یاریدەدەرێکی سەرکۆماری ئێران ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بە بازرگانیکردن بە ژن و کچانی ئێرانی، تۆمەتبار دەکات.
خاتوو مەعسومە ئیبتیکار، یاریدەدەری حەسەن رۆحانیی سەرکۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان، رایگەیاندووە، ”هەندێک“ دەوڵەتی عەرەبی سەرنجی ژنان و کچانی ئێران بۆ کارکردن لە ماڵەکانیان وەک خزمەتگوزار، رادەکێشن.
مەعسومە ئیبتیکار هەروەها رایگەیاندووە، یەکێک لە هۆکارەکانی راکێشانی سەرنجی ژنان و کچانی ئێران لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، دەوڵەمەندبوونی ئەو وڵاتانەیە.
ئەو یاریدەدەرەی حەسەن رۆحانی پێیوایە ئەو ژن و کچانەی بەناوی خزمەتکار دەبرێنە وڵاتانی عەرەبی، بازرگانییان پێدەکرێت و بۆ مەبەستی سێکسی بەکار دەهێندرێن.
مەعسومە ئیبتیکار ئاماژەی بەوەش کردوە، هەندێک جار هەزاران ژن و کچ لەو وڵاتە عەرەبییانە بە قاچاغ دەبرێنە ئەوروپا و لە کاری بەدڕەوشتی بەکار دەهێندرێن.