بریكاری وەزارەتی بازرگانی: حكوومەت پلانی هەیە تەنیا پشت بە نەوت نەبەسترێ و گرنگی بە سێكتەرەكانی دیكە بدرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بریكاری وەزارەتی بازرگانی: حكوومەت پلانی هەیە تەنیا پشت بە نەوت نەبەسترێ و گرنگی بە سێكتەرەكانی دیكە بدرێ

 "لە كابینەی نۆیەم بیركردنەوەیەكی باش هەیە بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی پیشەسازی بندرێ" 

عەلی عوسمان، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری پیشەسازی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (باسنیوز)، چەند پرسێكی پەیوەست بە دۆخی پیشەسازی باس دەكات و رای دەگەیەنێت، گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی، ئابووری بەهێز دەكات و بەرهەمەكانی ناوخۆ دەپارێزێت و هەلی كاریش زیاد دەكات.

سەرەتا ئاماژەی بە پلانیان بۆ ئەمساڵ كرد و گوتی: "پێشووتر پلانی ساڵانە تەنیا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پیشەسازی تیایدا بەشدار دەبوون، كە داوایان دەكرد، یان روونیان دەكردەوە، چەند كارگەمان پێویستە لە بوارە جیاوازەكان، بەڵام ئەمساڵ ئێمە بۆچوونی زۆربەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانمان وەرگرت و لە پلانی كاردا جێگەمان بۆ كردووەتەوە، بۆ نموونە، كارگەیەكی كارەبا كە دادەمەزرێت، دەبێت سەرنجی وەزارەتی كارەبا وەربگرین و چۆن لە پلان داینێین. زۆربەی وەزارەتە پەیوەندارەكان بۆچوونیان وەرگیراوە، جگە لەوەش لەگەڵ كونسوڵ و رێكخراوە بیانییەكانیش دانیشتن كراوە و پلانی خۆمان پێ داون".

گوتیشی: "دەبێت ئەم وڵاتە لەسەر ئەوە بنیات بندرێت، كە گرنگیی بە پیشەسازی بدرێت و پیشەسازییەكەش بەرهەمی هەبێت، بەرهەمیش دەبێت حكوومەت بیپارێزێت و بازاڕی بۆ فەراهەم بكات و سنوورەكان بە جۆرێك بن، بەرهەمی ناخۆیی بپارێزێت". بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری پیشەسازی، جەختی كردەوە، پلانەكەیان بۆ بواری پیشەسازی گشتگیرە، دەشڵێت: "دیراسەی واقیعی هەر پارێزگایەكمان كردووە، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆمان و رای وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش وەرگیراوە، بۆ نموونە، لە چ پارێزگایەك چ كارگەیەك پێویستە بكرێت". روونی كردەوە، هەماهەنگیی لەنێوان هەموولایەك بێت، بۆ ئەوەی وڵات ئاوەدان و پێشكەوتوو بێت و كارئاسانییش بۆ خەڵكی وەبەرهێنەر بكرێت.

عوسمان عەلی دەشڵێت: "زیاتر لە 3 هەزار و 800 مۆڵەت بە كارگە پیشەسازییەكان دراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی، زیاتر لە نیوەی ئەو كارگانە داخراون، بەڵام هەوڵ دەدرێت كارگەكان بەگەڕ بخرێنەوە و پشتیوانیی بكرێن، نەك بەرهەمیان تەنیا بۆ ناوخۆ بێت، بەڵكوو بۆ بازاڕەكانی عێراق و دەوروبەریش بێت، بۆ نموونە، یەكێك لەو شانازییانەی دەیكەین ئەوەیە، چیمەنتۆ و شیشی كوردستان بەشی هەموو عێراق دەكات، ئەگەر فراوان بكرێـت، دەكرێت بۆ توركیا و ئێرانیش بڕوات".

 جەختی كردەوە، كوردستان بۆ هەموو پیشەسازییەكان لەبارە، بەڵام پشتیوانیی زیاتری دەوێت، "پشتیوانیی وەكو پێویست لە كەرتی پیشەسازی نەكراوە و دەبێت پشتیوانی زیاتر بكرێت و كارئاسانیی زیاتر بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی دەیەوێت كار بكات بەرچاوی روون بێت و بەرنامەیەكی باش لە لایەن حكوومەت هەبێت بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی لێكردنی".

ئەوەشی روون كردەوە، لە كابینەی نۆیەمدا بیركردنەوەیەكی باش هەیە، بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی پیشەسازی بندرێت، گوتیشی: "ئەوەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی پیشەسازی هەیە شتێكی گرنگە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت ئاستەنگەكانی بەردەم كەرتی پیشەسازی لاببرێن، ئەمەش تەنیا بە وەزارەتی پیشەسازی ناكرێت، بەڵكوو دەبێت هەموو حكوومەت بەشدار بێت، ئەنجومەنی وەزیران بەرنامەی هەیە گرنگیی بە پیشەسازی بدات، ئەوەش بە هەماهەنگیی هەموولایەك دەكرێت، بۆ ئەوەی بگەین بەو ئەنجامەی، كە داوا كراوە".

 باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەیە، كە لەداهاتوودا هەر تەنیا پشت بە نەوت نەبەسترێ، بەڵكوو گرنگی و پەرە بە سێكتەرەكانی دیكە بدرێت، لەوانە كەرتی پیشەسازی و گرنگیی بە كشتوكاڵ و وەبەرهێنانیش ببێتە كاری لەپێشینەی پلانەكانی داهاتووی حكوومەت، گوتی: "كەرتی پیشەسازی یەكێكە لەو كەرتە گرنگانەی، كە زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ بەرجەستەكردنی كەرەستە و پێداویستییەكانی ناوخۆ گرنگیی پێ دەدەن، ئەوەش چ لە رێگەی كەرتی حكوومی، یان لە کەرتی تایبەتدا، لە هەرێمی كوردستان گرنگیی بە كەرتی پیشەسازی دراوە و پێویستیشە زیاتر پەرەی پێ بدرێت". پێی وایە، گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی، پێویستی بە هەماهەنگی و دەستەجەمعیی هەیە، هەروەها پەرەپێدان بە كەرتی پیشەسازی تەنیا بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ناكرێ، بەڵكوو هەماهەنگیی دەوێت بۆ هاندانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران، تا كارگەی پیشەسازی دروست بكەن، وەك لە زۆربەی وڵاتاندا، كاتێك سەرمایەداران مەبەستیان وایە كارگەیەك دروست بكەن، حكوومەت و كەرتی تایبەت و ژوورەكانی بازرگانی، رێگە و كارئاسانی بۆ سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەكەن، وەك پێدانی كارەبا و خزمەتگوزاری و پێدانی زەوی و هاوكاریی باشتر بۆ ئەوەی كاڵاكانی بخاتە بازاڕ و پارێزگارییشی لێ بكات. ئەو دەشڵێت: "هەموو چاوێكمان لەوەیە، كە سەرمایەدارانی ناوخۆ و بیانی بێنە هەرێمی كوردستان و پرۆپۆزەڵیان بهێنن و بەپێی مەرج و رێنماییەكان كارئاسانی و مۆڵەتیان پێ بدەین، تا بتوانن خزمەت و پەرە بە بواری پیشەسازیی بدەن، كردنەوەی كارگە و پرۆژەكانی پیشەسازی، كە جگە لەوەی كەرتی پیشەسازی بەرەوپێش دەبەن، هەروەها هەلی كار و بەرهەمی ناوخۆیی بۆ پێداویستییەكانی ناوخۆ دابین دەکات و ئەگەر توانرا هەناردەش بكات".

دووپاتی كردەوە، نابێت حكوومەت تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت، بەڵكوو كەرتی پیشەسازی وەك لە زۆربەی وڵاتان، كەرتێكی چالاك بێت بۆ دابینكردنی كەرەستەكانی ناوخۆ: "گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی، ئابووریی وڵات دەبووژێنێتەوە و بەرهەمەكانی ناوخۆ دەپارێزێت و ئەو بەرهەمانەی لە كارگەكان بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکەن، توانای بەرهەمهێنانی زیاتر بكەن، كە ئەگەر سەرمایەدار بزانێت توانای بەرهەمهێنانی زیاترە، ئەوکات بەڵکو بتوانین هەناردەی دەرەوەشی بكەین".