بەرهەمی كولتوورێكی باڵای پێكەوەژیان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 07/03/2021

بەرهەمی كولتوورێكی باڵای پێكەوەژیان

لەنێو ئەم دۆزەخەی ساڵانێكە لە لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئەم ناوچەیەی ئێمەدا بۆ پێكهاتە جیاوازەكان ئارا بووە، لەنێو ئەم توندوتیژییە مەزهەبی و ئایینییە خوێناویەدا، هەرێمی كوردستان وێڕای دەیان قەیران و كێشەی سیاسی و ئابووری و تەگەرە و لەمپەر لەبەردەمیدا، بوو بە ئارامترین پەناگە، نەك هەر بۆ كریستیانان، بەڵكوو بۆ هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبیەكان.

ئەمەی لە كوردستان دەگوزەرێ، نە سیاسەتە و نە دیبلۆماسیەتە و نە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان یان بەرژوەندیی حزب و حكوومەت و پێگەی سەركردەیەكە، بەڵكوو پەیوەندیی بە كولتوورێكەوە هەیە كە رەگوڕیشەی لەم ناوچەیەدا بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ئەو كولتوورە باڵایە، كولتووری رەسەنی خاكی ئارییان و زاگرۆسنشینانە، كولتووری ئاشتی و ژینگەدۆستی و مرۆڤدۆستی و یەكتر قبووڵكردن و خوێن نەڕشتنە، كولتووری رێزگرتنە لە یەزدانی خالق و لە خاك و ئاو و هەوا و ئاگر و هەموو ئافرێنراوەكان، كولتووری نەوازش نواندنە بۆ هەموو توخمەكانی ژیانی مرۆڤایەتی و رووەك و بوونەوەرەكانی دی، كولتووری ئەندێشەی باش و ئاخاوتنی باش و رەفتاری باشە، كولتووری هۆزەیلی چیای زاگرۆس و دامێنی ئەو چیایەیە كە لەنێوان دوو رووباردا تا خواری خوارەوە، بەدریژایی مێژوو شارستانیەتی جیاجیای بەڕێ كردووە، كولتووری رەسەنی باوانی كورد و كوردستانیانە.

ئەم كولتوورە ژیاندۆستە وەك داربەڕووێیكی بەتەمەنی قەد ئەستوور، بەدرێژایی ئەم هەزاران ساڵە لەم خاكەدا، بەهۆی داگیركارییە جیاوازەكانی سوپا بێگانەكانەوە، بەهۆی دڕندەیی چەكدارانی ئەو سوپایانەوە، گەلێ جار لێرەو لەوێ زیانی پێ گەیشتووە، بریندار كراوە، خوێنی لێ رژاوە، چڵێك دوو چڵی لێ وشك بووە، ناو بەناو هەورەبرووسكە لێی داوە و لقێك دووانی لێ سووتاوە، لێ هەرگیز رەگە قووڵەكانی وشك نەبوون و هەمیشە سەوز بوونەتەوە.

هەر ئایینێك، هەر رێباز و ئایینزایەك لەسەر خاكی كوردستان بڵاو بووبێتەوە، هەر بە كاریگەریی ئەو كولتوورە رەسەن و باڵایە، خەڵكی كوردستان نەرمترین و پاكژترین رێگەی ئایینداری و باوەڕدارییەكەیان گرتووەتە بەر، ئەوە بۆیە توندڕۆیی ئایینی هیچ بەختێكی چەكەرەكردنی لەنێو ئەم خاكەدا نیە، ئەوە بۆیە هەر پیاوێكی ئایینی هەر بانگەشەخوازێك، هەر گرووپێكی سیاسیی ئایینی، جا سەر بە هەر ئایین و ئایینزایەك بووبێت، دەمێ هەوڵی داوە لە كوردستاندا توندڕەوانە بانگەشە بكات، یاخود بانگەشە بۆ توندڕەویی ئایینی و مەزهەبی بكات، پاش دەمێكی كورت ئیدی وەك شێرەبەفرینەیەك لەبەر تین و تاوی خۆری هەقیقەتی كولتووری رەسەنی كوردستانی، تواوەتەوە. و بووەتە هەڵم.

رێبەر و سەركردەكانی كورد، لە شێخانی بارزانەوە تا مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆك مەسعود بارزانی، گۆشكراو و نەوەی ئەو كولتوورە باڵایەن، بۆیە سەردەمانێك كە لە توركیا ئەرمەن كۆمەڵكوژ دەكران، شیخانی بارزان هاوكاریی ئەرمەنەكانیان دەكرد و بەهانایانەوە چوون، بۆیە لە ناوچەكانی قەڵمڕەوی ئەواندا، موسڵمانی سوننە و شیعە، كریستیان و ئێزدی و كاكەیی و تەنانەت ئەندامانی نەتەوە غەیرە كوردەكانیش، هەموان ئەندامی رێزلێگیراوی كۆمەڵگەی كوردستانی بوون، هەموان جەنگاوەر و پێشمەرگەی رێگای ئازادیی كوردستان بوون.

ئەمڕۆ كە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوین، گەورەترین سرووت و نوێژی بەكۆمەڵی كریستیانان بە سەرپەرشتیی پاپای ڤاتیكان لە یاریگای فرەنسۆ هەریری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، ئەمڕۆ كە چاوی هەموو میدیاكانی جیهان لەسەر هەولێر بوو، ئەمڕۆ كە هەموان پەسنی كوردستانیان كرد وەك تاقانەترین مەڵبەندی پێكەوەژیانی ئایینی و لێبووردەیی لەم ناوچەیە، دیسان بەرهەمی ئەو كولتوورە باڵایەیە كە هەزاران ساڵە لە كوردستان رەگوڕیشەی داكوتیوە. من لە نووسینی ئەم وتارەدا چاوم لە وەدیهاتنی هیچ خەون و ئامانجێكی سیاسی نیە بۆ نەتەوەكەم دوای سەردانی پاپای ڤاتیكان، لێ ئەمڕۆ زۆر سەربەرز و سەرفراز و خۆشحاڵ بووم كە كوردم و خەڵكی كوردستانم... تا خاوەنی ئەم كولتوورە باڵایە بین، ئێمە دەمێنینەوە، چونكە ئێمە بە بەرگری لەم كولتووەرە و بە میهرەبانی دەچینە مێژووەوە.