شاری مێژوویی ئەلقوش
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شاری مێژوویی ئەلقوش

 

شاری ئەلقوش یەکێک لە شارە کۆن و میژووییەکانی کوردستانە و لەڕووی مێژووی و ئایینییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، نەک تەنها لە ناو کوردستان بەڵکو لە سەر ئاستی جیهان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

ئەم شارە دەکەوێتە دامینی چیای باترا یان کێوی ئەلقوش و بیست کیلۆمەتر لە شاری دهۆک دوورە و نزیکەی دووهەزار مەتر لە رووی ئاستی دەریاوە بەرزە.

ناوی ئەلقوش لە سەرچاوە مێژووییەکان کە بە زمانی ئارامی نووسراوە لە دوو بەش پێکهاتووە. Al بە واتای خودا و qush بە واتای باشی هاتووە بۆیە مانای وشەی ئەلقوش واتا خواوەندی باشی. بۆچونێک هەیە کە دەڵێ رەنگە ناو یان وشەی ئەلقوش بە Elu-Qushu) یان Elo-Qashto یان (El Qashto بەم سێ شێوازە هاتبێت و ئەگەری هەیە لەگەڵ هێما و نیشانەی خوداوەندی ئاشور کە قەوس یان کەوانێکی بە دەستەوەیە یەک بگرێتەوە، واتا ناوی ئەلقوش بە مانای ناو و هەبوونی ئەم خواوەندە بێت.

مێژووی ئەم شارە بۆ سەردەمەکانی پێش لەدایکبوونی پەیامهێن مەسیح دەگەرێتەوە و لە کتێبی پیرۆز باس لە پەیامهێنێکی گەنج کراوە کە بە ناوی (ناحوومی ئەلقوشی) کە یەکێک لە کەسە مەزن و گەورەکانی ئایینی یەهوودە و توانی پارێزگاری لە بنەماکانی ئاییی جوو بکات و پەرەی پێبدات و چەندین کەسی ئایینی پەروەردە بکات و بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ئایینەکەیان، بیاننێرتە شار و ناوچەکانی دیکە.

لە ئێستادا گۆڕێ پەیامهێن ناحووم لە ئەلقوش پارێزراوە و وەک سیمبۆلێکی ئایینی جوو، ساڵانە سەردانکەرانی زۆر روو لەو مەزارگە پیرۆزە دەکەن بۆ بەجێهێنانی رێوەڕەسمە ئایینییەکان.

دانیشتوانی شاری ئەلقوش زیاتر پەیڕەوی ئایینی مەسیحن و سەر بە کەنیسەی کاسۆلیکی رۆژهەڵاتن، بەڵام باوەڕدارانی ئایینی جووش لەم کۆمەلگەیە بوونیان هەیە و مێژووش دان بە رەسەنایەتی جووەکانی ئەلقوش دەنێت.

شوێنەوار
بە شێوازێکی گشتی لە شاری ئەلقوش زیاتر لە دە کەنیسە و دێر و شوێنی کۆن هەیە کە مێژوویەکی دێرینیان هەیە و وەک سایتێکی شوێنەواری گرنگ پارێزراون، هەرچەندە ئێمە زانیارییەکی تەواومان لە بارەی هەموو ئەم شوێنانە نییە بەڵام لێرە هەوڵ دەدەین شوێنە گرنگەکان ناو بهێنین و بە کوترەیەک باسی مێژوویان بکەین.

دێری رەبان هورمزد
رەبان هورموزد یەکێکە لە دێرە مێژوویی و بەناوبانگەکانی جیهانی مەسیحییەت کە لە نزیکەی ١٥٠٠ ساڵ پێش، واتا لە نێوان ساڵەکانی ی٦٢٨_٦٤٨ زایینی بۆ کەسایەتییەکی ئایینی بە ناوی "هورموز"د درووستبووە و دەکەوێتە دوو کیلۆمەتری شاری ئەلقوش.

هورموزد کە بە رەچەلەک خەڵکی شاری شیرازە لە وڵاتی ئێران، لە تەمەنی دوانزە ساڵییەوە چووەتە قوتابخانەی ئایینی و فێری بنەما و چوارچێوەکانی ئایینداری بووە و لە تەمەنی بیست ساڵی بڕیاری دابران لە دونیای ماددیی دا و تێکەڵ بە دوونیای رۆحانی بووە، بۆیە دەستی کرد بە سەفەر و گەڕیدەیی و خانەوادەکەی بە جێهێشت و بەرەو ئیسراییل رۆیشت و لە پاش زیاتر لە مانگێک بەپێی رۆیشتن، گەیشتە شاری "هالان" لەوێ لەگەڵ سێ راهیبی دیکە ئاشنا بوو ولەگەڵ ئەوان بەرەو دێری بارایتا رۆیشت بەڵام پاش ماوەیەک دێری باریتاشی بە جێهێشت و لە ناو دڵی چیایەک سەرقاڵی بە جێ گەیاندنی ئەرکە ئایینییەکانی بوو، لێرەوە لە پاش روودانی چەندین رووداو و سەفەری جیاواز و مانەوە لە چەند دێرێک، رەبان هورموزد بەرەو چیای ئەلقوش دەڕوات و لەوێ خەڵک زۆر بە گەرمی پێشوازی لێدەکەن و گفتی ئەوەی پێدەدەن کە هاوکاری بن بۆ درووستکردنی دێرێک، هەر بۆیە رەبان هورموزد لە ئەلقوش مایەوە.

لە پاش کۆچی هورموزد، دوو پاشای ئێرانی کە ئاگاداری کار و هەوڵەکانی ئەم کەسایەتییە بوون هەوڵیاندا هەر لە شوینی نیشتەجێ بوونی هورموزد دێرێکی بۆ درووست بکەن و لە ساڵی ٦٤٠ی زایینی بە چاودێری چەندین کەسایەتی ئایینی مەسیحی وەک راهێب و قەشە ئەم کارە کۆتایی پێهات و بەرە بەرە وەک ناوەندێکی کەلەپووری-ئایینی گەشەی سەند و کەسانی زۆر لە دیری رەبان هورموزد پەروەردەی ئایینی کران.

سەبارەت بە مێژووی مانەوە و بەردەوامی ئەم دێرە، لە سەرچاوەکاندا هاتووە کە ئەم دێرە دوور نەبووە لە دەستدریژی و تێکچوون و تێکدان کە بە هۆی شەڕ و جەنگە دەرەکییەکان رووی دەدا.

لە ساڵی ١٣٩٣ کاتێک تیموری لەنگ بەرەو ناوچەکانی ئێران و میزۆپۆتامیا هێرش دەکات، دەستی ئەم لەشکەرە خوێنمژە دەگاتە دێری رەبان هورموزد و زۆربەی راهیبەکان دەکوژرێن و ئەوانەی دیکەشی ناچار دەکرێن دێرەکە بەجێ بهێڵن.

هەروەها لە ساڵی ١٥٠٨ کاتێک خەڵکی ئەلقوش سیقە و بڕوای تەواویان بە پاشای تورک "موراد بیگ" هەبوو، پاشا هیرشی بەرەو ئەلقوش برد و کوشتارێکی زۆر لەوێ روویدا.

هەروەها لە سەردەمی "نادر شای ئەفشار" هەم دیس ئەم دێرە تووشی پەلامار و کوشتاری زۆر بووە، بەڵام کۆتا چۆل کردن و بە جێهیشتنی دێری رەبان هورموزد لە ساڵی ١٩٦٠ بوو لەگەڵ شۆڕشی گەلی کورد کە بوو بە هۆی بەجێهێشتنی ئەم دێرە هەتا ساڵی ١٩٧٥.

دێری مارگورگیس: لە دێرە کۆنەکانی ئەلقوشە کە نزیکەی ٨٠٠ مەتر لە جادەی سەرەکی دهۆک_موسڵ دوورە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٦٨١ کاری نۆژەنکردنەوە لە بەشێکی رووخاوی دێرەکە کراوە و هەروەها سالی ١٩٠٦ بە گشتی نۆژەنکراوەتەوە و پارێزراوە.

مەزارگەی ناحووم
ناحووم یەکێک لە پەیامهێنە گەنجەکانی ئایینی جووە و لە کتێبی پیرۆز باسی لێوەکراوە و بەشی سفری ناحووم تایبەتە بەم پەیامهێنە کە لە سێ بەش پێکهاتووە: لە بەشی یەکەم باس لە گەورەیی و بەهێزی و باشییە بێ سنوورەکانی خودا دەکات کە زۆر بە جوانی باس کراوە.
لە بەشی دووەم و سێیەم، ناحوومی پەیامهێن باس لە رووخان و نەمانی نەینەوا و دەوڵەتی ئاشوور دەکات کە دواتر لە ساڵەکانی ٦١٢ی پێش زایین ئەم رووداوە روو دەدات.

گۆڕی ئەم پەیامهینە لە شاری ئەلقوش لە چیای ئەلقوشە کە بۆ پەیڕەوانی ئایینی جوو یەکێک لە شوێنە هەرە پیرۆزەکانە کە ساڵانە کەسانی زۆر لە سەرانسەری جیهان سەردانی ئەم شوێنە دەکەن بە مەبەستی بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان بە تایبەت لە کاتی جەژنی حانوکا، ئەم شوێنەوارە دێرینە لە ئێستادا لە ژێر کاری نۆژەنکردنەوە و پاراستندایە.

لە شوێنە مێژووییەکانی تری شاری ئەلقوش دەتوانین ئاماژە بە کەنیسە مارمیخا، دێر مار سادونا، دێر ماریوهانان، زیارەتگەی مار شیمون، حرم مار یوسیف، کلیسای مارقەرداخ، دێری خاتینا مە، زیارەتگەی مارت شمونی بکەین.

============