زۆرترین راوێژكار و كەمترین هەڵوێست!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 11/03/2021

زۆرترین راوێژكار و كەمترین هەڵوێست!

دوازدە ساڵ ‌لەمەوبەر له‌ كاتی خوێندنم لە دەرەوەی كوردستان، وانه‌یه‌كمان هه‌بوو له‌سه‌ر كێشه ‌و ململانێكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، به‌تایبه‌تی فۆكسی وانه‌بێژه‌كه‌ له‌سه‌ر عێراق بوو، زۆر به‌چڕی باس له هۆكار و لێكەوتەكانی پرۆسەی‌ ئازادكردنی عێراق كرا، به‌تایبه‌ت كێشه ‌و ململانێی نێوان سوننەمه‌زهه‌ب ‌و شیعه‌مه‌زهه‌بانی عەرەبی عێراق، هێدی هێدی باس هاتە سەر هەر چوار پارچەی كوردستانی مەزن بەگشتی و كوردستانی باشوور بەتایبەتی.

مامۆستای زانكۆكه‌ زۆر زانیاریی وردی هه‌بوو له‌سه‌ر مێژوو و سیاسه‌ت و خه‌باتی كورد، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج بوو بۆ من و بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی كه‌ به‌شداریی ئه‌و موحازه‌ره‌یه‌ بوون، ئه‌وه ‌بوو كه‌ زۆر به‌ وردی و بە جوانی باسی كوردی ده‌كرد، نەخاسمە لە خەباتیان بۆ ئازادی و هەروەها ئازایەتی و چاونه‌ترسییاندا.

له‌گەرمەی قسەكانیدا مامۆستا لە هەموانی پرسی: ”كێ له‌ ئێوە‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ی بیستووه؟‌ كێ ده‌زانێ مانای پێشمه‌رگه‌ چیه‌؟“ له‌ناو هه‌موو به‌شداربووه‌كاندا من ده‌ستم به‌رز كرده‌وه،‌ مامۆستاكه‌ نه‌یزانی من كوردم تا كۆتایی قسه‌كانم، من گوتم: ”ماناكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان مه‌رگی خۆیان پێش هه‌موو شتێك خستووه‌ له‌پێناو ئازادیی گه‌ل و نیشتماندا“، دواتر هه‌موان به‌ مانای وشەی (پێشمەرگە) سه‌رسام بوون، ئەم گفتوگۆیە لە وڵاتێكی دوور لە كوردستان گوزەرا.

هه‌ڵبە‌ته‌ چه‌ند وه‌سفی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ین و بە قارەمانێتیاندا هه‌ڵبده‌ین هه‌ر كه‌مه،‌ پێشمەرگە یەكێك لە سیمبولە باڵاكانی خەڵكی كوردستانە، بووەتە بەشێكی زیندوو و كاریگەر لە مێژووی كوردستاندا، ئه‌م ئازادییەی كه‌ هه‌یه‌ و ئەم قەوارە دەستوورییەی هەرێمی كوردستان كە دروست بووە، هه‌مووی لەسایه‌ی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمه‌رگەدا هاتووەته‌ دی، بە هەزاران پێشمەرگەی كوردستان شەهید بوون لە ڕێگای بەرگری و ئازادیدا، ئەوانەشی کە تا ئێستاش ھەر پێشمەرگەن یان خانەنشین بوون، جێی شانازیین بۆمان.

داستانەكانی قارەمانێتیی پێشمه‌رگه ئەگەر زیاتر نەبن، هیچیان له‌و چیرۆك و ئه‌فسانه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی جیهان كه‌متر نیه،‌ به‌ڵام مه‌خابن ئێستا ئەو ناوە جوانە ئەو مێژووە پرشنگدارە ئەو هەموو خەبات و قووربانیدانەی پێشمەرگە، لە زاری هەندێ لە بەرپرسە باڵاكانی كوردەوە، لەپێناو پاراستنی كۆرسیی خۆیان نادیدە دەگیرێ و هەندێ جاریش سەروەرییەكانی پێشمەرگە بەناوی خەڵكی ترەوە باس دەكەن و مێژوو دەشێوێنن‌.

زۆربه‌مان دڵگران بووین به وتارەكەی سه‌ركۆمارە كوردەكەی عێراق كه‌ له‌ به‌رده‌م پاپای ڤاتیكاندا خوێندیه‌وه‌، من ده‌پرسم چ پێویستی به‌وه‌ ده‌كرد ئه‌و مێژووه‌ پڕسه‌روه‌ری و شانازییەی پێشمه‌رگه‌ بە باڵای سوپای عێراقدا ببڕیت؟ سوپایەك كە هیچ خێرێكی نەبووە بۆ پێكهاتەكانی عێراق و بەرگریی لێ نەكردن؟ جەنابی فەخامەت! تۆش و قەداسەتی پاپا و هەموو دنیاش دەزانێ كە ئەوانەی خاچی كەنیسە وێرانكراوەكەیان لەسەر شان دانا و چوون لەسەر كەنیسەكە دایانمەزراندەوە، كورد بوون و پێشمەرگە بوون، نەك سەربازی سوپای عێراق.

جه‌نابی سه‌ركۆمار، تۆ بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بڕۆیت ئاسمان هه‌ر یه‌كە،‌ جه‌نابیشتان هه‌ر به‌كوردی له‌دایك بوویت ‌و به‌ كوردی ده‌مریت، پۆستی سه‌ركۆماریش هه‌ر به‌ناو و پشكی كورده‌وه‌ وه‌رگیراوه،‌ كورد كورسیی سەركۆماری به‌ جه‌نابتان به‌خشی تا له‌سه‌ری دابنیشیت، ئه‌وه‌ ئه‌ركی فه‌خامه‌تتانه!‌ پێداگری بكه‌یت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییە باڵاكانی گه‌له‌كه‌ت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئنجا عێراق، چونكە ئاشكرایه‌ ئه‌و پۆست و پله‌ و ئیمتیازانه‌ به‌ رێككه‌وتنێكی ستراتیجیی نێوان پێكهاته‌كانی عێراقه.

جەنابی فەخامەتی سەركۆمار! تۆ پێت دەڵێن (پارێزەری دەستوور) هەر هیچ نەبێ ئەو دەستوورە بپارێزە كە تا ئێستا زیاتر لە ٥٥ بەند و مادەی لە دژی گەلەكەی خۆت (كورد) پێشێل كراوە، ئه‌وه‌ ده‌بینین دەسەڵاتدارانی عێراق ساڵانێكە چۆن دژایه‌تیی كورد ئه‌كه‌ن، پێش وه‌رگرتنی پۆسته‌كانیان خۆیان وەك فریشتە دەناسێنن هەمبەر بە كورد، بەڵام دوای ئەوە ئیدی یه‌كه‌م ئه‌ركیان دژایه‌تیكردنی كورده، نازانم سەركۆماری كورد لەوێدا رۆڵی چیە و ئەم پۆستە زەبەلاحە بۆچی لەسەر كورد حساب بێت؟

فەخامەت! من ئومێدم هه‌بوو باشترین سه‌ركۆمار بیت، بەڵام له‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا هات، ئه‌و هه‌موو كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ی ساڵ له‌ دوای ساڵ كه‌ چارەسەر نه‌كراوه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ندەوە، مووچە و بودجەی گەلەكەت كە بڕدراوە و بەنیاز نین هیچی بدەنێ، تەعریبی ناوچە كوردستانیەكان گەیشتووەتە ترۆپك، پێم بڵێ ڕۆڵی فه‌خامه‌تتان چی بووە و چییە؟ ئەرێ بەڕاست كورسیی سەركۆماری هێندە دەهێنێ كە لەئاست ئەو هەموو غەدر و ئازارەی گەلەكەی خۆت دەیبیێت، بێدەنگ بیت؟ داخم لەوەیە كە تۆ زۆرترین ڕاوێژكارت هه‌یه‌ و كه‌مترین هه‌ڵوێست، راوێژكارەكانیشت جگە لە مووچە و ئیمتیاز، هیچ ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیان نابینم تا پەسنی كەین.

وتەیەك هەیە دەڵێت: ”راستگۆیی و وردی لەنێو بیروباوەڕی سەركردەدا، وەكوو گڵۆپێكی شووشە وایە، كە شكا ئیدی چەند هەوڵ بدەیت چاك نابێتەوە“.
فەخامەتی سەركۆمار! ئەو مێژووەی پێشمەرگەكانی گەلەكەت كە تۆ ویستت لەبەردەم پاپای ڤاتیكاندا، بیشێوێنیت و بیكەیت بە ناوی خەڵكی ترەوە، هەموو خەڵكی دڵسۆزی كوردستانی نیگەران كرد، پێشمەرگە ئازیزەكانمانی دڵگران كرد، ئێوە بەو ناڕاستیەی گوتتان هەستی هەموو كوردستانیانتان بریندار كرد، خۆ كفر نەدەبوو كەمێك باسی پێشمەرگەش بكەیت، ئەرێ كورسیی سەركۆمارییەكی تەشریفاتی ئەو هەموو سازش و ماستاو ساردكردنەوەیە دەهێنێت؟