لە سنووری دهۆک هاووڵاتییەک گەلەریی تایبەت بە پوول و دراوی کردووەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە سنووری دهۆک هاووڵاتییەک گەلەریی تایبەت بە پوول و دراوی کردووەتەوە

پوولی زیاتر لە سەد وڵاتی تێدایە

لە کۆمەڵگەی "شاریا"ی سەر بە شارۆچکەی سێمێل لە پارێزگای دهۆک، کەسایەتییەکی ئێزدی بە ناوی سعوود مستۆ، گەلەرییەکی تایبەت بە پوول و دراوە کۆنەکانی هەیە.

ئەم گەلەرییە لە بەشێک لە ماڵەکەی خاوەن گەلەری دانراوە و پێکهاتووە لە ٢٥ تابلۆی تایبەت و لەسەر هەر تابلۆیەک زیاتر لە دە جۆر دراو و پوول و پارەی جیاوازی هەیە.

 بە گوتەی سعوود مستۆ لەناو ئەو گەلەرییە تایبەتەدا پارەی زیاتر لە ٨٠ وڵات و پوولی زیاتر لە سەد وڵات، لە ئاستێکی باش و گونجاو پارێزراون.

کۆنترین پارەی ئەم گەلەرییە،١٠٠ مارکێکی ئەڵمانییە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩١٤ دەگەڕێتەوە، هەروەها لەناو پوولەکانیشدا پوولێکی ئینگلیزی هەیە هی ساڵی ١٨٩٩ە کە کۆنترینیانە.

ئەو باسی چۆنیەتیی کۆکردنەوەی ئەم پوول و دراوانەی بۆ (باسنیوز) کرد و گوتی: "کۆکردنەوە و هەڵگرتنەوەی پوول و دراو، لای من وەک حەزێکە کە لە منداڵییەوە هەمبووە، ئەو باس لە بیرەوەرییەکانی لە ساڵی ١٩٩٤ دەکات کاتێک کە عێراق لە بارۆدۆخێکی خراپدا بووە و لە زۆربەی لایەنەکانی ئابلۆقەی لەسەر بووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەر و جیهانی دەرەوە ئالۆز بووە، بۆیە سعوود بۆ ئەوەی زیاتر ئاگاداری جیهانی دەرەوەی عێراق بێت، هەوڵی داوە بۆ خوێندنەوەی گۆڤار و رۆژنامە عێراقییەکانی ئەو سەردەمە و لەوێ لەڕێگای گۆشەی یەکتر ناسینەوەوە، توانیویەتی خەڵکی زیاتر بناسێت و بۆ یەکەمجار لەوێ زانیوەتی پارە و پوولە کۆن و بەنرخەکان، لە لایەن هەندێ کەسەوە کۆ دەکرێنەوە و دواتر لە گەلەرییەکی تایبەتدا بۆ ئەم کارە، دەپارێزرێن، بۆیە ئەو حەزە لای ئەویش دروست بووە و هەوڵی بۆ داوە".

سعوود زیاتر باسی قۆناغی مێردمنداڵیی خۆی دەکات و دەڵێت: لەگەڵ باپیرە گەورەم گوێم لە رادیۆ دەگرت و لەوێ بوو کە بەهۆی چەند بەرنامەیەکی تایبەت بە یەکترناسینەوەوە زیاتر شارەزای ئەوە بووم کە دەکرێ هەر تاکێک خەون و حەز و خولیایەکی هەبێت، بۆیە زیاتر هۆگری ئەم کارە بووم و لەو کاتەدا بوو کە هەوڵی دروستکردن و چاڵاککردنی هەژمارێکی پۆستم کرد بۆ خۆم و توانیم پاش ماوەیەک هەژماری پۆستەی تایبەت بە خۆمم هەبێت و لەوێوە دەستم کرد بە نامەنووسین بۆ ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی بەرنامەی رادیۆیی و گۆشەی یەکتر ناسینی گۆڤارەکان، ناسیبوومن و زۆربەیان لە دەرەوەی عێراق دەژیان، بۆ ئەوان باسی حەز و ئارەزووەکانم دەکرد و ئەو یەکترناسینە بووە هۆی ئەوەی ئەوان پارە و پوولی خۆیانم بۆ بنێرن و هاوکارم بن بۆ دەوڵەمەندکردنی گەلەرییەکەم و ئەم کارە بوو بە سەرەتایەکی باش بۆ ئەوەی لە زۆربەی وڵاتەکان هاوڕێم هەبێت و خەڵک بناسم و دەست بکەین بە ئاڵوگۆڕی پوول و دراو لەگەڵ هاوڕێیانم لە وڵاتانی وەک ئەمریکای باشوور، ئۆسترالیا، وڵاتانی ئیسکاندیناڤی، وڵاتانی عەڕەبی و رووسیا.

خاوەن گەلەرییەکە دەڵێت: کۆکردنەوەی ئەو پارە و پوولانە وای لێکردم شارەزایی زیاترم هەبێت لەسەر وڵاتانی جیهان و لەڕێگای ئەوانەوە بتوانم مێژوو و دیرۆکی وڵاتەکان بزانم و سەرکردەکانیان بناسم.

ئەم گەلەرییە تایبەتە کە پێدەچی هاووێنەی کەمی هەبێت لە کوردستان، تا ئێستا سێ جار لە شاری دهۆک پێشانگای تایبەتی بۆ کراوەتەوە و بە گوتەی سعوود مستۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٩ بە هاوکاریی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی دهۆک، یەکەم پێشانگایەکی تایبەتی کردووەتەوە.

سعود وەک خاوەنی ئەم گەلەری تایبەت و جیاوازە لەبارەی درێژەدان بە کردنەوەی گەلەری لە شارەکانی دیکەی کوردستان گوتی: "نیازی ئەوەم هەیە لە شارەکانی دیکەی کوردستان و بگرە گەر بگونجێت لە شارەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورە، پێشانگای تایبەت بە پارە و پوولەکانم بکەمەوە  بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر لە بینینی ئەم گەلەرییە سوودمەند بن".

وەک بیرۆکە و ئامانجی داهاتووی خاوەن گەلەری، سعود ڕای گەیاند: "لە داهاتوودا بەنیازم شوێنێکی تایبەت و سەربەخۆم هەبێت کە هەمیشە کراوە بێت و وەک گەلەری یان پێشانگەیەکی هەمیشەیی بۆ ئەم تابلۆیانە بکەمەوە بۆ ئەوەی خەڵک رۆژانە بتوانن سەردانی بکەن".