هه‌موو شتێك له‌ ئۆسلۆوه‌ ده‌ستی پێكرد و له‌ قه‌ندیلیش كۆتایی پێهات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هه‌موو شتێك له‌ ئۆسلۆوه‌ ده‌ستی پێكرد و له‌ قه‌ندیلیش كۆتایی پێهات

هەنگاوەکانی پرسی چارەسەری چۆن دەستیان پێکرد و چۆن دامرکانەوە؟

عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی دەستگیرکراوی پەکەکە، له‌گه‌ڵ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بووه‌ بۆ توركیا، به‌ڵام پێی باش بووه‌ كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ باكوور به‌ یاسا له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا جێگیر بكرێت.

هه‌موو شتێك له‌ دانیشتنی ئۆسلۆوه‌ ده‌ستی پێكر و ده‌كرێ بڵێین دانیشتنی ئۆسلۆ له‌ نێوان ده‌زگای هه‌واڵگریی توركیا (میت) و چه‌ند به‌رپرسێكی په‌كه‌كه‌ یه‌كه‌م هەنگاوی حكوومه‌تی ئاكپارتی بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، به‌ڵام توركیا هه‌رگیز نه‌یویستووه‌ دانیشتنی ئۆسلۆ بۆ رایگشتی توركیا ئاشكرا بكات، به‌ڵكوو دانیشتنه‌كان هه‌مووی به‌ نهێنی کراون.

موراد قه‌ره‌یلان له‌ دیمانه‌یه‌كیدا بۆ ئاژانسی (فورات) ده‌ڵێت ڕاسته‌ له‌ ساڵی 2008 یه‌كه‌م دانیشتن له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و میتی توركیا له‌ ئۆسلۆ بەڕێوە چوو، به‌ڵام بەرله‌وهیش چه‌ند دانیشتنێكی دیكه‌ هه‌بووه‌ و پاشان له‌ ئۆسلۆ دانیشتنه‌كان بوون به‌ فه‌رمی.

په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی ئاكپارتی پێنج جار له‌ ئۆسلۆ كۆبوونه‌وه‌یان کردووە‌، به‌ڵام نەیانتوانی بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتنی كۆتایی، هۆكاره‌كه‌شی ئاشكراكردنی ئه‌و دانیشتنانه‌ بووه‌ له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن.

ئه‌گه‌ر له‌ دانیشتنی ئۆسلۆدا حكوومه‌ت و په‌كه‌كه‌ نه‌گه‌یشتبنه‌ رێككه‌وتنی كۆتاییش، به‌ڵام توانرا زه‌مینه‌ ساز بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ چوارچێوه‌ی دیالۆگ و دانوستاندا چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا بوو، رێگه‌ی دا به‌رپرسانی (میت) راسته‌وخۆ بچنه‌ ئیمیڕاڵی و رۆڵی ئۆجه‌لان له‌و پرسه‌دا به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت.

 ئه‌گه‌ر به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ بێت كه‌ (ئیبراهیم ئونال) له‌ كتێبی (دانیشتنی ئۆسلۆ)ـدا ئاشكرای كردووه‌ له‌ دانیشتنه‌كانی ئۆسلۆدا چه‌ندین جار نامه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆكی زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌ و پێشنیاره‌كانی ئه‌و بووەته‌ بنه‌مای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، به‌ڵام دوای كۆتاییهاتنی ئه‌و دانیشتنه‌ی ئۆسلۆش ئه‌ردۆغان هه‌ر به‌ پێویستی زانیوه‌ له‌ ده‌رگای ئیمیڕاڵی بدرێته‌وه‌.

له‌ قۆناغی پرسی چاره‌سه‌ریدا لیژنه‌یه‌ك له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا به‌ كورد و تورك و هونه‌رمه‌ند و ئه‌كادیمسین و مامۆستای زانكۆ و كه‌سایه‌تی به‌ناوبانگ پێکهات كه‌ ناوی (پیاوه‌ عاقڵه‌كانیان) لێ نا و ماوه‌ی ساڵێك كاری له‌سەر چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد كرد. ئونال ئاماژه‌ی بەوەش داوه‌ كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌سه‌ر پێشنیاری ئۆجه‌لان دامه‌زرا و ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ كه‌ له‌ 63 كه‌س پێك هاتبوون هه‌ر ئۆجه‌لان دای نابوون.

ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ كۆتاییدا راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشەی كورد له‌ توركیا خسته‌ ڕوو. ئه‌وان له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژەیان بە چه‌ند خاڵێك كردبوو به‌وه‌ی ئیدی له‌ توركیا ته‌نیا باس له‌ نه‌ته‌وه‌ی تورك نه‌كرێت، به‌ڵكوو ده‌بێت كوردیش له‌ پاڵ تورك ناوی بهێنرێت، هه‌روه‌ها داوای لادانی چه‌ند دروشمێكی توركیایان كردبوو وه‌كوو (چه‌ند به‌خته‌وه‌ره‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ڵێت من توركم، توركیا بۆ توركه‌كانه‌) و چه‌ند دروشمێكی دیكه‌ش.

ئه‌وه‌ی گرنگ بوو له‌و راپۆرته‌دا داوایان له‌ حكوومه‌تی توركیا كرد به‌ فه‌رمی بە بۆنەی کۆمەڵکوژیی ده‌رسیمەوە داوای لێبووردن لە کورد بكه‌ن كه‌‌ ساڵی 1938 سوپای توركیا به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی ده‌رسێمی باکووری کوردستان کردوویە و ته‌واوی راپۆرته‌كه‌ داننان بوو به‌وه‌ی پێویسته‌ ماف بۆ كوردانی باكوور بگه‌ڕێته‌وه‌.

كاتێك باس له‌ رێككه‌وتنی ئۆسلۆ ده‌كرێ، ناكرێت ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ باس نه‌كرێت له‌ په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی توركیا كه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌دا به‌شدار بوون‌.

هاكان فیدان وه‌كوو نوێنه‌ری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌شدار بووه‌ كه‌ ئه‌وكات جێگری راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیران بووه‌، مسته‌فا كه‌ره‌سۆ ئه‌ندامی كه‌جه‌كه‌، زوبه‌یر ئایدار جێگری سه‌رۆكی كۆنگره‌ی گه‌لی كوردستان، هه‌روه‌ها سه‌بری ئۆك وه‌وكو نوێنه‌ری په‌كه‌كه‌.

دەقی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئاماده ‌كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ چارەسەركردنی كێشه‌ی كورد له‌ لایه‌ن عه‌بدڵڵا ئۆجه‌لانه‌وه‌ ئاماده‌ كرابوو، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 2011 كاتێك نێوانی گوله‌ن و ئه‌ردۆغان به‌ره‌و ناخۆشی رۆیشت، ئیدی دانیشتنی ئۆسلۆ دزه‌ی كرده‌ ناو میدیاكانی توركیا و توركه‌ رەگەزپەرسته‌كان به‌ توندی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ حكوومه‌ت كرد به‌وه‌ی چۆن له‌گه‌ڵ تیرۆریستدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن له‌ كاتێكدا زیاتر له‌ 15 هه‌زار سه‌ربازی توركیان كوشتووه‌. نابێت بیرمان بچێت فه‌تحوڵڵا گوله‌ن یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی به‌ ئاشكرا دژایه‌تیی خۆی بۆ پرسی چاره‌سه‌ریی کورد لە تورکیا ده‌ربڕیبوو، هه‌ر بۆیه‌ دانیشتنی ئۆسلۆی ئاشكرا كرد.

موراد قه‌ره‌یلان له‌ دیمانه‌یه‌كیدا بۆ ئاژانسی فورات فه‌تحوڵڵا گوله‌نی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی نهێنیی دانیشتنی ئۆسلۆی به‌ میدیاكانداوه‌ و مه‌به‌ستی بووه‌ پرسی چاره‌سه‌ری له‌ناو ببات. جگه‌ له‌ویش ئه‌ردۆغان له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی NTV  له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی دانیشتنی ئۆسلۆیان له‌ رای گشتیی توركیا شاردووه‌تە‌ گوتی: "من ڕاوێژكاری میتم بۆ ئۆسلۆ و ئیمیرالی نارد، پاشان كاتێك هاكان فیدان بوو به‌ ڕاوێژكاری میت به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ لای ئۆجه‌لانم نارد له‌ ئیمیڕالی و ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌ تۆماركراوی هه‌مووی له‌لای حكوومه‌تن. له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌وه‌ی گرنگترین ده‌زگایه‌ له‌لای حكوومه‌ت ده‌زگای میته‌ و ده‌بێت ئه‌وان به‌و كاره‌ هه‌ستن، له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیایش ده‌زگای میت ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌بینێت. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر وڵاتێكی دنیا تیرۆربوونی هه‌بێت ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ و پاراستنی ئاسایشی وڵات ده‌كات ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كردوومانه‌ هه‌ڵه‌ نییه‌".

ده‌كرێت بڵێم دانیشتنی ئۆسلۆ و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئیمیڕالی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پرسی چاره‌سه‌ری "ئۆجه‌لان"یشدا رۆڵی هه‌بێت به‌ یه‌كترییه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌، واته‌ بەرهه‌می دانیشتنی ئۆسلۆ بوو وای كرد ده‌رگای ئیمیڕالی بكرێته‌وه‌ و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی هه‌ده‌په‌ش ئۆجه‌لان ببینن وه‌كوو (ئیدریس بالوكان، سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، په‌روین بولدان و سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش) كه‌ پاشان وه‌زاره‌تی دادی توركیا ئه‌و ناوانه‌ی كرد به‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت و زۆر جار ده‌رگه‌ی ئیمیڕالیی به‌ڕوودا دەكردنه‌وه‌.

ئیبراهیم ئونال له‌ كتێبی (دانیشتنی ئۆسلۆ)ـدا گفتوگۆی نێوان چه‌ند ئه‌ندام پەرلمانێكی هه‌ده‌په‌ی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان له‌ ئیمیڕالی ئاشكرا كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ته‌واوی گفتوگۆیه‌كه‌یه‌:

سری سوره‌یا ئۆنده‌ر: سه‌رۆك ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی سه‌ر به‌ خۆمان سه‌لامیان بۆت هه‌یه‌، هیچ شتێكت هه‌یه‌ باسی بكه‌یت؟

ئۆجه‌لان: من نامه‌وێت BDP و په‌كه‌كه‌ من به‌كار بهێنن له‌و پڕۆسه‌یه‌دا، ئه‌گه‌ر بێت و پرسی چاره‌سه‌ری به‌ ناسه‌ركه‌وتوویی كۆتایی پێهات به‌رپرسیاره‌تییه‌كه‌ ناخه‌نه‌ ئه‌ستۆی من و ده‌ڵێن ئۆجه‌لان مرد.

سری سوره‌یا ئۆنده‌ر: چیت هه‌یه‌ بۆ رۆژئاوا تا من پێیان بگه‌یه‌نم؟

ئۆجه‌لان: كوردانی رۆژئاوا پێویسته‌ به‌ دوو ئاراسته‌دا بڕۆن، یه‌كه‌میان كێ‌دەیەوێت له‌ به‌ره‌ی گه‌لدا بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كار بكات، ده‌بێت رێگه‌یان بده‌ن ده‌كرێ ناوی لێ بنرێت (به‌ره‌ی رزگاریی دیموكراتی سووریا). سه‌له‌فییه‌كانی سعودیە زۆر مەترسین، ئه‌سه‌دیش بۆژرواێكی بچووكی دیكاتۆره‌، بۆیه‌ ئاراسته‌ی دوووه‌م پێویسته‌ هێزێكی چه‌كداری دروست بكه‌ن تا خۆیان خۆیان بپارێزن و خاكه‌كه‌یان بپارێزن.

سری سوره‌یا: به‌ڕێز سه‌رۆك قه‌ندیل ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ردولاش رێك بكه‌وین له‌سه‌ر ئاگربه‌ست ئه‌و ماوه‌یه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵی پێویسته؟‌.

ئۆجه‌لان: "په‌كه‌كه‌یش له‌ من تێ ناگات، ئه‌وان تاكوو ئێستایش هه‌ر وه‌كوو برا گەوره‌ و باوكێكی گه‌وره‌ له‌ من ده‌ڕوانن و ئازاره‌كانیان له‌گه‌ڵ مندا دابه‌ش ده‌كه‌ن. من داوام كردووه‌ شه‌ڕ كۆتایی پێ بێت و له‌و روه‌وه‌شه‌وه‌ چه‌ند ماده‌یه‌كم ئاماده‌ كردووه‌ و بۆم ناردوون. یه‌كه‌م به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی بڕواننه‌ پرسی ئاشتی و دیموكراتی كه‌ له‌ 10 ماده‌دا ئاماژه‌م بۆ كردووه‌، دووه‌م پلانی چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌ و له‌وه‌یشدا له‌ 10 ماده‌دا پێشه‌كییه‌كم ئاماده‌ كردووه‌، سێیه‌میش پلانی كاكردنی ئاشتی و دیموكراتییه"‌.

ئه‌م 9 خاڵه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌و دەقە‌ بووه‌ كه‌ هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كردووه‌ تا بتوانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و خاڵی كۆتایی.

ده‌بێت هه‌ردوولا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌ ئۆسلۆ له‌ نێوان حكوومه‌تی توركیا و پەكەكه‌دا كراوه‌، پارێزگاریی لێ بكه‌ن.
هه‌ردوو لایه‌ن له‌ دانوستاندنی نێوان ئیمڕالی و ئۆسلۆدا بۆ ئه‌وه‌ی پرسی چارەسه‌ری، یاخود چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به‌ یاسایی بكرێت، پێویسته‌ لە‌ دانیشتنه‌كان بەردەوام بن و چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی وه‌ربگرێت.
له‌ 10ی مایسی 2011 دا كاتێك هه‌ردوو لایه‌ن چاویان به‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان كەوت و له‌وێ ئۆجه‌لان پاكێجێكی پێشكه‌ش كردن و له‌وێدا ئاماژه‌ی داوه‌ له‌ توركیا چاره‌سه‌رێكی دیموكراتییانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بنه‌مایه‌كی گرنگه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ توركیا په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتی و عادیلانه‌ بێت و كێشه‌ی كوردیش به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه‌ و ئاشتییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. هه‌روه‌ها تا مانگی حوزه‌یران هه‌ردوو لا ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشنیار و تێبینییه‌كانیان بخه‌نه‌ روو و كوردیش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازی له‌ پێشنیاره‌كان ده‌كات و وه‌كوو بنه‌ما و پره‌نسیپ قه‌بووڵی ده‌كات.
4.هه‌ردوولا پێویسته‌ له‌و ماوه‌یه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، كۆنسه‌ی دەستووری، كۆنسه‌ی ئاشتی، لیژنه‌ی حه‌قیقه‌ت و عه‌داله‌ت پێك بهێنرێت و كار بكەن له‌سه‌ر پاكێجه‌ و پاشان دوا راپۆرت پێشكه‌ش بكه‌ن.

له‌ لایه‌ن توركه‌وه‌ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی، ئه‌و كۆنسه‌ و لیژنانه‌ی باسی لێوه‌ كراوه‌، پێویسته‌ بچنه‌ ئیمیراڵی و چاویان به‌ ئۆجه‌لان بكەوێت و ئیدی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ببه‌ستن بۆ كاركردن له‌سه‌ر لیژنه‌كه‌.
هاووڵاتیی سیاسی كورد و نوێنه‌ره‌ یاسایی و چاپه‌مه‌نی و ئۆرگانه‌كانی كوردی كه‌ پێشتر هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر، رابگیرێت و ئیدی ده‌ستگیركردنی كورد رابگیرێت. هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی كه‌جه‌كه‌ كۆتایی پێ بێت و ئه‌وانه‌ش ده‌ستگیر كراون ئازاد بكرێن، چونكه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ گرنگن بۆ به‌ره‌وپێشچوونی پرسه‌كه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كه‌م هه‌نگاو له‌ لایه‌نی توركیاوه‌ ئازادكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ نه‌ورۆز و به‌ هۆكاری ئایدۆلۆژیای سیاسیدا ده‌ستگیركراون.
هه‌ردوولا كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك ئه‌نجام بدرێت و بارودۆخێكی گونجاو دروست بكه‌ن بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و له‌و رووه‌شه‌وه‌ رای گشتیی توركیا ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ و باس له‌و ئاشتییه‌ی نێوانیان بكه‌ن.
بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كۆتایی پێویسته‌ زه‌مینه‌سازی بكرێت تا هه‌موو ئۆپەراسیۆنێكی سه‌ربازی و شه‌ڕی پارتیزانی رابگیرێت، بۆ ئه‌مه‌شیان تا 15ی حوزەیرانی ساڵی 2011 هه‌موو شه‌ڕ و ئۆپه‌راسیۆنێك رابگیرێت.
هه‌ردوو لایه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هێز بده‌نه‌ به‌ر رێكکه‌وتنی نێوانیان، تا حوزه‌یرانی ساڵی 2011 خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن و پاشان دانیشتنی دیكه‌ ئه‌نجام بدرێت.
ئه‌گه‌ر دانیشتنی ئۆسلۆ له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی توركیا ئامانجیشی نه‌بێت، به‌ڵام رێگه‌ی خۆش كرد ئه‌مجاره‌یان هه‌ردوولا هه‌ده‌په‌ و حكوومه‌ت له‌ ده‌رگه‌ی ئیمڕاڵی بده‌ن و له‌وێوه‌ درێژه‌ به‌ پرسی چاره‌سه‌ری بدرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ باس بكرێت ئۆجه‌لان له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی هەده‌په‌ به‌ ئاشكرا گوتوویه‌تی له‌سه‌ر سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له‌ توركیا كەلله‌ڕه‌ق مه‌بن و پێشوازی لێ بكه‌ن.

له‌ 28ی شوباتی ساڵی 2013 سری سوریا ئۆنده‌ر له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ ئیمیڕاڵی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ ڕوو به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی گوته‌ی ئۆنده‌ر بێت ئۆجه‌لان گوتوویه‌تی له‌باره‌ی سیسته‌می سەرۆكایەتییه‌وه‌ بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌ و گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر كرا پاڵپشتی له‌ ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ین له‌و روه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئاكپارتی ده‌چنه‌ ناو سیسته‌می سەرۆكایه‌تییه‌وه‌.

ئۆجه‌لان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنێت و ئیدی ئاشتی جێگه‌ی چه‌ك بگرێتەوه‌، گوتوویه‌تی: "یه‌كلایه‌نانه‌ كشانه‌وه‌ و چه‌ك فڕێدان نابێت، به‌ڵكوو ده‌بێت له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت، واته‌ دانانی چه‌ك له‌ لایه‌ن گه‌ریلاوه‌ یاخود كشانه‌وه‌ی گه‌ریلا له‌ باكوور پێویستی به‌ بڕیارێكی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی توركیاوه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ مانای بچووككردنه‌وه‌ی گه‌ریلا نایه‌ت، به‌ڵكوو ده‌توانین زیاتر گه‌وره‌ی بكه‌ین".

له‌ دانیشتنی ئۆسلۆ و دانیشتنی حكوومه‌تی توركیا و هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان له‌ ئیمیڕاڵی باس له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردیش كراوه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ داوای ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كات، ئه‌وكات هه‌نگاو به‌ره‌و پرسی چاره‌سه‌ری دەنرێت. دیاره‌ ئۆجه‌لانیش له‌ ئیمیڕاڵی پێی باش نه‌بووه‌‌ ئێستا داوای ده‌وڵه‌تی كوردی دروست بكرێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌ی ئۆنده‌ر له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا ئه‌و پرسیاره‌ی لێكردووه‌ و ئۆجه‌لانیش گوتوویه‌تی له‌ ئێستا ناكرێت باسی ده‌وڵه‌تی كوردی بكه‌ین، ره‌نگه‌ له‌ داهاتوودا بتوانین باسی بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌و پرسه‌ بهێنینه‌ به‌رباس ناتوانین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رگای ئاشتی و چاره‌سه‌ری به‌ڕووی یه‌كتریدا بكه‌ینه‌وه‌.