پەرلەمانی عێراق بەھۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانهوه، نەیتوانی پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی پەسەند بکات و دوو ماددەی ئەو پڕۆژەیاسایە ناکۆکیی خستووەتە نێو لایەنە سیاسییەکانهوه.
ئهمڕۆ سێشهممه 9/3/2021، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی له پهرلهمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: دوو ماددەی دادگای فیدڕاڵی، ناکۆکیی خستووەتە نێو لایەنە سیاسییەکانهوه و ھەوڵدەدرێت ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بگەینە رێککەوتن.
لەبارەی ئەو دوو ماددەیەشهوه، گوتی: ماددەکانی سێ و 12 ناکۆکییان خستووەتە نێو لایەنە سیاسییەکان، کە ماددەی سێ تایبهته به دهستنیشانكردنی میكانیزمی پڕۆسهی دهنگدان له ناو ئهنجوومهنی دادوهران، بەشێک لە لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان دەنگدان بە زۆرینەی پێکھاتەکان یەکلایی بکرێتەوە، بەشێکی دیکەش لەگەڵ ئەوەدان بە زۆرینەی دەنگ بێت، کە ئەمە لە بەرژەوەندیی کورددا نییە.
لە بارەی ماددەی 12ـشهوه، کە کێشەیەکی دیکەی خستووەتە نێو لایەنە سیاسییەکان، ئهویش میکانیزمی ھەڵبژاردنی دادوەرەکانە بۆ دادگای فیدراڵی.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، پشکی کورد لە دادگای فیدراڵی دوو دادوەرە و لە ھەرێمی کوردستان دادوەرەکان دیاری دەکرێن.