كوردستان و كورد لە مێژوودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 15/03/2021

كوردستان و كورد لە مێژوودا

10

دەركەوتنى باوەڕ و باوەڕى ئایینى لەسەر كوردستان

تا ئێستا ڕوون نییە، ئایین و باوەڕى ئایینى، كەى و چۆن لە كوردستان سەریان هەڵداوە؟ بەڵام ئەوەندە زانراوە، كە سەرەتاكانى دەركەوتنى باوەڕی ئایینى لە سروشتپەرەستییەوە دەستى پێكردووە. خۆ ئەگەر سەرەتاكانی دەركەوتنی ژیان لەسەر ڕووی زەوی، لە ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێكردبێت و ئەشكەوتەكان یەكەمین مەنزڵگای مرۆڤی سەرەتایی بووبن، هەروەها ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤیش لەسەر ڕاوی گیانداران و سەوزایی لاپاڵی چیا و دەشت و بەری درەختەكان بەڕێ كرابێت، ئەوا هیچ جێگای گومان نییە، مرۆڤی كۆن لە كوردستاندا (خۆر، مانگ، ئەستێرە، باران، بەفر، لافاو....تاد)ى پەرستبێت.

(خۆر) وەك سەرچاوەی گرنگى ڕووناكی و گەرمی بۆ مرۆڤى كۆن، (مانگ و ئەستێرە)ش وەك سەرچاوەی ڕووناكیی شەوە تاریكەكان. (باران، بەفر، لافاو، ...تاد)یش وەك (سێ) دیاردەی سروشتی، كە زیانیان به مرۆڤ گەیاندووە، بێ ئەوەی مرۆڤى ئەو سەردەمەش لەوە تێگەشتبێت، كە (باران) سەرچاوەی ئاو و سەوزایی و ئاوەدانیى سەر ڕووی زەوییە. (بەفر)یش جگە لە سەرماكەى، هۆكارى كوشتنى دەیان گیانەوەری زیانبەخش بووە.

جياواز لەوانەش، مرۆڤى ئەو سەردەمە كۆنە، بێ ئاگا بووە لەوەی (خۆر، مانگ، ئەستێرە،..تاد) چیین و چۆنن و بۆ دروست بوون و كێ دروستی كردوون؟ تەنانەت بێ ئاگا بووە لەوەیش، كە هەریەك لەوان بەپێیی پێوەرێكی سروشتى و زانستیی دەردەكەون و ون دەبن.

هەموو ئەوانەش بەو مانایە دێت، كە سروشتپەرستى یەكەمین باوەڕى مرۆڤی كۆن بووە، نەك لە كوردستاندا، بەڵكوو لە سەرتاسەری جیهانیشدا. هۆكاری ئەو باوەڕە و گەڕانەوەی مرۆڤى كۆنیش بۆ ئەو دیاردە سروشتییانە ئەوە بووە، كە پێویستییەكی زۆریان بە بوونى (خۆر، مانگ، ئەستێرە) هەبووە، چونكە سوودی پێ گەیاندوون. ئەمەو جگە لەوەى ئەوانەشى پەرستووە، كە لە تێگەیشتنی ئەودا سەرچاوەى زیان بوون بۆى، وەك دەیان دیاردەی سروشتى (باران، بەفر، لافاو، زریان، بوومەلەرزە، بوڕكان، ئاژەڵى دڕندە،...تاد).

لەگەڵ تێپەڕبوونى ڕۆژگار، مرۆڤى كۆن گەیشتە ئەو بڕوایەی كە بۆ دیارنەمانى (خۆر) لە ڕۆژ، یان دیارنەمانی بەهۆى بوونی هەور و باران و بەفربارین، یان دیارنەمانی مانگ و ئەستێرەكان لە هەندێك شەوانى مانگدا، بەهۆی دیاردەیەكی سروشتى و فەلەكییەوە، پێویستە وێنەكانیان لەسەر دیوارى ئەشكەوتەكان دروست بكات، تا لێیان بپاڕێتەوە و بەهۆی ئەو پاڕانەوە و كڕنۆش بردنەوه، جارێكی تر دەربكەونەوە و ڕۆژیان بۆ ڕووناك و شەویان لە شەوەزەنگى تاریكى بۆ ڕزگار بكات.

بەو پێیەیشی لەو سەردەمە دێرینەدا، ژیریی مرۆڤى كۆن نەگەیشتبووە ئەو ئاستەى لەوە تێبگات، كە دیارنەمانی (خۆر) لە كاتی هەور و باران و بەفر باریندا، بەهۆى ئەوەوەیە كە (خۆر) لەسەرەوەی هەورەكانە. هەروەها دیارنەمانی (مانگ و ئەستێرە)ش پەیوەستن بە دیاردە سروشتی و فەلەكی و سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆر و مانگ بە دەوری زەویدا، بەڵكوو وا تێگەیشتبوو، كە دەركەوتنى (خۆر) بۆ ڕۆژى دواتر یان چەند ڕۆژێك، بەهۆی نزا و پاڕانەوەكانی ئەو بووە، نەوەك دیاردەیەكی سروشتى و فەلەكی، بۆیە هەموو شەوێك لەبەردەم وێنەى (خۆر) دەپاڕایەوە و كڕنۆشی بۆ دەبرد، تا بەزەیی بگاتە ئەوەی، بۆ ڕۆژ دواتر دەربكەوێت. بە ڕۆژیش كڕنۆشی بۆ (مانگ و ئەستێرە) دەبرد، تا بە شەو دەربكەون و لە تاریكیی شەو ڕزگاریان بكات.

ئەمەو بەردەام و لەو كاتانەی دیاردە سروشتییەكانى وەك (باران، بەفر، لافاو، زریان، بوومەلەرزە، بوڕكان، ..تاد) ڕوویان دەدا، لێیان دەپاڕایەوە، بەڵكوو بەزوویی لەو دیاردە و كارەساتە سروشتییانە ڕزگاریان بكات. بەوەش باوەڕى مرۆڤى كۆن لە سروشتپەرستییەوە بۆ بتپەرستى گۆڕا. سەرەتاش بتەكان لە شێوەی وێنە و هەڵكۆڵین لەسەر دیواری ئەشكەوتەكان بوو. دواتر بۆ پەیكەر گۆڕان و لەسەر بەرزاییەك دانران. دیارە ئەوەش بۆ قۆناغێكی زۆر دواتر گەڕایەوە، كە ژیریی مرۆڤ هەنگاوی گەورەی نا.

لێرەوە بەرەوپێشچوونی ژیان و بیركردنەوەی مرۆڤى كۆن لە كوردستان، لە سروشتپەرستییەوە بۆ بتپەرستى هەنگاوی نا. واتە خوداى لە شێوەی (بت)دا دروست كرد. (بتێك بۆ دەركەوتنى خۆر، بتێك بۆ ڕزگاربوون لە شەوەزەنگی تاریكی، بتێك بۆ دووركەوتنەوە لە شەڕ و كێشەكان، ...ـتاد). ئەوەش لەسەر ئەو بڕوایەی، كە بەڵكوو خوداكان بەهانایانەوە بێن و لە كێشە و گرفتەكان ڕزگاری بكەن.

بە مێژووش، گواستنەوەی باوەڕى سروشتپەرستى بۆ بتپەرستى بۆ زۆر كۆن دەگەڕێتەوە. مێژووییەك لەگەڵ دەركەوتنی مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بە ماوەیەكی دیاریكراو دەركەوتبێت. هەر بۆیە ئەگەر مێژووی دەركەوتنی مرۆڤ بۆ (دە ملیۆن) ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە، ئەوا گومانی تێدا نییە، باوەڕى سروشتپەرستی بۆ ئەو مێژووە و كەمێك دواتر دەگەڕێتەوە، بەڵام (بتپەرستی) بۆ زۆر دواتر دەگەڕێتەوە. واتە بۆ كاتێك مرۆڤى كۆن لە كوردستاندا، وەك سەرتاسەری ناوچەكانی جیهان، گەیشتە ئەو ئاستەی (خۆر، مانگ، ئەستێرە،...تاد) بناسێت و لێیان تێ بگات.

ئەمەو پێناچێت مێژووەكەی لە (یەك ملیۆن) ساڵ پێش ئێستا كەمتر بێت. خاڵى گرنگ لەو مێژووەش ئەوەیە، كە تا ئەو كاتەی مرۆڤى كۆن لە كوردستاندا نەهاتە گوندەكان و بە ژیانی كشتوكاڵى ئاشنا نەبوو، ئەو بتانەی وەك خودا دانەنا، بەڵكوو خودی بتەكانى بە هێزى یەكەم و خودا زانی، نەوەك لە پەروەردەگاری دروستكەری زەوی و ئاسمان نزیكى بكاتەوە، ئەو مێژووش لە كوردستاندا بۆ نزیكەی (دە هەزار) ساڵ لەمەوبەر و بۆ سەردەمی (گوندی چەرمۆ) دەگەڕێتەوە.