ژنێک: خەریک بوو فەیسبووک ماڵم کاول بکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ژنێک: خەریک بوو فەیسبووک ماڵم کاول بکات

"ماوەی دوو مانگ لە دۆزەخدا ژیام، زۆر جار دەگەیشتمە ئەو حاڵەتەی کە خۆم بکوژم، چونکە هەستم دەکرد ستەمم لێ کراوە".

ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ، ماوەی چوار ساڵە هاوسەرگیریی کردووە، خەڵکی شارێكە و چوار ساڵی هاوسەرگیریی بە ئارامی تێپەڕاندووە، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، ئەم دواییانە بەهۆی سۆشیال میدیاوە خەریکە لانەکەی تێکدەچێت.

گوڵزار دەڵێت: "ماوەی سێ بۆ چوار مانگ دەبێ، کوڕێکم لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە ناسی، دوای ئەوەی وەڵامی نامەیەکیم دایەوە، ئیتر رۆژانە نامەی دەنارد، کە وەڵامم نەدابوایەوە، چەندین جار لەسەر یەک تەلەفۆنی دەکرد، هەندێ جار بەناچاری وەڵامم دەدایەوە".

ئەم پەیوەندییە چەند مانگێک دەخایەنێت، ئەوەش سەرنجی هاوسەرەکەی رادەکێشیت و چەند جارێک دەبێتە کێشەیان، تا رۆژێک گوڵزار هەموو نامەکان پیشانی هاوسەرەکەی دەدات: "کاتێک زانیم هاوسەرەکەم دڵی لێم پیس کردووە، هەموو نامەکانم پیشان دا، چونکە لەڕاستیدا پەیوەندییەکە ئاسایی بوو، ئەو کوڕەش هەندێ جار بە خوشک ناوی دەهێنام، کاتێک هاوسەرەکەم نامەکانی بینی ئارام بووەوە، بەڵام داوای کرد ئیتر کۆتایی بەو پەیوەندییە ئەلیکترۆنییە بێنم".

سەرەتا پچڕاندنی ئەم پەیوەندییە بۆ گوڵزار سەخت دەبێت، بەڵام: "بۆ خاتری هاوسەرەکەم ناچار بووم بەو کوڕە بڵێم، کە پێویست ناکات ئیتر قسە بکەین، تا ئێستا پەیوەندییەکی جوانمان هێناوە و ئیتر بەسە، بەڵام ئەو بەو قسەیە شێت بوو و پێی گوتم، کە ئەو عاشقی من بووە و ناتوانێ دوور بکەوێتەوە".

گوڵزار باس دەکات، کە سەرەتا کوڕەکە هەوڵی داوە بە قسەی خۆش رایگرێ، بەڵام: "کاتێک زانیی ئیتر من وەڵامی نادەمەوە و ناتوانێ بە قسەی خۆش رامبگرێ، کەوتە هەڕەشەکردن، منیش پێم گوت، کە ئێمە تەنیا هاوڕێ بووین و تۆ بە خوشک ناوت دەبردم، بۆچی ئێستا وا خراپ بووی؟ لە وەڵامدا گوتی، بۆ ئەوە بوو قسەم لەگەڵ بکەی، ئەگەرنا من هەر لەزووەوە هەستم بۆت هەبووە".

دوای ئەوەی گوڵزار کوڕەکە لە لیستی هاوڕێکانی دەسڕێتەوە، کوڕەکە ئەوە قبووڵ ناکات و بە چەندین ئەکاونتی ساختە هەوڵ دەدات بێزاری بکات، نامەی ناشیاو بۆ کەسوکاری گوڵزار دەنێرێت: "رۆژ نەبوو یەکێک نامەیەکم بۆ نەنێرێت، کە ئەو کوڕە بە ئەکاونتی ساختە بۆ خوشک و برا و خزمەکانم دەینارد، دەینووسی کە گوایە پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ من هەبووە و من ژنێکی خراپم".

ئەم کارە چەند رۆژێک دەخایەنێت، تا رۆژێک گوڵزار دەبینێت ئەو ئەکاونتانە وێنەی ئەو بڵاو دەکەنەوە: "کاتێک زانیم وێنەی من کە بە ماسنجەر لەگەڵ خوشک و هاوڕێکانم گۆڕیبوومانەوە، بڵاو دەکاتەوە، هەتا لە هەندێ وێنە تەنیاش نەبووم، بەوە شۆک بووم و زانیم فەیسبووکی منی هاک کردووە".

کاتێک هاوسەری گوڵزار دەبینێ وێنەی هاوسەرەکەی بڵاو دەبێتەوە، تووڕە دەبێت: "من لە فەیسبووکی خۆم وێنەی خۆم دانەنابوو، چونکە هاوسەرم رازی نەبوو، بۆیە کاتێک بینیی وێنەی من بڵاو دەبێتەوە، زۆر تووڕە بوو و بووە شەڕمان و من رۆیشتمەوە ماڵی باوکم".

ماڵی گوڵزار شەڕی تێدەکەوێت و ئەو کوڕەش رۆژانە، بە فەیسبووکی گوڵزار قسە لەگەڵ خەڵک دەکات، هەم وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە و هاوسەرەکەشی ئەوە بە خەتای گوڵزار دەزانێت.

ئەو ژنە دەڵێت: "هەست دەکەم تووشی نەخۆشیی دەروونی بووم، چونکە من خۆشم نەمزانی چۆن خەڵكێک ئەوەندە بێویژدانە وا بەئاسانی ژیانت دەخەنە مەترسییەوە، تا براکانم فەیسبووکەکەیان سووتاند و کوڕەکەیان دۆزییەوە، کەم مابوو خۆم بسووتێنم و چەند جارێکیش هەوڵم دا خوشکەکەم فریام کەوت".

گوڵزار ئێستا گەڕاوەتەوە لای هاوسەرەکەی و کێشەکەی چارەسەر بووە، بەڵام دەڵێت: "تا هەم بەلای سۆشیال میدیادا ناڕۆمەوە، چونکە خەڵكێکی ئەوەندە بێویژدانی تێدایە، دەتوانن کۆتایی بە ژیانت بهێنن".