كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری چاکسازییەکان: لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج هەزار بەندکراو هەیە

بەڕێوەبەرى گشتیى چاکسازییەکانى هەرێمى کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە ئێستا نزیکەی پێنج هەزار بەندکراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندان و پێویستیی زۆریان بە بینا و پڕۆگرامى چاکسازیى سەردەمیانە هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٩/٣/٢٠٢١ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى چاکسازى و تۆڕی دادپەروەرى بۆ بەندییەکان خولی توێژەرانى کۆمەڵایەتى بەڕێوە چوو کە تایبەتە بە ئەرک و مافى بەندکراوان لە هەرێمی کوردستان.

لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى چاکسازیى هەرێمى کوردستان گوتى: "ئەم خولەى کە ئێستا بەڕێوە دەچێت، بە هەوڵی وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى حکوومەتی هەرێمى کوردستانە لە چوارچێوەى بەرنامەى حکوومەتدا کە تایبەت بە مافەکانى مرۆڤ و تێیدا هەم باس لە ئەرک و مافەکانى بەندییەکان دەکەین و هەمیش هەوڵی هەموارکردنەوەى یاساکانى چاکسازى دەدەین".

گوتیشی: "ئەم هەوڵە کۆی پرۆسەى چاکسازى دەگرێتەوە، چونکە ئێستا لە هەرێمى کوردستان و لە هەر سێ بەشى بەندکراوانى گەوران، ئافرەتان و نەوجەوانان بە ڕاگیراوان و سزادراوانیشەوە نزیکەى پێنج هەزار بەندکراو هەیە، بەلام بەهۆی ئەوەى کە حکوومەتى هەریمى کوردستان کێشە و قەیرانی دارایی هەیە، بۆیە نەتوانراوە وەک پێویست باڵاخانە و پڕۆگرامى پێویستى چاکسازیمان بۆ دابین بکرێت و ئێستا کار لەسەر ئەو لایەنەش دەکرێت تاکوو ئەو جەنجاڵی و قەرەباڵغییەی کە لە بەندیخانەکاندا هەن، کەم بکرێتەوە".

لەبارەى بەندیخانەى گەورانى هەولێر کە لە ماوەى ڕابردوودا ئاگری تێدا کەوتەوە، ئارى ئەحمەد گوتى: "لە ماوەى ڕابردوودا ئەو بەندیخانەیە سووتا و بەشێک لە کەرەستەکانیشی لەناو چوون، بۆیە بەندییەکان بۆ شوێنێکى دیکە گوازراونەتەوە و ئێستا تیمێکى ئەندازەیی سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سەرقاڵى نۆژەنکردنەوەى باڵاخانەکەن و دواى تەواوبوونى کارەکەش تەواوى بەندییەکان دەگەڕێندرێنەوە شوێنى خۆیان".