كێوی بێستوونی كوردستان یەكێك لە گەورەترین بەردەنووسەكانی جیهانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كێوی بێستوونی كوردستان یەكێك لە گەورەترین بەردەنووسەكانی جیهانە

بێستوون ناوی کێوێکە لەنزیک شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە یەکێک لە ناسراوترین شوێنەوارەکانی جیهانی لەسەر هەڵکەنراوە. ئەو شوێنەوارەی سەر بێستوون، گەورەترین بەردەنووسی جیهانە و لە ریزبەندی شوێنەوارە ناوازەکانی جیهان لە یۆنسکۆ، ناوی وەک میراتێکی جیهانیی تۆمار کراوە.

لەسەر کێوی بێستوون جیا لەو بەردەنووسە، چەندین شوێنەواری دیکە هەڵکەنراون. بێستوون بە مانای وڵاتی خواوەندەکان، یەکێک لە شوێنە پیرۆزەکانی پەیڕەوکارانی زەردەشت بووە. یەکەم جار لە کتێبی (دیودوروس)ی سیکولوسی یۆنانی باسی لێوە کراوە، کە بەردەنووسی بێستوون بە دەستی (سەمیرئەمیس) شاژنی ئەفسانەیی ئاشوور هەڵکەنراوە و کێوی بێستوون پێشکەش بە ئاهوورامەزدا کراوە.

ئەم بەردەنووسە باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی (داریوش) بەسەر (بەردیا)دا دەکات. داریوش زاوای کورش، شای هەخامەنشییەکان بوو و بەردیا کوڕی کورش و برای کەمبووجیە بوو، کە داریوش لە کودەتایەکدا حکوومەتەکەی رووخاند و خۆی جێی گرتەوە. بەردەنووسەکە سێ مەتر بەرزە و پێنج مەتر و نیویش درێژە.

نەخشی داریوش، بەرزتر لە دیلەکان هەڵکەنراوە و پێی چەپی خستووەتە سەر دوژمنەکەی، کە ناوی (گئومات موغ)ە. لەپشتی سەری گئومات نەخشی 8 دیل هەڵکەنراوە، کە مل و دەستیان بە پەت بەستراون. نەخشی پیرۆزی زەردەشتییەکان لەسەر ئەم بەردەنووسە لەبەرامبەر داریوش هەڵکەنراوە و داریوش دەستی راستی خۆی بە هێمای پاڕانەوە لە ئاهوورامەزدا بەرز کردووەتەوە.

لەپاڵ بەردەنووسی بێستوون، پەیکەری هیرکوڵ هەڵکەنراوە، دەستی چەپی لەسەر پێی راستی داناوە و بە دەستی راستی جامێک شەرابی گرتووە. لە خوار ئەم بەردەنووسە، کانیاوێک بەناوی سەراوی بێستوون هەڵدەقوڵێ، کە لە کۆنەوە تا ئێستا، دانیشتوانی ناوچەکە ئاوەکەی بە پیرۆز دەزانن.

لەنزیک ئەم بەردەنووسە، دیوارێکی تاشراو بەدرێژیی 200 مەتر و بەرزیی 36 مەتر هەڵکەنراوە، کە بە فەرهادتاش، یان دیواری فەرهادی کۆکەن ناسراوە، کە خەڵکی ناوچەکە دەڵێن: فەرهاد تاشیویەتی، تا نەخشی شیرینی لەسەر هەڵکەنێ و مەرگ مۆڵەتی پێ نەداوە، بەڵام شوێنەوارناسان پێیان وایە؛ ئەم شوێنە لە سەردەمی خەسرەو پەروێز بۆ بەردەنووس یان نەخشەبەرد ئامادە کراوە، بەڵام لەگەڵ نەمانی دەسەڵاتی خەسرەو پەروێز، شوێنەکە بەناتەواوی وەکوو خۆی ماوەتەوە.

لە خوارەوەی بێستوون، شوێنەواری کۆشکێکی شاهانە بە ناتەواوی لە سەردەمی ساسانییەکان ماوەتەوە و لەپاڵ شوێنەواری ئەو کۆشکە، کاروانسەرایەکی کۆن تائێستا وەکوو خۆی ماوە. ئەم کاروانسەرایە بە کاروانسەرای بێستوون ناسراوە و مێژووی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە.

ئەم کاروانسەرایە لە سەردەمی دەسەڵاتی شا سلێمان، بە فەرمانی شێخ عەلی خانی زەنگەنە دروست کراوە. لە ساڵانی رابردوودا وەکوو قەڵای سەربازی و زیندان بەکار دەبرا، بەڵام چەند ساڵێکە نۆژەن کراوەتەوە و بووە بە هۆتێل و شوێنی حەسانەوەی ئەو گەشتیارانەی، لە دوور و نزیکەوە سەردانی بێستوون دەکەن.