ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پەیامێكی به‌بۆنه‌ى كۆتاييهاتنى سه‌ردانى پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بڵاو كردەوە.
لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە "به ڕێز و پێزانينێكى گه‌وره‌وه له سه‌ردانه‌كه‌ى قه‌داسه‌تى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانين كه وێڕاى ناله‌باريى دۆخه‌كه، سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى سه‌ردانه‌كه‌ى. پڕ به دڵ سوپاسيان ده‌كه‌م. ستايشى قه‌داسه‌تيان بۆ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبوورده‌يى له كوردستان مايه‌ى سه‌ربه‌رزى و شانازيمانه".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێ "زۆر سوپاسى هه‌موو پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى كوردستان ده‌كه‌م كه به د‌ڵگه‌رمييه‌كى زۆره‌وه به‌شدارييان له ڕێوڕه‌سمى پێشوازى و ميوانداريكردنى قه‌داسه‌تى پاپادا كرد، به‌تايبه‌تى به‌ڕێزان مامۆستايان و كه‌سايه‌تيى ئايينيى موسڵمان و هه‌موو ئايين و ئايينزاكانى ديكه‌ى كوردستان و عێراق. ئه‌وان وێنه‌يه‌كى جوانى شارستانيى ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قينه‌ى پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان و كولتوورى لێبورده‌يى و پێكه‌وه‌ژيان و برايه‌تييان نيشانى هه‌موو جيهان دا".
لە بەشێكی تری پەیامەكەدا هاتووە "بۆ تيمارى زامه‌كانى جه‌نگ و توندتيژى له عێراق، هه‌روه‌ك له قوداسى هه‌ولێردا قه‌داسه‌تى پاپا گوتيان چاره‌سه‌ر “ته‌نها لێبوورده‌يى و به‌خشنده‌يى و ميهرەبانييه كه هه‌ر ئه‌وه‌ش خواستى خوايه له مرۆڤه‌كانى. ڕاسپارده‌ى يه‌زدان بۆ ئێمه بوونى دڵێكى بێگه‌رده، بێگه‌رد له كينه، بێگه‌رد له دووبه‌ره‌كى و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و ئاره‌زووى تۆڵه‌كردنه‌وه”، به پێچه‌وانه‌وه توندڕۆيى و تۆڵه‌كارى وه‌ك قه‌داسه‌تيان فه‌رموويان “له گێژاوێكى بێكۆتاييدا نغرۆمان ده‌كات”. ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به هه‌موو شێوه‌يه‌ك پشتگيرى له په‌يامى قه‌داسه‌تيان بۆ ئاشتى، لێبوورده‌يى، پێكه‌وه‌ژيان، يه‌كترقبووڵكردن، سڕينه‌وه‌ى ڕقوكينه، توندڕه‌وى، تيرۆر و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌كه‌ين. ئه‌و چه‌مك و به‌هايانه بنه‌ماى سه‌ره‌كيى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانن و وه‌ك هه‌ميشه پارێزگارييان لێ ده‌كه‌ين. هيوادارم له عێراق و هه‌رێمى كوردستانيش به گيانى ئه‌و په‌يام و به‌هايانه كێشه و ناكۆكييه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی پەیامەكەشیدا، سوپاسى هه‌ماهه‌نگيى نێوان حكوومه‌تى فيدراڵیى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو ئه‌و لايه‌نه په‌يوه‌ندیدارانه‌ی كردووە كه وايانكرد ئه‌و سه‌ردانه مێژوويييه له ئاستێكى به‌رزدا له ڕووى پرۆتۆكۆلى و ڕێكخستن و ئاسايشه‌وه، شايسته و به ڕێكوپێكى به‌ڕێوه بچێت.