ئەمڕۆ هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە

ئەمڕۆ هەشتی مارس، کە لە ڕۆژژمێر و مێژوودا وەک "ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان" ناودێر کراوە، لە هەموو جیهان بۆ ڕێزگرتن لە پێگە و کەسایەتیی ئافرەتان و خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ویست و داخوازییەکان، چالاکیی تایبەت بەڕێوە دەچێت و لەناو نەتەوەی کوردیش ئەم بۆنەیە ساڵانە بە شێوەی جۆراوجۆر و بە شکۆوە یادی دەکرێتەوە.

له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ژنان لە زۆرێک له‌ وڵاتانی پیشەسازی به‌ وەرگرتنی حه‌قده‌ست و مووچەیەکی زۆر که‌م، هه‌روه‌ها به‌بێ هیچ ئاسانکارییه‌ک بۆ پێشکه‌وتنیان هاتنه‌ ناو بازاری کاره‌وه‌، وه‌ها بارودۆخێک بووه‌ هۆی سەرهەڵدانی خەباتی مەدەنی که‌ ژنانی کرێکاریش به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێکخراو جمۆجۆڵ و بزواتێکیان پێک هێنا. خه‌باتی ئه‌وان بوو که‌ بارودۆخه‌که‌ی بۆ پێکهێنانی رۆژی ژن هێنایه‌ ئاراوه‌.

"کلارا زتکین" یه‌کێک له‌ ناسراوترین و پێشەنگانی سوسیالیستی بزووتنهو‌ه‌ی ژنانه‌ که‌ له‌ 5 ژوویه‌ی ساڵی 1857ی زایینی له‌ دێهاتێکی نزیک لایپزیکی ئاڵمانیا له‌دایک بوو. باوکی "گۆتفرێد ئایسله‌ر" مامۆستای دێهاته‌که‌ بوو و دایکیشی "جۆزه‌پینه"‌ بوو که‌ له‌ یه‌که‌مین پێشەنگانی بزووتنه‌وه‌ی فیمینیستیی ئاڵمانیا ناسرابوو.

هه‌ڵبژاردن و دەستنیشانکردنی رۆژی 8ی مارس وه‌ک رۆژی جیهانیی ئافرەتان، به‌ بۆنه‌ی خۆپیشاندانه‌ گه‌وره‌که‌ی ژنانی کرێکاری کارخانه‌ی ڕستن و چنینی نیۆیۆرکی ئه‌مریکا له‌ ساڵی 1857ی زایینی دیاری کراو که‌ به ‌مه‌به‌ستی زیادکردنی حه‌قده‌ست و که‌مکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی کار خۆپیشاندانێکیان وه‌ڕێ خست. له‌م خۆپیشاندانه‌ که‌ له‌گه‌ڵ هێرشی پۆلیس به‌ره‌وڕوو ببوو‌، به‌شێکی هه‌ره‌ زۆری به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌که‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ژماره‌یەکی به‌رچاویش کوژران و بریندار کران.

خه‌باتی ژنانی کارخانه‌ی ڕستن و چنین له‌ ئه‌مریکا، وه‌کوو ڕووداوێکی مێژوویی و گرینگ له‌ مێژووی خه‌باتی مافخوازانه‌ی ژنان به‌گشتی و ژنانی ئازادیخواز به‌ تایبه‌تی دێته‌ ئه‌ژمار.

خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی کرێکاری کارگەی رستن و چنین له‌ ناڕه‌زایه‌تی به ‌دانی ماف و حه‌قده‌ستی یه‌کسان، بارودۆخی ناله‌باری کار و ماوه‌ی زۆریی کاری هاته‌ ئاراوه‌. داخوازیی خۆپیشانده‌ران بریتی بوون له‌ زیادکردنی حه‌قده‌سته‌کان، که‌مکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی کار (10کاتژمێر کار له‌ رۆژدا) ، مافی سازدان و ڕێکخستنی یه‌کیه‌تیی کرێکاران، هه‌روەها به‌ده‌ستهێنانی مافی ده‌نگدان بوو.

له‌ ساڵی 1910ی زایینی له‌ شاری کۆپێنهاگی دانیمارک، دووه‌مین کۆنفرانسی ژنانی سوسیالیست به‌ڕێوه‌ چوو که‌ له‌وێ  "کلارا زتکین" یه‌کێک له‌ ڕێبه‌رانی ناسراوی حزبی سوسیالیستی ئاڵمانیا، له سه‌ر دیاریکرنی رۆژی جیهانی ئافرەتان دوا و پێشنیاری کرد  8ی مارس وه‌کوو رۆژی ئافرەتان بناسرێت. ژنانی نەماسا پێشتر روژی یه‌کی مانگی مه‌یان پێشنیار کردبوو کە یەکی مانگی مه‌ی جێگە و مانایه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو که‌ ده‌یتوانی له‌سه‌ر بزووتنه‌ی ژنان کاریگه‌ری هه‌بێت. ژنانی ئاڵمان رۆژی 19ی مارسیان پێشنیار کرد، پێشنیاری ئه‌م رۆژه‌ خه‌باتی شۆڕشگێرانه‌ له‌ ساڵی 1848 زایینی دژ به‌ رژیمی پاشایه‌تی پرۆس بوو. کلارا رێککەوتنامە پێشنیاره‌که‌ی خۆی بۆ په‌سه‌ندکردنی ئه‌و رۆژه‌ به‌ کۆنفرانسه‌که‌ی پێشکه‌ش کرد. له‌م رێککەوتنامەه‌یدا چوار داخوازی سه‌ره‌کی خسته‌روو که‌ بریتی بوون له‌:

-خه‌بات له‌ پێناو مافی ده‌نگدان

-خه‌بات دژی شه‌ر

-خه‌بات بۆ دابینکردنی مافی دایکان و منداڵان

-خه‌بات دژی گرانی و هه‌ڵاوسان

پێگەی ئافرەت لەناو کورددا

ئافرەت لەناو نەتەوەی کورد هەر لە ڕابردوودا و تەنانەت لە کۆمەڵگەی نەریتیشدا خاوەن پێگە و سەنگی تایبەت بە خۆی بووە و ڕێزی گیراوە، خەبات بۆ یەکسانی و بەرانبەری لەناو شۆڕشەکانی کورد و لە چوارچێوەی خەباتی نەتەوەییدا بە جوانی ڕەنگی داوەتەوە.

لە مێژووی سیاسی و فەرهەنگیی نەتەوەی کورد بە سەدان ژنی چالاک لە بواری ئەدەبی و کۆمەڵایەتیدا لە قۆناغە جیاجیاکاندا هەبوون و لە بەرەپیشبردنی خەباتی کورددا دەوریان گێڕاوە، لەناو بزووتنەوەی سیاسیی هەموو پارچەکانی کوردستاندا ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا دەوریان هەبووە و شانبەشانی پیاوان خەباتیان بۆ ئازادی کردووە و بە سەدان ئافرەت و کچی بوێر لەپێناو بیروباوەڕدا شەهید بوون.

لە ژنانی ناوداری کورد دەتوانین ئاماژە بەم کەسانە بکەین: حەپسەخانی نەقیب، دایە تەورێز، لێزا خانمی جاف، دایە ڕەزباد، دوغدو (دایکی پێغەمبەری زەردەشت) مەستوورەی ئەردەڵان، لەیلا زانا، خەجە باوە، لەیلا قاسم و دەیان ژنە چالاکی دیکە

پاش ڕاپەڕینی بەشکۆی ١٩٩١ی باشووری کوردستان و دوای پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەیان رێکخراوی تایبەت بە ئافرەتان پێکهات و بزووتنەوە و خەباتی یەکسانیخوازی پێی نایە قۆناغێکی نوێوە و ژنان بە شێوەیەکی فراوان هاتنە ناو کاری سیاسی و لەناو کابینە جیاجیاکاندا وەک پلەی وەزیر و سەرۆکی پەرلەمان دەورویان گێڕاوە و خاوەن پێگەی شایستەن.