیان، پارتێكی تریان دامەزراندووە و چوونەتە ناو پەرلەمانەوە، بەڵام وەكوو چۆن لەناو پەرلەمان سەرەتا ئەندام پەرلەمانەكانیان دەستگیر كرد و ئەندام پەرلەمانییان لێیان سەندەوە، بە هەمان شێوەش HDP دووچاری دەستگیركردن و فشارێكی توند بووەتەوە، جگە لە هاوسەرۆكانی پێشووی HDP (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن سوكسەكداغ)، 10 ئەندام پەرلەمانی تر لەناو زیندانەكانی توركیان، ئەمە جگە لەوەی دەیان سەرۆك شارەوانی كە بە دەنگی خەڵك بوونەتە سەرۆك شارەوانی، دەستگیر كراون و تۆمەتی تیرۆرستیان دراوەتە پاڵ.

یەكەم جموجۆڵی سیاسیی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا، لە ساڵی 1990 دەستى پێكرد بە پارتی HEP و سەرۆكی پارتیش فەهمی ئیشیق بوو.

لە 20/1/1991 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، هاوپەیمانی لەگەڵ SHPدا كرد و توانییان چەند ئەندام پەرلەمانێك بەدەست بهێنن و ئەمانەی خوارەوە بوونە ئەندام پەرلەمان و بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی توركیا، پارتێكی كورد چەند ئەندام پەرلەمانێك لەژێر چەتری هاوپەیمانیدا بخاتە پەرلەمانەوە:

(فەهمی ئیشق، ساڵح سومەر، مەحموود ئویانك، سەدات یورتداش، خەتیب دیجلە، لەیلا زانا، ئەحمەد تورك، محەممەد سینجار، عەلی یغیت، مەحموود ئەڵناك، ئۆرهان دۆغان، سەلیم سەدەق، زوبەیر ئایدار، نایف گونەیش، نیزامەدین تۆعوچ، زەمزی كارتال، سری ساكك، مەحموود كڵچ).

لە ساڵی 1993 یەشار كایە پارتی دیموكراتی دامەزراند و بۆ خۆشی بووە سەرۆكی پارت.

هەڵگرتنی پارێزبەندی و قۆڵبەست كردنیان بەهۆی ئەوەی داوای یاسایی لەسەر ئەندام پەرلەمانەكانی HEP تۆمار كرا و مەترسیی دەستگیركردنیان لەسەر بوو، بۆیە لە هاوپەیمانی لەگەڵ SHP كشانەوە و لەناو پەرلەمانی توركیا گرووپی DEPیان دروست كە پارتەكەی یەشار كایا بوو.

لە 4ی ئەیلوولی 1993 ئەندام پەرلەمانی سەر بە DEP (محەممەد سینجار) لە باتمان بە نهێنی كوژرا و ئەم رووداوەش ترسی خستە دڵی سیاسییە كوردییەكان، چونكە زەنگێك بوو بەوەی هەموو ئەندام پەرلەمانەكانی تریش ژیانیان بكەوێتە مەترسییەوە.

لەناو پەرلەمانی توركیا و لە 1994، لەیلا زانا بڕیاری دا بە زمانی كوردی سوێندی یاسایی بخوات، بۆیە گرژییەكە لەو كاتەوە دەستی پێكرد و بەردەوامی هەبوو، لە 2/3/1994 پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانان (لەیلا زانا، خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان، ئەحمەد تورك، ساری سەكك، مەحموود ئاڵناك) هەڵگیرا و لە هەمان رۆژدا، ئۆرهان دۆغان و خەتیب دیجلە لە پەرلەمان دەركران، پاشان دەستگیر كران.

هەریەك لە (لەیلا زانا، ئەحمەد تورك، ساری سەكك، سێدات یۆرتداش، سەلیم سەدەق، مەحموود ئاڵناك، خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان) بە تۆمەتی ئەوەی سووكایەتییان بە دەوڵەت كردووە و خیانەتیان كردووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی هەوڵیان داوە وڵات دابەش بكەن و بەشێكی خاكی توركیا داببڕن و دەوڵەت دروست بكەن) بۆیە دەستگیر كران.

هەروەها ئەندام پەرلەمانەكانی تر (رەمزی كارتاڵ، زوبەیر ئایدار، نایف گونەیش، نیزامەدین تۆغۆچ، مەحموود كڵچ، عەلی یەغیت) ناچار بوون توركیا بەجێ بهێڵن، چونكە ئەوانیش فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووبوو.

لە 16ی حوزەیرانی 1994 DEP بە بڕیاری دادگای دەستووری توركیا داخرا.

بەربەستی هەڵبژاردن یەكێك بوو لە كێشە گەورەكان بۆ پارتە كوردییەكان لە 1994 بە سەرۆكایەتیی (موراد بۆزڵاك)، پارتی دیموكراتی گەلان (HADEP) دروست بوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 1995 توانییان یەك ملیۆن و 500 هەزار دەنگ بە دەست بهێنن، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنن و وەكوو پارت بچنە پەرلەمانەوە.

هەر هەمان پارت، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 1999، توانییان سەرۆكی شارەوانیی (ئامەد، باتمان، بینگۆل، هەكاری، سیرت، وان) ببەنەوە، لەگەڵ 37 سەرۆك شارەوانیی شارۆچكە و شارەدێی تردا، ئەمەش بۆ ئەو پارتە سەركەوتنێكی گەورە بوو.

بەهۆی ئەوەی لە كۆنگرەی (HADEP) دا پۆستەری عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی PKK بەرز كرایەوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی داوای یاسایی لەسەر موراد بۆزلاك سەرۆكی پارت تۆمار بكرێت و بە تۆمەتی پروپاگندە بۆ تیرۆر دەستگیر كرا.

دادگای دەستووری توركیا، بە تۆمەتی ئەوەی (HADEP) پروپاگندەی بۆ تیرۆر كردووە و بەشێوەیەكی نایاسایی چالاكیان كردووە و تیرۆرستیان لای خۆیان حەواندووەتەوە، بۆیە لە 13/3/2003 (HADEP) داخرا و هەروەها بۆ ماوەی پێنج ساڵ سیاسەت لە دامەزرێنەر و سەركردەكانی ئەو پارتە قەدەغە كرا.

لە 2011 موراد بۆزلاك لەسەر لیستی (BDP) و لە بازنەی ئەدەنا، توانی ببێتە ئەندام پەرلەمان، بەڵام لە 2015 بە نەخۆشیی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.

لە 1997 كاتێك پارتی گەلی دیموكراتی (DEHAP) بەهۆی ئەوەی بە رێكخراوەیی نەببوو و بە گوێرەی یاسای توركیا رێكخستنی پارتەكەی كۆتایی پێ نەهێنابوو و چووە ناو هەڵبژاردنەوە، بۆیە دادگای دەستووری لە 2002 داوای كرد دۆسیەی لەسەر بكەنەوە بۆ ئەوەی دابخرێت، ناچار پارت لە 2005 بۆ خۆی خۆی هەڵوەشاندەوە.

ئەندام پەرلەمانەكانی سەر بە (DEP) وەكوو (خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان، سەلیم سەدەق، لەیلا زانا) دوای ١٠ ساڵ زیندانی و ئازادبوونیان لە 2004، لە 2005 لە بزووتنەوەی گەلی دیموكرات (DTH) هاتنەوە ناو سیاسەت.

پاشان لە ژێر ناوی پارتی دیموكرات (DTP) لە 2005دا، وەكوو یەكەم پارت لە مێژوودا سیستەمی هاوسەرۆكیان هێنایە بەرباس و جێبەجێیان كرد.

هاوسەرۆكانی DTP (ئەحمەد تورك و ئایسەل تۆغلووك) بوو، بەڵام دیسان دادگای دەستووری توركیا رێگەی لێ گرتن سیستەمی هاوسەرۆك پەیڕەو بكەن و هەڕەشەی داخستنی كرد، بۆیە بە ناچاری ئەحمەد تورك وەكوو هاوسەرۆكی DTP هەڵبژێردرا، DTP بووە ئەو پلاتفۆرمەی سیاسەتێكی تازەی هێنایە كایەوە و لە هەمان كاتدا، ئەندام پەرلەمانی سەر بە DEPی لە خۆی كۆ كردەوە.

كاندیدەكانی 2007
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2007، DTP توانی لە هەڵبژاردندا تا ئاستێكی باش سەركەوتن بە دەست بهێنێت، بەڵام زانی ناتوانێت وەكوو پارت بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، بۆیە ئەندام پەرلەمانەكانی وەكوو كاندیدی سەربەخۆ چوونە پەرلەمانەوە، كە لە نێوانیاندا (سەلاحەدین دەمیرتاش، گولتان كشەناك و لەیلا زانا) هەبوو.

دادگای دەستووری توركیا وازی لە پارتە كوردییەكان نەدەهێنا و بەدەوام سەرئێشە بووە بۆیان، لە 16/11/2007 بە تۆمەتی ئەوی DTP ویستویەتی توركیا بەرەو دابەشبوون ببات، هەروەها پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە، بۆیە داوای تۆمار كرد تا دابخرێت. هەروەها داوای كرد ئەحمەد تورك سەرۆكی پارت و 221 ئەندامی تری ئەو پارتە سیاسەتیان لێ قەدەغە بكرێت.
لە 11/12/2009 دادگای دەستووری بڕیاریدا DTP دابخرێت و 37 ئەندامی ئەو پارتەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ قەدەغەی سیاسەتیان لێ كرا و ئەندام پەرلەمانیشیان لە ئەحمەد تورك و ئایسەل تۆغرول سەندەوە.

بە هۆی ئەوەی ئەحمەد تورك و ئایسەل تۆغرول ئەندام پەرلەمانیان لێ سەندرایەوە، بۆیە گروپی DTP لەناو پەرلەمانی توركیا هەڵوەشایەوە، پاشان ئەندام پەرلەمانەكانی ئەو پارتە، سەركەوتوو بوون لەوەی 20 واژۆ كۆ بكەنەوە و گروپێكی تر لەژێر ناوی BDP دروست بكەن و لەناو پەرلەماندا بوونیان هەبێت.

هەروەها نووری یامان وەكوو سەرۆكی پارتی BDP هەڵبژێردرا، كە لەسەر بانەی مووش ئەندام پەرلەمان بوو.

ئەوكات BDP داوای كرد، ئۆجەلان رۆڵێكی سەرەكی ببینێت لە چارەسەركردنی كێشەی كورد و گوتیان نەخشە رێگەی چارەسەركردنی كێشەی كورد لای ئۆجەلانە.

لە 1/2/2010دا پارت چووە ناو كۆنگرە و سەلاحەدین دەمیرتاش وەكوو سەرۆكی پارت هەڵبژێردرا.

BDP لە 2011دا توانی 36 ئەندام پەرلەمان مسۆگەر بكات
لە هەڵبژاردنی 2011، BDP بە 61 كاندید چووە ناو هەڵبژاردن و توانیان 6.58%ی دەنگەكان بەدەست بهێنن و 36 ئەندام پەرلەمانیان بە دەست هێنا. بەڵام بەهۆی ئەوەی، دادگای دەستووریی توركیا، سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەر خەتیب دیجلەدا سەپاندبوو، بۆیە ئەندام پەرلەمانی لێ وەرگیرایەوە و ژمارەی پەرلەمانتارانی BDP بۆ 35 دابەزی.

لە 2013 BDP توانی رۆڵێكی سەرەكی ببینێت لە پرسی چارەسەری لە توركیا، لە 2015ش كاتێك پرسی چارەسەری كۆتایی پێهات، BDP لیژنەیەكی دروست كرد، تا بتوانن سەردانی ئیمیڕالی و قەندیل بكەن بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری سەركەوتوو بێت.

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، لە 27/11/2013 هەریەك لە ئێرتوغرول و سەباحەت تونجەل پارتی دیموكراتی گەلان HDP یان دروست كرد.

HDP توانی لەژێر چەتری خۆیدا هەریەك لە پارتەكانی (دیموكرات و ئاشتی، پارتی سۆسیالیست و شۆڕشگێری، پارتی سۆسیالیستی چەوساوەكان، پارتی رزگاری نوێنبوونەوەی سۆسیالیست، پارتی سەوز و چەپ و ئاییندە) كۆ بكاتەوە و یەكبگرن.

لە 2014دا، ئەندام پەرلەمانەكانی سەر بە BDP چوونە ناو HDP، بەڵام سەرۆك شارەوانییەكانیان هەر لەسەر پارتی BDP مانەوە.

ئەوان رێككەوتن تا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لەژێر ناوی HDP دا بچنە ناو هەڵبژاردنەوە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش لەژێر ناوی BDP بچنە ناو هەڵبژاردنەوە، هەردوو پارتیش سیستەمی هاوسەرۆكیان هەڵبژاردن.

HDP لە ٧ی حوزەیرانی 2015دا توانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا شه‌ش ملیۆن دەنگ بە دەست بهێنێت و ٨٠ ئەندام پەرلەمانیان مسۆگەر كرد كە 13.12%ی دەنگەكان بوو، بۆ یەكەمجاریش بوو لە مێژووی توركیادا كورد وەكوو پارت بچێتە ناو پەرلەمانی توركیاوە، پاشان توركیا لە هەمان ساڵدا چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و توانیان 10.76%ی دەنگەكان بە دەست بهێنن و 59 ئەندام پەرلەمانیان بەدەست هێنا.

هەروەها لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2014، BDP لەژێر سیستەمی هاوسەرۆكیدا توانی 102 شارەوانی بباتەوە، واتە هەردوو پارت سەركەوتنێكی گەورەیان بەدەست هێنا.

لە 11ی تەممووزی 2014 BDP چووە ناو سێیەم كۆنگرەوە و دروشمی (خۆبەڕێوەبردنی دیموكراتی و بونیادنانی ژیانێكی ئازاد)ی بەرز كردەوە و ناوی پارتەكەشی گۆڕی بۆ پارتی دیموكراتی ناوچەیی DBP، هەروەها كامەران یوكسەك و ئەمینە ئاینە وەكوو هاوسەرۆكی پارت هەڵبژێردران.

بەهۆی ئەوەی بە كردار داوای خۆبەڕێوەبردنیان دەكرد، لە زۆرێك لە ناوچەكانی باكووربە هاوكاری PKK خەندەقیان هەڵكەند و بەربەستیان دروست كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شەڕ دروست ببێت و هێزەكانی توركیا شەڕی كۆڵان بە كۆڵانیان بۆ داخستنی خەندەقەكان دەست پێكرد.

بە بڕیاری دادگای باڵای توركیا، 94 شارەوانیی سەر بە DBP قەیووم كران و دەستگیر كران، لەو رێژەیە تاوەكوو ئێستاش 58یان لە زیندانەكاندان.

11 سەرۆك شارەوانی سزای 78 ساڵیان بەسەردا سەپێنرا، 11ى تریش كە سەرۆك شارەوانیی تریش كە هەمان سزایان بەسەر سەپێندرابوو، بۆ دەرەوەی وڵات رایان كرد.

لە توركیادا لە HEP ەوە بۆ HDP دوای 28 ساڵ، بزووتنەوەی سیاسیی كوردی لەژێر ناوی جۆراوجۆردا دروست بوون و داخراون.

بەڵام كاتێك HDP بە دروشمی (بە توركیایی) هاتە ناو سیاسەت و گوتی پارتەكەمان تەنیا كوردی نییە و بۆ هەموو توركیایە، توانی تا ئاستێك لە پارتەكانی تر جیاواز بێت.

بۆ ئەم شڕۆڤەیە، سوود لە 10 ماڵپەری توركیا وەرگیراوە، بە تایبەت نووسینێكی خەجیجە كامەر لە ئاژانسی (BBC)ی توركی.