محەممەد دەدە، سابوونفرۆشی به‌ناووبانگی مێردین: سابوونه‌كه‌م له‌ 240 دەرمانخانەی دەرەوەی وڵات دەفرۆشرێ 
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

محەممەد دەدە، سابوونفرۆشی به‌ناووبانگی مێردین: سابوونه‌كه‌م له‌ 240 دەرمانخانەی دەرەوەی وڵات دەفرۆشرێ 

محەممەد دەدە سابوونفرۆشی بەناوبانگی شاری مێردینی باكووری كوردستان و توركیا، لە رێگەی بەرهەمهێنانی سابوونە بەناوبانگەكەیدا، دەیەوێت پارێزگاری لە كولتووری باب و باپیرانی بكات، هەروەها سابوونەكەشی بە جیهانی بكات.

لەناو بازاڕی شاری مێردین، دوكانەكەی محەممەد دەدە بەناوبانگە، كە لە ساڵی ١٩٨٣ەوە كاری تێدا دەكات و سابوون بەرهەم دەهێنێت. كاتێك دەچیتە ژوورەوە، بۆنی بادەم و قەزوان تەواوی ژوور و دەوروبەری خۆی تەنیوە، چونكە سابوون لە ئاردی قەزوان و بادەم دروست دەكات.

محەممەد دەدە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (دیواری) توركی، دەڵێت ئەو سابوونەی بەرهەمی دەهێنم، ١٠٠٪ سروشتییە و هیچ مادەیەكی كیمیاوی تێدا بەكار ناهێنم، بۆیە ناوبانگم هەیە و خەڵكیش سەردانم دەكەن.

ئەو دەڵێت: ”سابوون بۆ چەندین شاری تری توركیا دەنێرین، ناوبانگمان زۆر پەیدا كردووە، تەنانەت جۆری سابوونەكە ئەوەندە سروشتییە و بە سوودە، جارێكیان داوایان لێ كردم لە زانكۆی ئیستانبۆڵ وانە بڵێمەوە و چۆنییەتی سابوونەكەیان بۆ شی بكەمەوە و منیش بە خۆشحاڵییەوە چووم و چۆنییەتی سابوونەكەم بۆ قوتابییەكان شی كردەوە“

 No description available.

لە مێدرین هەر شتێك هەبێت سابوونی لێ دروست دەكەین

محەممەد دەدە سێیەم نەوەی بنەماڵەكەیانە كە دەستبەرداری ئەو پیشەیە نەبووە، باوكی لە باپیری بۆی ماوەتەوە و ئەویش لە باوكییەوە، هەر لەوانیشەوە فێر بووە لە دروستكردنی سابووندا هیچ مادەیەكی كیمیاوی بەكارنەهێنێت.

ئەو باس لە گرنگی مێردین دەكات بۆ بەرهەمهێنانی سابوون و، دەڵێت هەر شتێكی سروشتی لە مێدرین بوونی هەبێت دەیكات بە سابوون. نموونە بە قەزوان دەهێنێتەوە كە مێردین بە قەزوان بەناوبانگە، بۆیە لە قەزوان باشترین سابوون بەرهەم دەهێنێت، هەروەها لە بادەم و چەندین بابەتی تردا.

 No description available.

               ئەو كلتوورەی لەبیر كراوە دووبارە گیانی بەبەردا هێناوەتەوە

وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، خانەوادەكەیان ١٣٠ ساڵە لە مێردین خەریكی بەرهەمهێنانی سابوونن، باپیری لە ١٨٨٣ ەوە لە مێردین سابوونی سروشتی دروست كردووە.

ئەو دەڵێت: ”باپیرم زۆر شارەزا بووە لە دروستكردنی شتی سروشتی. ئەو بوو یەكەمجار لە قەزواندا سابوونی دروست كرد و توێكڵی سەرەوەی قەزوان كە چەورییەكی تێدایە و لێی دەكردەوە و دەیكرد بە سابوون. سەرەتاش تەنیا بۆ پێداویستی ماڵی خۆیان ئەو كارەی كرد، پاشان كە دەمایەوە دەیبردە دوكان و دەیفرۆشت و ناوی دوكانەكەی (عەبدولقادر سابونچی) بوو. لە دوای ئەودا باوكم ئەو پیشەیەی درێژە پێدا، بەڵام ١٩٧٠ خەڵك زۆر پێشوازی لە سابوونی سروشتی نەدەكرد، بۆیە تا ئاستێك بەرهەمهێنان كەم بووەوە. دوای ئەوەی مێردین وەكوو شارێكی گەشتیاری ناسێنردا، جێگری پارێزگار هاتە لامان و هەموو هاوكارییەكی كردین تا بتوانین درێژە بەو پیشەیە بدەین، بۆیە دەڵێم ئەو كلتوورەی لە بیر كرابوو، ئێمە گیانمان بەبەردا هێنایەوە“.

باس لەوەش دەكات، سابوونەكەیان بۆ چەندین نەخۆشی بەكاردەهێنرێت كە دیارتینیان نەخۆشی پێستە، بۆیە كاتێك دەبینێت خەڵك بە سابوونەكە چاك دەبێتەوە، پیشەكەی زیاتر لا خۆشەویست دەبێت.

ئەوەشی ئەوی دڵخۆش كردووە لەبارەی پیشەكەیەوە، دروستكردنی سابوونەكەیان بە هیچ شێوەیەك ژینگە پیس ناكات، چونكە هیچ كارگەیەكیان نییە تا كاریگەری خراپی لەسەر ژینگە هەبێت، بڵكوو لە دوكانێكدا بە شێوەیەكی دروست و پیشەییانە دروستی دەكەن.

دەشڵێت: ”سابوونی رەش زۆر تایبەتمەندی هەیە، باپیرم هیچ كاتێك ئەو سابوونەی بە پارە نەفرۆشتووە، بەڵكوو بۆ چارەسەركردنی خەڵك، بە خۆڕایی پێی داون. بیرمە جارێك شوانێك هاتە لای باپیرم و پێستی زۆر وێران ببوو، باپیرم ئەو سابوونەی پێی دا و دوای یەك رۆژ هیچ كێشەیەكی پێستی نەما. ئەو سابوونەی باسی دەكەم رەشە و بۆنێكی زۆر گرانی هەیە، كەفەكەشی وەكوو كەفی ماستاوە. لەسەر داوای زانكۆی ئیستانبۆڵ، سابوونەكە دەخەینە ناو پاكەتێكی جوان و ساڵانە بۆ فڕانفۆرت و كۆڵنی دەنێرین، هەروەها لە ٢٤٠ دەرمانخانەی دەرەوەی وڵات بوونی هەیە و دەفرۆشرێت“.