كوردستان و كورد لە مێژوودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 23/03/2021

كوردستان و كورد لە مێژوودا

11-

لە مێژوودا بیرى (دووانەپەرستى) بۆ (زەردەشتی كوڕی پورشاسب) دەگەڕێتەوە. ئەو كەسایەتییە ئایینییەى بۆ یەكەمین جار (دووانەپەرستى)ی خستە چوارچێوەیەكی ئایینى، بەڵام وەك مێژوو بۆ زۆر كۆنتر دەگەڕێتەوە. كۆنتر لە مێژووى ئەو پەیامبەرە و دەركەوتنی و بانگەشەكردن بۆ خوداى گەورە (ئاهوورامازادا) و شەيتان واتە (ئەهریمەن). كۆنتریش لەوەى مرۆڤى كۆن بۆ گەورەیی خودا و باوەڕی ئایینى چووبێت، كە ئەم بوونەوەرەى دروست كردووە.

ئەوەش كاتێك لە باوەڕى بتپەرستیدا (دوو) بت بۆ (خودای چاكە و خودای خراپە) هەبوو، كە دواتر ناوی (ئاهوورامازدا و ئەهریمەن)، (خودای ڕووناكی و خوداى تاریكی)یان لێ نرا. لەو كاتەوەش تا بە ساتى دەركەوتنی (زەردەشت كوڕى پورشاسپ) دەگات لە سەدەى (حەوتەمی پێش زایین)، مێژوویەكی دوور و درێژ هەیە، كە هیچ دوور نییە نزیك بە یەك ملیۆن ساڵى خایاندبێت.

لەلايەكى ديكەوە، (ئایینى ئێزدی)، كە پێش ئایینى زەردەشتیى دەركەوت، خودای گەورەى بە (ئێزد) دانا. لەبەرامبەر گەیشتن بە ڕەزامەندیی خودای گەورەش، (ئیبلیس) ستاییش كرا، كە لەو ئايينەدا بە (مەلیك تاووس) ناسرا. واتە لە باوەڕى ئایینى ئێزدیدا، بۆ ئەوەی مرۆڤەكان نەكەونە بەر تووڕەیی و نەفرەتی (مەلیك تاووس)، پێویست بوو ستاییشی بكەن، تا بەو هۆیەوە بەزەیی (مەلیك تاووس) ببێتە هۆكاری دووركەوتنەوەیان لە تاوان و هەڵە و خراپكاری.

كاتێكیش مرۆڤ تاوان و هەڵە و خراپكاری نەكات، (ئێزد) لە خۆی ڕازی دەكات و دەچێتە بەر دلۆڤانی و بەهەشتەكەی لەو دونیا. ئەم ئایینەش كە وەك ئایینى زەردەشتى لە خاكی كوردستانەوە سەرچاوەی گرت و بڵاو بووەوە، بەڵام وەك ئەو ئایینە پێگەی دروست نەكرد و نەناسرا.

(زەردەشت كوڕى پورشاسب) و لە دایكەوە (زەردەشت كوڕى دوغدا) ساڵى (660پ.ز) لە هەرێمى مانناى نێو (دەوڵەتى ماد) و ناوچەی ئازەربایجانی خۆرهەڵاتى ئێستای وڵاتى ئێران و بەشى خۆرهەڵاتى كوردستان لەدایك بووە. ساڵى (630پ.ز) لە تەمەنی (30) ساڵى بانگەشەی بۆ پەیامبەرایەتی و گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ لای خودا كردووە، كە لای ئەو بە (ئاهورامازدا) هات. ئەو لە بانگەوازەكەیدا هەوڵی دا مرۆڤ لەوە تێبگەیەنێت، كە گەڕانەوە بۆ لای ئاهوورامازدا و ڕازیكردنى و گەیشتن بە بەهەشتى خودایی لەو دونیا، بەبێ ستايشكردنى (ئەهریمەن) واتە (شەیتان) نابێت. لە باوەڕى پەیامەكەی زەردەشتدا (ئەهریمەن) وەك هێزێك توانیبێتى بێفرمانیی (ئاهوورامازدا) بكات و كڕنۆش بۆ (ئادەم)ى دروستكراوەكەی نەبات، لە توانای مرۆڤدا نەبووە دژایەتیی بكات و بە نەفرەتی بكات.

بەڵگەی دووەمیشی بۆ ئەو باوەڕە ئەوە بوو، كە (ئەهریمەن) توانیبێتى (ئادەم) و (حەوا)ى خێزانى لە بەهەشتى خودا لەخشتە ببات و بەهۆیەوە بكەونە بەر تووڕەیی (ئاهوورامازدا) و دەریان بكات و بیانخاتە سەر زەوی، چۆن نەوەكانی ئادەم و بەندەكانی خودا دەتوانن لە (ئەهریمەن) یاخی ببن و بێفرمانیی بكەن و بە نەفرەتی بكەن؟ بۆیە داوای ئەوەی كرد، بۆ گەیشتن بە ڕەزامەندیی (ئاهوورامازدا) ستايیشى (ئەهریمەن) بكەن، تا لەو دونیا بە بەهەشتى خودایی بگەن. لە بەرامبەردا، تووڕەبوونى ئەهریمەن و گوێڕایەڵ نەبوونی، هۆكاری سزادانی مرۆڤ بووە بە ئەنجامدانی تاوان و خراپكارى و دواتر تووڕەبوونی (ئاهوورامازدا) و چوونە (دۆزەخ) لەو دونیا.

لێرەوەش (زەردەشت) هەوڵی دا لە ڕێگاى ستاییشكردنى (ئەهریمەن)ەوە (ئاهوورامازدا) ڕازی بكات و مرۆڤ لە خراپكاری و تاوان دوور بخاتەوە. واتە دووانەپەرستیى خستە خزمەتى یەكتاپەرستی. بەوەش باوەڕى ئایینى (دووانەپەرستى) خستە چوارچێوەیەكی ئایینى.

لەنێو ئەو باوەڕە و پەیامەی (زەردەشت)دا، كە لە ساڵى (630پ.ز)دا بڵاوی كردەوە و بانگەشەی بۆ ئەوە كرد، كە لەلای (ئاهوورامازدا) سرووشى بۆ هاتووە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمى موكریانی خۆرهەڵاتى كوردستان و هەرێمی مادەوە لە ساڵی (630پ.ز) دەركەوت، بەڵام لای كورد سوودی لێ وەرنەگیرا، تا دواجار و لەناچاریدا سەری خۆی هەڵگرت و ڕووی كردە خۆرهەڵاتى دەوڵەتى ماد و لەسەر زەمینى كیانى لە ئەفغانستانی ئێستا گیرسایەوە.

لەوێش بەپێچەوانەی كوردستان و نەتەوەكەیەوە لەلایەن (گوشتاسپ)ى پادشاى كیانى لە شارى (بەڵخ)ى پایتەخت پێشوازیی لێ كرا و پشتیوانی لە ئایینەكەی كرا و وەرگیرا. تەنانەت كرایە ئایینى فەرمیی دەوڵەتەكە، بەڵام دواجار (زەردەشت) لەسەر باوەڕەكەی و لە شەڕێكى دەوڵەتى كیانى بەرامبەر خێڵە توركە بتپەرستەكان كوژرا و كۆتایی بە ژیانى هات.

بەوەش (بیرى دووانەپەرستى) لە (ئایینى زەردەشتی)دا مایەوە و رێچكەی گرت، تا ئەو كاتەی لە سەدەی سێیەمی زایینى، كەسایەتییەكی تر بە ناوى (مانی كوڕى پاتك/216-277ز) و لە هەناوى ئیمپراتۆڕیی ساسانی كەوتە بانگەشەكردنی پەیامبەرایەتی و نوێكردنەوەی بیرى (دووانەپەرستى) بۆ خزمەتی (یەكتاپەرستى).